کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەولەوی عەبدولحەمید، چاوەڕێی دەنگی کۆتایی سەبارەت بە هەینیی خوێناویی زاهیدانە

12:48 - 8 خاکەلێوه 2724

پێشنوێژی هەینیی مزگەوتی مەکیی زاهیدان، بە ئاماژەدان بەوەی کە قوربانییانی "هەینیی خوێناوی" لەم شارەدا بەبێ هیچ تاوانێک کوژراون، وتوویەتی، کە چاوەڕێی بڕیاری کۆتایی سەبارەت بەو کوشتارەیە.

ڕۆژی سێشەممە ٧ خاکەلێوە، مەولانا عەبدولحەمید، کەسایەتیی ئایینی و پێشنوێژی هەینیی مزگەوتی مەکیی زاهیدان، بە ڕەخنەگرتنی توند لە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران وتی: کەس بیری لەوە نەدەکردەوە کە وەها دڕندەیی ڕوو دەدات کە هاونیشتمانەکەمان و کەسێک کە مووچە لە بەیتولماڵەوە وەردەگرێت، وەها دڕندەیی ئەنجام بدات یان فەرمانێکی وا بە کەسانی دیکە بدات.

ناوبراو لە دیدارێکدا لەگەڵ بریندارەکان و کەسوکاری ئەو کەسانەی لە "هەینییە خوێناوییەکانی زاهیدان و خاش"دا شەهید کران، زیادی کرد: ئەم دڕندەییە لەگەڵ بنەماکانی خزمایەتی و پێوەرە ئیسلامی و مرۆییەکان یەک ناگرێتەوە.

لە ٨ ڕەزبەری ١٤٠١دا، بە تەقەکردنی هێزەکانی ڕێژیم لەو کەسانەی کە بەنیازبوون کۆبوونەوەی ناڕەزاییەتی لە دوای نوێژی هەینیی زاهیدان بەڕێوە بەرن، ژمارەیەک کوژران کە سەرچاوەکانی مافی مرۆڤ  ئامارەکەیان زیاتر لە ١٠٠ کەس ڕاگەیاندووە.

لە خۆپیشاندانەکانی دیکەدا کە ڕۆژی هەینی ١٣ خەزەڵوەری ١٤٠١ لە شاری خاش بەڕێوەچوو، ١٦ کەس کوژران.

مەولەوی عەبدولحەمید چەندین جار داوای لێپێچینەوە لە ئەنجامدەران و فەرماندەکانی ئەم کۆمەڵکوژییە کردووە.