کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ماردین‌ ڕەحیم نژاد: مۆدێلی دەسەڵاتداریی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران مۆدێلی گۆتارێکی شکست خواردوویە

16:42 - 25 رەزبەر 2721

وتووێژ: ڕەحمان سەلیمی

هاوپەیمانیی ''فەتح'' بە ڕێبەریر ''هادی عامری'' و چەند هاوپەیمانیی دیکەی نزیک لە میلیشیاچەکدارەکانی عێراق کە لەلایەن ڕێژیمی ئێرانە پشتیوانیان لی دەکرێت، لە پێنجەمین خوڵی هەڵبژرادەنەکانی عێراق ژمارەیەکی زۆر کورسییەکانی ئێستای خۆیان لە پارلمانی عێراق لەدەست دا.  

ڕەوتی سەدر، بە ڕێبەریی ''موقتەدا سەدر'' بە ٧٦ کورسی زۆترترین کورسی لە کۆی ٣٢٩ کورسیی پارلمانی عێراق بەدەست هێنا.

لەو هەڵبژاردنانەدا هاوپەیمانیی ''ئەلتەقدۆم''  ٣٨ کورسی، هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا ٣٧ کورسی و پارتی دێموکراتی کوردستان ٣٢ کورسیی پارلمانی عێراقیان بەدەست هێناوە.

لەم وتووێژەدا شکستی لایەنەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە هەڵبژرادنەکانی عێراق لەگەڵ بەڕێز ''ماردین ڕەحیم‌نژاد'' چالاکی سیاسی خستووە بەر باس کە سەرنجاتی بۆ خوێندنەوەی ڕادەکێشێن.

١-ئاکامی هەڵبژرادنەکانی پارلمانی عێراق، شکستێک بۆ ڕێژیمی ئێران و سیاسەتەکانی لە عێراق دێتە ئەژمار؟

لە دوای ڕووخانی سەرەکیترین نەیاری کۆماری ئیسلامیی ئێران، واتە سەدام و هاتنە سەر کاری گرووپە شێ=یعەکان هاوسەنگیی هێز بە قازانجی کۆماری ئیسلامیی ئێرانئێران گۆڕانکاری بەسەردا هات و کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕاستەوخۆ بوو بە داڕێژەری سیاسەتی دەوڵەتی ناوەندی عێراق. کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ شکست دانی پڕۆژەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستی گەورە، لە عێراق دەستی کرد بە سازکردنی گرووپی توندئاژۆ و بەهێزکردنی بەرەی مۆقاومەت.  ئاکامی ئەو هەموو گرووپە چەکدارە کە لەنێو عێراقدا سازی کردن دوو دەیە شەڕ و ئاڵۆزی و لێکترازان و وێرانی بوو. ئەمە بوو بە هۆکاری ماندووی و تووڕەبوونی خەڵکی عێراق لەو گرووپانە کە لە جیاتی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خەڵکی عێراق، کەوتبوونە گێژاوی شیعەئیزمی ویلایەتێ فەقیهەوە. کۆماری ئیسلامیی ئێران کە خۆی ئاڵترناتیڤ و بە نوێنەری گوتارێکی نە ڕۆژاوایی و نە ڕۆژهەڵاتی پێناسە دەکرد، تەنیا لە چوارچێوەیەکی پڕۆپاگەندەییدا بۆ فریودانی شۆنکەوتووەکانی خۆی، ماوەیەک ئێرزای ڕۆحی کران. بەڵام نە لە ئاستی گۆتاریدا توانای کێبڕکێی هەبوو لەگەڵ نەزمی نوێی جیهانی و لیبراڵیزم کە هەڵگری پەیامی دێموکراسی و ئازادی و بازاڕی ئازاد و .... و نە لە ئاستی خۆشبژێوی و گەشە  پێشکەوتنیشدا نەیتوانی نوێنەرێکی سەرکەوتوو بێت بۆ هیوای دواڕۆژی خەڵکی عێراق. چوونکە کۆماری ئیسلامیی ئێران نەک بۆ عێراق بەڵکوو بۆ نێوخۆی ئێرانیش لە هەموو ڕەهەندەکاندا شکستی خواردوە و پووکاوەتەوە و دیارە وڵاتێکی پووکاوە ناتوانێت هیچ کاریگەرییەکی پۆزەتیڤی بۆ وڵاتانی دیکە هەبێت.

