کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پاش مردنی خامنەیی پێداچوونەوە بە سیاسەتەکانی ڕێژیمدا ناکرێ

13:01 - 2 خاکەلێوه 2724

دامەزراوەی "بێرتێڵزمان" لە ڕاپۆڕتی "پێوەری دێموکراسی ٢٠٢٤"ی خۆیدا هێناویەتی کە لە پاش مردنی خامنەیی، دوورەدیمەنی پێداچوونەوەی بنەڕەتی بە سیاسەتەکانی ئابووری، کۆمەڵایەتی و دەرەوەی کۆماری ئیسلامی، ڕێگە پێنەدراوە.

ئەم دامەزراوە ئاڵمانییە لە لێکۆڵینەوەیەکی هەمەلایەنەدا پشتڕاستی کردووەتەوە کە چارەنووس w داهاتووی ئێران لە قۆناغی ئێستادا لە گرەوی دوو فاکتەردایە.

یەکەمیان چارەنووسی خۆپیشاندانەکانی ساڵی ١٤٠١ کە بە بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی" دەناسرێت و دووهەمیشیان بابەتی جێنشینیی عەلی خامەنەیی، ڕێبەری ڕێژیمە کە لە ماوەی ڕابردوودا لە نێوخۆی ڕێژیمدا باسی لێ کراوە.

لێکۆڵەرانی ئەم دامەزراوەیە لەسەر ئەو باوەڕەن کە خامنەیی تەمەن ٨٥ ساڵ لە کۆتاییەکانی ژیانی خۆیدایە و ڕێژیم بەم زووانە پێویستی بە ڕێبەرێکی دیکە دەبێت و تا ئێستەش هیچ جێگرەوەیەک دیاری نەکراوە.

نووسەرانی ڕاپۆڕتەکە لەو بڕوایەدان کە دوورەدیمەنی چاکسازیی سیاسی و ئابووری لە ئێران ڕەش و ناڕوونە و بە بێ گوشاری نێوخۆیی و دەرەکی ڕوو نادات.

لە درێژەی ڕاپۆڕتەکەدا بە ئاماژەدان بە دەسەڵاتی سپای پاسداران لە نێوخۆی ڕێژیمدا هاتووە کە لە ئێستەدا سپای پاسداران دەتوانێت دەسەڵاتی خۆی بە سەر هەموو لایەنەکانی دیکەدا بڵاو بکاتەوە و ئیدۆلۆژیی ڕێژیم لە ئیسلامیزمەوە بۆ ناسیۆنالیزم بگۆڕێت.

 

لە بەشێکی دیکەی لێکۆڵینەوەکەدا، بەپێی پێوەری ئالوگۆڕیی سیاسی و ئابووری و هەروەها ئاڵوگۆڕیی حوکمڕانی لە ئێراندا، بارودۆخی ئێران لە نیوەی دووهەمی سەرۆککۆماریی ئیبراهیم ڕەئیسی، خراپتر لە ڕابردوو لە قەڵەم دراوە.

 

بەپێی ئەم ڕاپۆڕتە ئێران لە ئێستادا بەرەوڕووی کێشەی قورسی ئابووری بووەتەوە و خۆپیشاندانە شۆڕشگێڕانەکان لە سەرانسەری وڵاتدا بووەتە ململانێیەکی گەورە بۆ ڕێژیم و لە ئاستی نێودەوڵەتیدا گوشاری خستووەتە سەر.

 

لە درێژەی ئەم بەشەی ڕاپۆڕتەکەدا بە ئاماژەدان بە بزووتنەوەی سەرانسەریی "ژن، ژیان، ئازادی" هاتووە کە ئەگەری هەیە شەپۆلێکی دیکە لە ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەکان ڕووو بدات، چوونکە حکوومەت لە دابینکردنی پێداویستییەکانی کۆمەڵگە، بەتایبەتی پێداویستییە ئابوورییەکانی ماوەتەوە.

 

ڕاپۆڕتەکە زیادی کردووە کە ڕێژیم پەرەی داوە بە هەوڵە توندوتیژەکانی لە نێوخۆدا چوونکە کۆمەڵگە لە پاش بزووتنەوەی ژینادا چووەتە نێو ڕەوتێکی شۆڕشگێرانەوە و بۆشاییەکی زۆری لە نێوان خەڵک و ڕێژیمدا دروست کردووە.

 

شایانی باسە کە لە بەشی هەڵسەنگاندنی دێموکراسی لە وڵاتاندا، دامەزراوەیە بێرتێڵزمان وڵاتی ئێرانی خستووەتە پلەی ١٢٦ لە نێوان ١٣٧ وڵاتی جیهاندا.