کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەمریکا چەند تۆڕی تەداروکاتیی سپای پاسداران و کەرەستەی مووشەکیی ئێرانی تەحریم کرد

13:03 - 2 خاکەلێوه 2724

نووسینگەی کۆنتڕۆڵکردنی داراییە دەرەکییەکانی سەر بە وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا ڕایگەیاند، سێ تۆڕی تەداروکات لە چوار وڵاتی ئێران، تورکیە، عومان و ئاڵمان، کە پاڵپشتییان لە بەرنامەی مووشەکی بالیستیک، ناوکی و بەرگریی کۆماری ئیسلامیی ئێران کردووە، سزا داوە .

وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا ڕۆژی چوارشەممە ١ی خاکەلێوەی ١٤٠٣ لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە ئەم تۆڕانە فیبری کەربۆنی و ڕزین ئیپۆکسی و کەرەستەی دیکە دابین دەکەن کە دەتوانرێت لە بەرنامەی مووشەکیدا بۆ ڕێکخراوی جیهادی خودکەفایی فڕۆکەوانیی سپای پاسداران، هێز و وەزارەتی بەرگری و پاڵپشتیی هێزە چەکدارەکان و ناوەندە پێوەندیدارەکانی دیکە کەڵکی لێ وەربگیرێت.

ئەو تۆڕە تەداروکاتییانە هەروەها پەیوەندییان لەگەڵ تێکنۆلۆژی سانتریفیوژی ئێران هەبووە کە سەر بە ڕێکخراوی وزەی ناوکیی ئێرانە.

لەم بەیاننامەیەدا، برایان نێلسۆن، جێگری وەزیری خەزێنەداریی ئەمریکا لە کاروباری تێرۆر و هەواڵگری دارایی ڕایگەیاندووە کە ڕێژیمی ئێران بە دوای دابینکردنی سیستمی چەک بۆ گرووپە خراپکارەکان لە سەراسەری جیهان لە ڕێگەی تۆڕە ئاڵۆز و نهێنییەکانە، کە ململانێیەکان پەرە پێدەدات  و ژیانی ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکە مەدەنییەکان دەخاتە مەترسییەوە.