ڕەهەندێکی دیکەی شکستی ئێران لە عێراقدا مەرجەعییەتی شیعەیە کە هەم لە ڕووی هزری سیاسی و هەم لە ڕووی کێی؟ و کوێنە؟ مەرجەع بوونەوە جیاوازیان هەیە و کۆماری ئیسلامیی ئێران تەواوی هەوڵی ئەوە بوو کە قۆم ئۆمۆلقۆڕای دنیای ئیسلام بێت و نەجەفیش پەیڕەو و گوێڕایەڵی بێت.

٢-ئاکامی گشتی ئەو هەڵبژاردنە چ پەیامێکی بۆ ڕێژیمی ئێران هەیە؟

دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا لەسەر ئابوورییەکی بەهێز و هێزی سەربازی بەهێز و تەکنۆلۆژی و زانست و گۆتار و فەلسەفەی سیاسی بەهێز بۆنیاد نەنراوە بەڵکوو دەسەڵاتی  کۆماری ئیسلامیی ئێران لەسەر پەروەردەکردن و پڕچەککردنی کۆمەڵێک گرووپی تۆندئاژۆ دامەزراوە کە هەموویان لەسەر ئابوورییە نەخۆش و لاواز و ڕانتییەکەی ئێران بارگرانیین و شکستی ئەو گرووپە هاوپەیمانانەی کۆماری ئیسلامیی ئێرانلە هەڵبژاردنەکانی عێراقدا کاریگەرییەکی بەرچاوی لە پاشەکشەیدا هەیە و مانۆڕی ئێران بۆ هێز نواندن لە گۆڕەپانی سیاسی عێراقدا بەرتەسک دەکەنەوە.

کاتێک سەیری هەموو ڕووداوەکانی ناوچەکە دەکەین بەڕوونی شکستی ستراتیژی ناوچەیی کۆماری ئیسلامیی ئێرانهەست پێەکەین. لە لایێکەوە کێشەی ئازەربایجان و تورکیا لەگەڵ ئێران لەلایەکی ترەوە دەسەڵاتگرتنی تاڵەبان و ئەگەری چوونی هێزە تۆندڕەوەکان بۆ ئەفغانستان و ئێستایش شکستی هاوپەیمانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانلەعێراق ئەمانە هەموویان ئاماژەن بۆ لاوازبوونی کۆماری ئیسلامیی ئێرانلە ناوچەکەدا.

 لاوازبوونی بەرەی مۆقامەت ئەتوانێت بۆ ئامریکا و هاوپەیمانەکانیشی لە ناوچەکەدا پەیامی تێدا بێت. یەکەم ئەوە کە ڕەنگە لە داهاتوودا ئامریکا لە دەوڵەتی عێراق داوا بکات کە ڕێکەوتنێکی نوێی سەربازی مۆر بکەن. دووهەم بە لاوازبوونی کۆماری ئیسلامیی ئێرانلە ناوچەکەدا گۆشارەکانی ئامریکا بۆ ڕێکەوتنی نوێی ئەتۆمی زۆرتر دەبن هەروەکوو چۆن چەند ڕۆژ پێش ئێستا ئانتۆنی بلینکێن وتی ئەگەر لەگەڵ ئێراندا دیپلۆماسی شکست بێنێت هەموو بژاردەکان لەبەر دەستدا دەبن. یان نەفتالی بنێت سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل هەڕەشەکانی تۆندتر کردوەتەوە. ئەمانە هەمووی پەیامن بۆ لاواز بوونی کۆماری ئیسلامی.

٣-گرووپەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە عێراق، بۆ چی دەڵێن ئاکامی هەڵبژاردنەکان قەبووڵ ناکەین؟

ئەو گرووپانە دەستپەروەردەی سپای قۆدسن و فەلسەفە و هزری ئەوان بۆ داڕشتنی کۆمەڵگایێکی دێموکراتیک دانەمزراوە و بڕوایان بە هیچ پڕۆژەیەکی دێموکراتیک نییە. ئەوان دەیانهەوێت لە ڕێگای هێزەوە دەسەڵات بسەپێنن و کۆمەڵگای عێراق کە کۆمەڵگایەکی فرە ڕەنگ و ناتەبایی یەکدەست بکەن کە بە بڕوای من مۆمکین نییە بتوانن ئەو کارە بکەن. ئەگەر سەیری هەڵبژاردنەکانی ئێرانیش لە ساڵی ٨٨ هەتاویدا بکەین ئەحمەدی نژاد بە شێوەیەکی ڕوون و بەرچاو دۆاڕاندی بەڵام بە بەکار هێنانی سپا و بەسیج و هێزی سەربازی و سەرکوت سەرۆککۆماری دڵخوازی خۆیان بردە سەر کورسی. ئەم سێناریۆ لە عێراق دووبارە نابێتەوە نە مەرجەعی شیعە پشتی دەگرێت نە سەدریەکان، نە گرووپە میانڕەوەکان نە سونە و نەکوردیش. و ئەو ملیشیایانەیش دەسەڵاتی ئەوەیان نییە و بەهۆی سەرکوتی بێ بەزەییانەی ناڕازیانی عێراق و کوشتنی زیاتر لە ٦٠٠ کەس، بێزراون و جارێکیتر ناتوانن لە گۆڕەپانی عێراقدا تەڕاتین بکەن.

