کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاڵمان باڵیۆزی ئێرانی بانگهێشت کرد

12:06 - 2 خاکەلێوه 2724

ئاژانسێکی هەواڵدەریی فەرانسە ڕۆژی چوارشەممە ١ی خاکەکێوە لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند، وەزارەتی دەرەوەی ئاڵمان باڵیۆزی ڕێژیمی ئێرانی بەهۆی ئەوەی کە لە ساڵی ٢٠٢٢ لەلایەن کەسێکی سەر بە ڕێژیمی ئێرانەوە هەوڵی ئاگرتێبەردانی کەنیسەیەکی جوولەکەکانی دابوو بانگهێشت کرد.

ئاڵمان پێی وایە ئەم هێرشە بە هاوکاریی تاران پیلانی بۆ داڕێژراوە.

لە چەند مانگی ڕابردوودا ئەو کەسە کە ناسنامەی ئاڵمانی-ئێرانی هەیە بە تۆمەتی پلاندانان بۆ هێرشکردنە سەر کەنیسەیەک لە شاری بۆخوم لە ڕۆژاوای ئاڵمان، بە دوو ساڵ و نۆ مانگ زیندان سزا درا.

کەسەکە تەمەنی ٣٦ ساڵە و لەلایەن میدیاکانەوە بە "بابەک.ج" ناسراوە. ناوبراو بەنیاز بووە ئاگر لە کەنیسەک بەر بدات، بەڵام لە کۆتاییدا ئەو تەقەمەنیانەی کە پێی بووە بەرەو بینای قوتابخانەیەک فڕێی داوە و لەم ڕووداوەدا کەس بریندار نەبووە.

وەزارەتی دەرەوەی ئاڵمان ڕۆژی چوارشەممە پەیامێکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، دوای وەرگرتنی پاساوی نووسراوی دادگاکە، جارێکی دیکە باڵیۆزی ڕێژیمی ئێرانی بانگهێشت کردووە.

لە درێژەی ئەو پەیامە ئاماژە بەوە کراوە کە دەستبەجێ لەگەڵ هاوپەیمانەکانمان و دامەزراوەکانی یەکیەتیی ئەورووپا ئەم بابەتە تاوتوێ دەکەین و هەنگاوەکانی داهاتووش لەبەرچاو دەگرین.

پێشتر ئاڵمان لە ٢٨ی سەرماوەزی ساڵی ڕابردوودا ڕایگەیاند کە بە هۆی دەستێدابوونی دامودەزگاکانی ڕێژیمی ئێران لە پیلانی ئاگرتێبەردانی کەنیسەیەک لە شاری بۆخوم، بەرپرسی کاروباری ئێرانی لە بێرلینی بانگهێشت کردووە.

بانگهێشتکردنی بەرپرسی کاروباری ئێران لەو کاتەدا بە بڕیاری دادگای دوسلدۆرف بوو کە ڕایگەیاندبوو کە هێرشەکە بە هاوکاریی لایەنە پێوەندیدارەکانی ڕێژیمی ئێران پلانی بۆ دانراوە.

وەزارەتی دەرەوەی ئێران بڕیاری دادگای باڵای دوسلدۆرفی لە مانگی سەرماوەزی ڕابردوودا بە "بێ بنەما" زانیبوو و بانگهێشتکردنی باڵیۆزی وڵاتەکەی لە ئاڵمان بە کارێکی خراپ ناو بردبوو.