کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مستەفا مەولوودی: خەڵکی کوردستان بە بڕوابەخۆبوونەوە بۆ دامەزراندنەوەی کۆماری کوردستان تێدەکۆشن

15:22 - 5 رێبەندان 2720

لە بەرەبەری ٢ی ڕێبەندان، ٧٥ ساڵەی دامەزرانی کۆماری کوردستان‌دا، "کوردستان" دیمانەیەکی لەگەڵ کاک مستەفا مەولوودی، جێگری سکرتێری گشتیی حیزب پێک‌هێناوە. لەو دیمانەیەدا پرسی گۆڕانکارییە سیاسییەکان لە ئێران و ناوچە، خەڵک و دەسەڵات لە ئێران و پرسی خەبات و هاوخەباتیی کورد و هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان تەوەری سەرەکیی ئەم دیمانەیە بوون:   کاک مستەفا لە دەربیجەی گۆڕانکارییەکان لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستەوە دەست پێ دەکەین. بارودۆخەکە چۆنە؟ لە ئێران، نێوان خەڵک و حاکمییەت چۆن دەبینن؟ ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەردەوام لە ئاڵوگۆڕ و گۆڕانکاری‌دایە. لەبەر ئەوەی پرسە جۆراوجۆر چارەسەرنەکراوەکانی ناوچە دەخوازێ گۆڕانکاریی بەردەوام ڕوو بدەن، چونکی زۆر لە دەوڵەتانی زاڵ لە ناوچە بەتایبەت لە ئێران،‌ دەوڵەتی دێموکراتیک و خەڵکی نین. بۆیەش خەڵک هەوڵ دەدا  نیزامێک بێتە سەر کار کە دێموکراتیک و خەڵکی بێ، وەڵامدەر بێ. خەڵک هەوڵ دەدا ژیان و گوزەرانی خۆشتر بێ، بەڵام لە ئێران حکوومەتی کۆماری ئیسلامی بە زەبروزەنگ بەرهەڵستی خەڵک و مافەکانیان بۆتەوە. خەڵکی هەر وڵاتێک خۆشەویستیی بۆ خاک و وڵاتەکەی هەیە و پێی خۆشە نیشتمانەکەی ئاوەدان بێ، پێوەندیی دروست، بنیاتنەر و سەقامگیری لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بێ. بەڵام لەوەشدا دەبینین کە کۆماری ئیسلامی ئاسوودەیی لە خەڵک هەڵگرتووە و ئێران بە هۆی سیاسەتە چەوتەکانی کۆماری ئیسلامییەوە وەک "عونسوری نامەتلوب" لە هاوکێشە سیاسییە جیهانییەکان‌دا سەیر دەکرێ. بۆیە خەڵکی وڵات ئاڵوگۆڕی دەوێ و بۆ دابین‌‌کردنی دێموکراسی و مافە سیاسی و مەدەنی و کۆمەڵایەتییەکانی لە تێکۆشانی بەردەوام‌دایە. لە لایەکی دیکەوە سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی مەترسیی بۆ سەر زۆر وڵاتی ناوچە دروست کردوە، لەم ڕووەوە گۆڕانکارییەکان لە ئێران و ناوچە شوێنی ڕاستەوخۆ لەسەر یەکتر دادەنێن.   کاک مستەفا لە ڕۆژەکانی کۆتایی دەسەڵاتی تڕامپ‌دا دەبینین سیاسەتی ئەوپەڕی زەخت و سەپاندنی گەمارۆی نوی بە دژی ئێران درێژەی هەیە. شوێن‌دانانی ئەم گەمارۆیانە لەسەر بڕیارەکانی کۆماری ئیسلامی و هەروەها بارودۆخی خەڵک چۆن هەڵدەسەنگێنی؟ گەمارۆکانی ئەمریکا لەسەر کۆماری ئیسلامی سروشتییە کاریگەریی خۆی لەسەر بڕیارەکانی ڕێژیم هەبووە. ئەم گەمارۆیانە تا ڕادەیەک دەستی کۆماری ئیسلامیی لە پڕۆژە ئەمنیەتییەکانی و تەڕاتێن و دەستێوەردان لە کاروباری وڵاتانی ناوچە کورت کردۆتەوە، بەڵام هاوکات شێوەی مودیرییەتی گەمارۆکان لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە کە ئامرازەکانی کۆنتڕۆڵی خەڵکی بەدەستەوەیە، وای‌کردووە کە دووکەڵی گەمارۆکان پتر بچێتە چاوی