٤-جەریان سەدر چییە و چ ڕۆلێک لە سیاسەتی عێراق دەگێڕێت و لەگەڵ ڕێژیمی ئێران چۆن مامەڵە دەکات؟

مۆقتەدا سەدر کوڕی سەید محەممەد سەدرە و ڕێبەری ڕەوتی سەدر کە دەتوانیین بەم چەند تایبەتمەندیانە ڕەوتی سەدر ئاماژە بکەین. یەکەم؛ ڕەوتی سەدر ڕەوتێکی شیعەی ملی- مەزهەبییە و بەپێچەوانەی ئایەتۆڵڵا سیستانی کە بڕوای وایە دەبێ ئایین ڕۆڵی ڕاوێژکاری ببینێت لە دەسەڵاتدا(کەفالەتی فەقێ)، سەدریەکان بڕوایان بە بەشداری ڕاستەوخۆ لەنێو دەسەڵات و دامەزراندنی حکومەتێکی ئیسلامی شێعی هەیە. دووهەم؛ ڕەوتی سەدر مەرجەعییەتی شیعی عەرەبیان قەبووڵە و نەجەف و کەربەلا بە ئۆمۆلقۆڕای دنیای ئیسلام دەزانن و دژی مەرجەعییەتی عەجەمن و ئەمە خاڵی دەستپێکی ڕوبەڕووبوونەوەیانە لەگەڵ ویلایەتی فەقێی ئێراندا. سێهەم؛ مۆقتەدا سەدر تا ئێستا دژبەرێکی سەرسەختی میلیشیاکانە و بڕوای بە دەوڵەتێکی مەدەنی هەیە و دەڵێت دەبێت چەک تەنیا لەدەستی حکومەتدا بێت و هەموو میلیشیاکان یان بچنە ناو سپای عێراق یان چەک بکرێن. و ئەگەر ئەم شتە بگەیێنێتە ئەنجام هەموو ئەو گرووپانەی کە قاسم سڵێمانی دایمەزراندن بۆ دەستێوەردان لە گۆڕەپانی عێراقدا کۆتاییان پێدێت و ئەمە ئێران بە لێدانی بەرژەوەندییەکانی خۆی دەیزانێت و دەیهەوێت چارەسەرێکی بۆ بدۆزێتەوە یان لانیکەم بەشێوازێکی سیاسی بگەڕێتەوە ناو کایەکانی عێراق و مل بە چەک داماڵینی میلیشیاکانی بدات. چوارەم؛ سەدر دەیهەوێت دژی دەستێوەردانی وڵاتانی ناوچەکەیە لە عێراقدا و دەیهەوێت هەم سەروەری و هەمیش شۆناسی عەرەبی عێراق پارێزراو بێت و لانیکەم هاوسەنگیێک لەنێوان ئێران و تورکیە و وڵاتانی عەرەبیدا هەبێت. چوارەم؛ ڕاستە مۆقتەدا سەدر ڕێبەرایەتی خۆپیشاندانەکانی خەڵکی عێراقی کرد دژی گەندەڵی و نەبوونی خزمەتگۆزاری و... بەڵام بەگشتی ڕەوتی سەدریش چوونکە ڕەوتێکی ئایینییە و بە خوێندنەوەیەکی ئایینی دەیهەوێت ساختاری سیاسی دابڕێژێت پێیناچێت ئاسۆیەکی ڕووناک لە بەردەم خەڵکی عێراقدا بێت.

