کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا ئامادەی هێرشی دووبارە بۆ سەر سووریەیە

16:54 - 26 خاکەلێوه 2718

کوردستان میدیا: نوێنەری ئامریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، ئەگەر پێویست بکات ئامریکا جارێکی دیکەش هێرش دەکاتە سەر سووریە.

ماڵپەڕی سپۆتینک لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرای کردووە، نوێنەری هەمیشەیی ئامریکا لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان پێداگری لەسەر سیاسەتەکانی وڵاتەکەی بەرامبەر بە وەزعی سووریە کردووەتەوە و وتوویەتی: ئەگەر ڕێژیمی سوریە دیسانەوە گەمژەیی جاری پێشووی دووبارە بکاتەوە ئەوا ئێمە ئامادەین تاکوو هێرشی بکەینەوە سەر.

ناوبراو وتوویەتی: من لەگەڵ سەرۆک ترامپ قسەم کردووە و پێی وتووم ئەگەر ڕێژیمی سووریە دەیهەوێ دووبارە کەڵک لە گازە ژەهراوییەکان وەربگرێ ئەوا چەکەکانی ئامریکا ئامادەن تاکوو وەڵامی بدەنەوە.

نیوەشەوی ١٤ی ئاوریل چەندین ناوەندیی پێوەندیدار بە چەکی شیمیایی لە سووریە لەلایەن ئامریکا و بریتانیا و فەڕانسەوە کرانە ئامانج کە خەسارێکی گەورەیان بە ڕێژیمی ئەسەد و ڕێژیمی تاران گەیاند.

بەشێک لە چاودێرانی سیاسی پێیان وایە ئەم هێرشە بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی سووریە و هاوکات بنکە سەربازییەکانی ئێران لە سووریە هەڵگری پەیامێکی سیاسی گرینگە بۆ رێژیمی تاران کە ئەگەر واز لە دەستێوەردانەکانی لە ناوچە نەهینێت دژکردەوەی تووندتری لەبەرامبەردا دەگیرێتە بەر.

سەعدووڵا زارعی یەکێک لە مامۆستایانی ئۆسوولگەرای زانکۆی عەلامە بە هەواڵدەریی فارسی وتووە: ئامانج لەو هێرشانە سووریە نەبووە بەڵکوو بەردەنگی سەرەکی تاران بوو!