خەڵکی وڵاتەوە. ئێمە بینیمان لە دۆخی گەمارۆکانیش‌دا بەشی زۆری بودجە و ئیمکاناتی وڵات هەر بۆ دامەزراوە ئەمنیەتی و سەربازی و حکوومەتییەکان بوو. بە دەربڕینێکی دی ڕاستە ئەو گوشارەی گەمارۆکانی ئەمریکا کاریگەریی لەسەر سیاسەتەکانی ڕێژیم لە ناوچە و ئابووریی وڵات و ئاست و بڕی داهاتی ڕێژیم هەبووە، بەڵام حکوومەتی ئێران جۆرێک جووڵاوەتەوە کە زیانەکە زۆرتر بە سەر خەڵک‌دا بشکێتەوە. هەڵبەت هەر ئەو بارودۆخەش کەلێنی نێوان خەڵک و حاکمییەتی زیاتر کردووە و وەک دەبینین شەپۆلی نوێی ناڕەزایەتییەکان لە ئێران بەدژی دەوڵەت و دەسەڵات دەستی پێ کردووەتەوە.   کێ براوەیە؟ ئایا کۆماری ئیسلامی پاشەکشە دەکا؟ خەڵک بەسەر ئەو بارودۆخەدا زاڵ دەبن؟ خەڵکی ئیران خەڵکێکی زیندووە، خەڵکێکی چالاک و ماف‌ویستە، خەڵکێکە لە وەختی خۆی‌دا گەورەترین شۆڕشی کردووە، بۆیە ئەم خەڵکە فەرهەنگ و پاشخانێکی دەوڵەمەندی لە خەبات و مافخوازی‌دا هەیە. بۆیە ئەمن پێم‌وایە داهاتووی ئێران بۆ ئازادیی خەڵک و دابین‌بوونی دێموکراسییە. کات بۆ ئەوە دیاری ناکەین، بەڵام ئەو دەسەڵاتە سیاسییە ناتوانێ هەتا سەر بەو ئەقڵییەتە و بە خەیاڵی ئاسوودە بەسەر خەڵکی ئێران‌دا حکوومەت بکا. خەڵکی ئێرانیش توانا و تەحەممولی ئەوەی نییە بەرگەی ئەو هەموو فشار و بەش‌مەینەتییانە بگرێ. بۆیە پێم‌وایە ململانێی نەبڕاوەی نێوان حکوومەت و خەڵکی ئێران دواجار بە قازانجی خەڵک دەشکێتەوە.   خەڵکی کوردستان لە کوێی ئەم ململانێیەدان؟ ئێمە پێمان‌وایە پێوەندیی خەڵکی ئێران و کوردستان بەیەکەوە گرێ‌دراوە. بۆیە هەر گۆڕانکارییەکی سیاسیش لە ئێران‌دا ڕوو بدا، کاریگەریی لەسەر خەڵکی کوردستانیش هەیە. سرووشتییە ئەگەر خەڵکی ئێران مەسەلەی دێموکراسییان بۆ گرینگە، مافی هاووڵاتییان بە لاوە باسە، پرسی هاوبەشی لە حکوومەتی دێموکراتیک و ئازادیان بۆ گرینگە، بایەخ بە دەسەڵاتی نەتەوەیی و خۆبەڕێوەبەری دەدەن، دەبێ کوردستان ببینن کە لە چل ساڵی ڕابردوودا بۆ ئەو ئامانجانە لە خەبات‌دا بووە. خەبات و تێکۆشان لە کوردستان لە پێناو ئازادی و دەستەبەری مافە سیاسی، نەتەوەیی، مەدەنی، ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان نهادینە بووە و هەموو ئەوانەی ئاگاداری ڕەوشی سیاسیی ئێرانن، دەزانن کە پرسی سیاسی لە کوردستان زۆر لەپێشە. خەڵکی کوردستان سیاسیترە، حیزب و ڕێکخراوی سیاسیی بەڕابردوو و ئامادە لە مەیدانی هەیە. بۆیە لەم بارەیەشەوە لام وایە ئەو ئامادەییە لە خەڵکی کوردستان‌دا هەیە کە لە ئەگەری هەر گۆڕانکارییەک‌دا بتوانێ دەور و ڕۆڵی سەرەکیی خۆی بگێڕێ و خاوەنداری لە پرس و مافە ڕەواکانی بکا.   ئەوەی کە جەنابت دەفەرمووی دەخوازێ حیزبە کوردییەکان زیاتر یەکگرتوو بن و پێکەوە هەماهەنگی زیاتریان هەبێ؟ بێ‌گومان حیزبی سیاسی کاریگەریی زۆری لەسەر بردنە پێشی بزووتنەوەی جۆراوجۆری کۆمەڵایەتیی و سیاسی لەهەر وڵاتێک‌دا هەیە. بۆیە، یەکەم ئێمە بایەخ بە تێکۆشانی حیزبی لە پرۆسەی سیاسیی کوردستان‌‌دا دەدەین و لامان وایە کە حیزبەکان لە کوردستان دەسکەوتی گرینگیان بۆ بزووتنەوەی کورد دەستەبەر کردووە دوویەم، ئێستا وا نییە بڵێی لە کوردستان یەک حیزبی سیاسی بە تاقی تەنیا بتوانێ هەموو یان زۆربەی هەرە زۆری خەڵک لەگەڵ خۆی بخا. بۆیە کارەکە دەبێ کاری هاوبەش،  بەگرووپ و بەیەکەوە بێ. بزووتنەوەی کورد لەو پێوەندییەدا ئەزموونی خۆش و ناخۆشی هەیە کە ئەو ئەزموونە ناخۆشانە دەبێ ببێتە دەرس و دووپات نەبێتەوە. ئەزموونی باش و بەنرخیشمان هەیە لە بەیەکەوە کار کردن کە دەبێ زیاتر پەرەیان پێ بدەین بۆوەی ناوەندێکی سیاسیی قەرار و بڕیار لە کوردستان‌دا دروست ببێ. لە ئێستادا ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستان بۆ ئەو مەبەستە دەتوانێ چەترێکی باش بێ، بەڵام ناوەندی هاوکاری بۆوەی وەڵامدەری ئەرکەکانی داهاتوو و چاوەڕوانیی گشتییەکە بێ، دەبێ زۆرتر کار بکا و پڕۆژەی مەیدانیی پتری هەبن.   کە باس لە هاوپێوەندیی حیزبەکان لە کوردستانی ئێران دەکرێ چاوەکان زیاتر دەچنە سەر حیزبی دێموکرات کە بەداخەوە ئێستا دوو بەشە. ئایا بەمجۆرە دەکرێ لەو ئامانجانە نیزیک ببینەوە؟ ئەوەی کە خەڵکی خەڵکی کوردستان بەگشتی چاویان بەسەر حیزبی دێموکراتەوە هەیە، یان چاوەڕوانییان لە حیزبی دێموکرات هەیە، تەواو بەجێیە. چونکە ئەو حیزبە مێژووییەکی پڕشنگداری لە پێک‌هێنانی حکوومەت و ئیدارەکردنی وڵات‌دا هەیە. خەباتێکی فرەڕەهەندی بۆ دەستەبەری ماف و ئازادییەکانی خەڵکی کوردستان بەڕێوە بردووە، خوێنی لەبەر ڕۆیشتووە، بەرگریی قارەمانانەی لە خەڵک و دەسکەوتی خەباتی نەتەوەی کورد لە ئێران کردووە و هەموو ئامرازێکی بۆ دەستەبەری مافەکانی کورد لە ئێران دەکار کردووە. یانی دەکرێ بڵێین مێژووی حیزبی دێموکراتی کوردستان ئاوێنەی باڵانوێنی مێژووی خەڵکی کوردستانە لە کوردستانی ئێران لە ماوەی ئەو حەفتاو پێنج ساڵەدا. بۆیە ئەو چاوەڕوانییەی خەڵکی کوردستان لە حیزبی دێموکراتی کوردستان بە ڕەوا دەبینم و هیوادارم هەر دوو بەشی حیزبی دێموکرات بە لەبەرچاوگرتنی ئەو مێژووە و ئەو چاوەڕوانییەی کە خەڵک لێیان هەیە و ئەو کاریگەرییەی کە بەیەکەوە دەتوانن لەسەر تەواوی پرسەکانی گەلی کورد هەیانبێ، زووتر ڕیزەکانی خۆیان یەک بخەنەوە.   کاک مستەفا هەڵسەنگاندنی گشتیی بەڕێزتان لە دۆخی بزووتنەوەی کورد و پرسی مافەکانی کورد لە ئێران لە بەستێنی گۆڕانکارییەکانی ئێستا چییە؟ واقعییەت ئەمەیە کە پرسی سیاسیی ئێمە لە ئێرانە. یانی پێوەندیی دەوڵەتی، پێوەندیی کیشوەری، پێوەندیی قانوونی و پێوەندیی کولتووری و فەرهەنگی و مێژوویی و... خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەگەڵ ئێرانە. کەوابوو حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەبێ هەوڵ بدەن لەگەڵ خەڵکی ئێران و جۆراوجۆرییەکانی ئەم وڵاتە، لەگەڵ خەڵکی سیاسی ئێران و لەگەڵ ئەو کەسانەی دڵیان بۆ ئێرانێکی دێموکراتیک لێ دەدا لەسەر خەت بێ و کار بکا، تەفاهومێک دروست بکا کە لە داهاتووی دروست‌کردنەوەی ئێرانێکی دێموکرات‌دا لە بەرژەوەندیی هەم خەڵکی کوردستان و هەم خەڵکانی ئێران‌دا بێ. دووهەم، حیزبی