کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەسبەسەرکردنی بەرپرسێکی باڵای حەماس لە نەخۆشخانەی شەفا لەلایەن ئیسرائیڵەوە

13:05 - 2 خاکەلێوه 2724

ئەرتەشی ئیسرائیل ڕایگەیاندووە کە لە کاتی هێرش بۆ سەر نەخۆشخانەی شەفای غەززە، ئەندامێکی باڵای گرووپی حەماسی دەسبەسەر کردووە.

بەپێی ڕاپۆڕتی ئەرتەشی ئیسرائیل ڕۆژی چوارشەممە ١ی خاکەلێوە هێزەکانی ئیسرائیل بە هاوکاریی ئاژانسی هەواڵگریی ئەو وڵاتە ئەندامێکی باڵای حەماسیان بە ناوی "مەحموود قواسەمە" لە نەخۆشخانەی شەفای غەززە دەسبەسەر کردووە.

قواسەمە لە ڕفاندن و کوشتنی ٣ مێرمنداڵی ئیسرائیلی لە ساڵی ٢٠١٤ی زاینییدا دەستی هەبووە.

مەحموود قواسەمە ساڵی ٢٠١١ی زایینی لە ڕەوتی ئاڵوگۆڕی ژمارەیەک بەندکراوی فەلەستینی لەگەڵ سەربازێکی ئیسرائیلی بە ناوی "گیلعاد شەلیت" کە ساڵی ٢٠٠٦ لەلایەن حەماسەوە ڕفێندرابوو، ئازاد کرابوو.

ئەرتەشی ئیسرائیل ڕایگەیاندووە کە قەواسەمە دەستی لە چەند هێرشی دیکە لە ساڵانی ڕابردوودا هەبووە.

هەر لەم پێوەندییەدا ئەرتەش ڕایگەیاندووە کە لە هێرشەکەی بۆ سەر نەخۆشخانەی شەفا ٩٠ چەکداری گرووپی حەماسی کوشتووە کە لەوێدا خۆیان حەشار دابوو.

هێزەکانی ئیسرائیل ڕۆژی دووشەممە ٢٨ی ڕەشەمە بە هۆی کەڵکوەرگرتنی چەکدارانی حەماس لەو نەخۆشخانەیە، هێرشیان کردووەتە سەری و ڕایانگەیاندووە کە پاش ٣ ڕۆژ بەردەوامبوون، نەیانهێشتووە کەسانی مەدەنی لەو هێرشانەدا زیانیان بەرکەوێت.