٥- بە سەرنجدان بە ئاکامی ئەو هەڵبژادنانە پێگەی کوردستانی باشوور لە دەسەڵاتی داهاتووی عێراق چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

هەم گۆڕانکارییەکانی بەغدا و هەم گۆڕانکارییەکانی هەولێر بە ئاراستەیەکدا چوونکە دەتوانن سەنگ و قورسایی بۆ باشووری کوردستان بگەڕێننەوە. جیا لە ڕەوتی سەدر کە بە وردی باسمان کرد کۆتلەی ئەلحەلبووسیش کە سوننەیە و ٣٧ کورسی هێناوە لە دەوڵەتی داهاتوودا دەتوانێت ڕۆڵی بەرچاو بگێڕێت. ئەگەر سوننیەکانیش بتوانن کۆدەنگیێک درووست بکەن ڕەنگە دوور نەبێ ئەوانیش بەپێی یاسا داوای سیستمی فیدراڵی بکەن بۆ ناوچەکانیان و ئەمە دەتوانێت خاڵێکی وەرچەرخان بێت لە عێراقدا. لە باشووری کوردستانیش هەر وەکوو بینیتان پارتی دێموکراتی کوردستان کە پارتێکی نەتەوەییترە ٣٢ کورسی هێنا و هەموو پارتەکانیتر تێکڕا تەنیا ٢٧ کورسیان هێناوە. خاڵێکی دیکەی جێی سەرنج ئەوە بوو گۆڕان کە هەڵبژاردنی پێشوو هێزی دووهەم بوو هیچ کورسی نەهێنا لەجێی ئەو نەوەی نوێی ٩ کورسی بردەوە. خاڵێکی دیکە کە جێگای ئاماژە پێکردنە لە ناوچە دابڕێنراوەکان زۆرینەی کورسیەکان بۆ پارتی دێموکراتی کوردستان بوون. بەتایبەت شنگال و کەرکووک و ئەمە هەمووی لە سیاسەتدا حیسابیان لەسەر دەکرێت و خاڵی بەهێزن. بەگشتی من پێموایە ئەم جارە کورد زۆر ئاسانتر بتوانێت لە پاڕلەمانی عێراق هاودەنگ بێت و چوونکە زۆرینەی کورسیەکان لای پارتی و یەکیەتییە و پارتە عێراقییەکانیش ئەوە باش دەزانن دەبێ لەگەڵ ئەوان مامەڵە بکەن. تا ئێستا جۆرێک تارمایی لەسەر شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا هەبوو و هەندێ دەنگی کوردی نەشازی دژە کورد لە بەغدا هەبوون کە بە پاڵپشتی نەیارانی کورد شێوازی مامەڵە و بابەتی نەتەوەییان دابەزاندبوو بۆ بودجە و مووچە، هەموویان شکستیان هێنا و ئێستا بە بەرچاوڕوونییەوە دەتوانن بچنە بەغدا و بەغدایش بەردەنگی کوردی و پەیامی کوردی ڕوونتر دەبینێت.

٦-ئایا ئەو دۆخەی کە لە عێراق بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران هاتووەتە پێش ئەگەری هەیە لە وڵاتای دیکەی وەکوو لوبنان دووپات بێتەوە؟

لەمێژە لوبنان زەرفیەتی دژایەتی ئێران و شکاندنی پڕۆژەی ئێرانیان تێدایە. لوبنان تا پێش لە چوونی کۆماری ئیسلامیی ئێران و دامەزراندنی حیزبۆڵڵا لەلایەن عەلی ئەکبەر مۆحتەشەمی پوورەوە وەکوو بووکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەناسرا و ساڵانە هەزاران کەس لە سەرتاسەری دنیاوە بۆ سەفەر و ڕابواردن دەچوون بۆ لوبنان و ساڵانە سەدان کۆنسێرت لەلایەن هۆنەرمەندانی بەناوبانگی عەرەبی و غەیرە عەرەبییەوە لەوێ بەڕێوە دەچوون، یەکێک لە کۆنترین و بەناوبانگترین زانکۆکانی ئامریکا لە لۆبنان دامەزرا و.... بەڵام دوای دەستێوەردانی سپای قودس هەموو ئەو چالاکیانەی کە ئاماژە بوون بە هەبوونی ژیان لەو وڵاتەدا وردەوردە کۆتاییان پێهات و ئێستا لوبنان یەکێک لە هەژارترین وڵاتەکانی ناوچەکەیە و تووشی هەڵاوسان و گەندەڵی و هەروها کە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بینیمان خەڵک بە چەکەوە هاتبوونە ناو شەقامەکان و ئەگەری هەڵگیرسانی شەڕی نێوخۆیی و ... هەمووی لە ئارادایە. و ئەگەر بڕیار بێت گۆڕانکاریێک بێتە ئاراوە بەدڵنیاییەوە خەڵک مۆدێلی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەڵنابژێرن و وەدەری دەنێن چوونکە هەم مۆدێلی گۆتارێکی شکستخواردوە هەم بێجگە لە کارەسات و ماڵ وێرانی هیچ خاڵێکی پۆزەتیڤی بۆ هیچکام لەو وڵاتانە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران دەستێوەردانی تێدا کردن، نەبووە.