دێموکراتی کوردستان ئەگەر بڵێین یەکێک لە حیزبە هەرە دیارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، بەڵام بە تاقی تەنیا ناتوانێ ئەو بزووتنەوە بەربڵاوە بەو هەموو ئەرک و بەرپرسایەتییە لە حەوزەکانی کۆمەڵایەتی، سیاسی، نێونەتەوەیی، ئەرکەکانی هێزی پێشمەرگە ڕێبەری بکا. بۆیە حیزبی دێموکرات و هێزەکانی دیکەی کوردستان دەبی هەوڵ بدەن لە پلاتفۆرمێکی هاوبەش‌دا ئادرەسێکی ڕوون بۆ بزووتنەوەی کورد دروست بکەن و هەل و دەرفەتەکان لە گۆڕانکارییەکانی ئێران‌دا بقۆزنەوە. نەمر دوکتۆر قاسملوو زۆر جار دەیفەرموو: "دەرفەت گرینگە، جاری وایە نەتەوەیەک ئەگەر دروست لە دەرفەتێک کەڵک وەرگرێ، سەد ساڵ دەتوانێ بچێتە پێشێ و بەپێچەوانە ئەگەر دروست کەڵکی لێ وەرنەگرێ سەد ساڵ دەچێتەوە دوایە". کەڵک‌وەرگرتن لە دەرفەتیش بە پڕۆژە و بە بەرنامە دەبێ. لە هەمووی گرینگتر بەپێی ئەزموونێک کە گەلی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستان هەیەتی، لە لاوازیی دەسەڵاتی ناوەندی‌دا بۆشایی دەسەڵات لە کوردستان‌دا پەیدا دەبێ و بۆ پڕ کردنەوەی ئەو بۆشاییە دیسانەکە حیزبەکان دەبێ پڕۆژە و بەرنامەیان هەبێ. ئەو ئەرکە قورسە و لەسەر شانی هەموومانە، بەڵام خۆ ئەمە هەر بە قسە ناکرێ. کاری دەوێ، هەوڵێ دەوێ، سازان و لێک تێگەیشتنی دەوێ و لە ئاخردا ساغ‌بوونەوە لەسەر پڕۆژەیەکی دەوێ کە هەموومان پابەند بین بە جێبەجێ کردنی.   لە یادی ٧٥ ساڵەی کۆماری کوردستان‌دا، خەڵکی کوردستانی ئێران کە خاوەنی کۆماری کوردستان و ڕابڕدوویەکی ڕابردووییەکی پڕشەنگداری ئاوان، چی بکەن کۆمارێکی دیکەی کوردستان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دابمەزرێننەوە؟ ڕەنگە ئەمە هەم بۆ حیزبی دێموکراتی کوردستان کە یەکەم کۆماری کوردستانی دامەزراندووە و بۆ خەڵکی کوردستانیش ناخۆش بێ کە پاش ٧٥ ساڵ لە دامەزرانی کۆمار، ئێستاش حیزبی دێموکرات و خەڵکی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات بە ئامانجە سیاسی و نەتەوەییەکانی خۆیان نەگەیشتوون. بەڵام ئەوە هیچ لە قەدری تێکۆشەرانی دێموکرات و خەڵکی کوردستان کەم ناکاتەوە و دوای ئەو ماوەیە و لە هەموو ئەو زەمەنەدا حیزبی دێموکرات هەر بۆ ئەو ئامانجانە تێدەکۆشێ کە ئامانجی کۆماری کوردستان بوون. کۆماری کوردستانیش بەرچاوی ڕوون کردووین کە بە وشیارییە بەرەو ئەو ئامانجە بڕۆین. خەڵکی کوردستان بە بڕوابەخۆبوون و هیوای دامەزراندنەوەی کۆمارێکی دیکەی کوردستانە کە لە بەرامبەر دوژمنی مافەکانیان ڕاوستاون. لەو پێوەندییەدا زیان و خەساری گیانی و ماڵیی زۆریان وێ کەوتووە، بەڵام ئاڵای خەباتی کوردستان و کۆماری کوردستانیان هەر بەرز ڕاگرتووە. بۆیە لەو بارەیەوە گەرمترین پیڕۆزباییان پێ دەڵێم و ئەوەش دەڵێم ئەوەی ئەمن لە کوڕان و کچانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان تێدەگەم، دڵنیام خەڵکی کوردستان لە تێکۆشان ناوەستێ هەتا ئامانجەکانی کۆماری کوردستان وەدی‌ دێنێ.   بەو هیوایە و سپاس بۆ بەشداریت لەو دیمانەیەدا ئێوەش ماندوو نەبن