کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قووتی خەڵک بۆ "خەرج"ی مووشەک و بۆمب

00:42 - 9 بانەمەڕ 2724

عەلی بداغی

کۆماری ئیسلامیی ئێران لە پڕۆژە یاسای بودجەی ئەمساڵدا بەشی هەرە زۆری داهاتی وڵاتی بۆ پێڕاگەیشتن و تەیارکردنی هێزە چەکدارەکانی و پڕۆژە ئەتومی و سەربازییەکانی تەرخان کردوە. ئەگەرچی بڕی بودجەی ڕاستەقینەی هێزە نیزامییەکانی ئێران زۆر لەو بڕە زیاترە کە لە ڕەدیفی بودجەی ساڵانەدا دەگونجێندرێ، بەڵام بەشە ڕەسمییەکەی بودجەی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ ساڵی ١٤٠٣ نیزیک بە ١٧ میلیارد دۆلار لەبەرچاو گیراوە. ئەوە جیا لەوەی هەموو بەشەکانی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم، واتە سپای پاسداران، ئەڕتەش و هێزە ئینتیزامییەکان دەسەڵاتی فرۆشتنی نەوتیان پێ دراوە و لەسۆنگەی کێبرکێی وەزارەتی نەوت و هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم لە فرۆشتنی نەوتدا نرخی نەوتی ئێران زۆر کەمترە لە بازاڕی جیهانیی نەوت، تا ئەو ڕادەیەی بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندی توێژینەوەکانی مەجلیس ڕۆژانە ١٥ میلیۆن دۆلار، واتە لە ساڵدا نیزیک بە ٥ میلیارد و ٥٠٠ میلیۆن دۆلار داشکان بۆ چین وەک تاکە مشتەریی نەوتی هەرزانی ئێران دەکرێت؛ هۆکارەکەشی پێویستیی ئێران بۆ دەورلێدانەوەی گەمارۆکان و هەروەک ئاماژەشی پێ کرا کێبرکێی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم لە فرۆشتن و هەرزانفرۆش‌کردنی نەوتی وڵات دەگەڕێتەوە. بەشی کارەساتباری بابەتەکەش ئەوەیە ئەو داشکانەی ئێران بۆ کڕینی نەوتەکەی -بۆشکەی بە کەمتر لە ١٢ دۆلار لەچاو بازاڕی ڕەسمی- بۆ چینی دەکات، زیاتر لە دوو هیندەی هەموو ماڵیاتی دەستکەوتوو لە بودجەی وڵات بۆ دەوڵەتە کە لە مووچەی کارمەندەکانی کەرتی دەوڵەتی و تایبەت، کرێکاران، داهاتی دووکاندار، وەرزێڕ، سەنعەت‌کار و خاوەن‌پیشەکان لە وڵات دەگێڕدرێتەوە. هەروەها ئەو ٥ میلیارد و ٥٠٠ میلیۆن دۆلارەی هەر لە خت‌وخۆڕا و بە مفتێ و لەسۆنگەی سیاسەتی دەرەکیی ڕێژیمەوە دەچێتە گیرفانی چینییەکان، پتر لە سەتا ١٠ی هەر هەموو سەرچاوەکانی دابینبوونی بودجەی ساڵانەی وڵاتە.

جیا لە بودجەی هێزە چەکدارەکان و ناوەندە ئەمنیەتییەکانی ڕێژیم، بەشێکی زۆری دیکەی داهاتی وڵات لە ساڵی ١٤٠٣دا بۆ ڕێکخراوەکانی پڕوپاگەندەی ڕێژیم وەک دەنگ‌وڕەنگ، حەوزەکانی عیلمییە، وەزارەتی ئیڕشاد، سازمانی تەبلیغاتی ئیسلامی، و ناوەندە ئیدئۆلۆژیکییەکانی وەک "دامەزراوەی بەرهەمەکانی ڕوحوڵڵا خومەینی"،  "ستادی بووژانەوەی ئەمر بە چاکە و نەهی لە خراپە"، "بنیاتی پاراستنی ئاسەوارەکانی بەرگریی پیرۆز"، "کۆمەڵگەی جیهانیی ئەلموستەفا" تەرخان کراوە.

تەرخانکردنی بەشی هەرە زۆری بودجە و داهاتی وڵات بۆ کاروباری نیزامی، ئەمنییەتی، پڕوپاگەندەی ئایدۆلۆژی و دەزگای سەرکوت و زیادکردنی دوو هیندە و سێ هیندەی بودجەی ئەو لایەنانە لە کاتێک‌دایە، سەرەڕای ئاوسانی ئابووریی سەروو سەتا ٥٠ بەڵام حکوومەت لەمساڵدا تەنیا یەک لە پێنجی بە مووچەی مانگانەی کارمەندان و خانەنشینکراوان زیاد کردوە. هەروەها بەشە گرینگەکانی وەک پەروەردە، ئاوەدانی، بێهداشت و دەرمان و خزمەتگوزارییەکان کەمترین ئاوڕیان لێ دراوەتەوە، وەک بڵێی هیچ ئەولەوییەتێکیان بۆ دەسەڵاتبەدەستانی کۆماری ئیسلامیی ئێران نەبێت. لە تەنیشت ئەوانە پرسی قەیرانە ئابوورییەکانی وەک بێکاری، گرانی، بژیو و ئاوسان، قەیرانە ژینگەییەکانی وەک کەم‌ئاوی، وشکەساڵی و هەوای پیس، قەیرانە کۆمەڵایەتییەکانی وەک پیربوونی کۆمەڵگە و خەسارە زۆروزەوەندە کۆمەڵایەتییەکان لە هیچ کوێ وەک کەڵکەڵە و خەمی بەرپرسانی ڕێژیم نابیندرێن. یان دەنا زۆر ئاسان بە لای ئەو ڕاستییەدا تێدەپەڕن کە ئێران لە ساڵی ١٤٠٢دا پلەی حەوتەمین وڵاتی دنیای بە زۆرترین ڕێکۆردی پێوەرەکانی فەلاکەت تۆمار کردوە و بە لایانەوە ئاساییە خەڵکی ئێران لە ڕیزی وڵاتانێکی بەڵالیدراوی وەک "سوودان"، "زیمبابوە"، "ڤێنێزۆلا" و "سورینام"دا جێ بگرن.

کۆماری ئیسلامی لە داڕشتنی سیاسەتی دەرەکیی خۆیدا بە پشتبەستن بەو بۆچوونە کە نیزامی نێونەتەوەیی پێکهاتەیەکی ئانارشیکی هەیە، ئەمنییەت و مانەوەی لە دەسەڵاتدا تەنیا لە بەهێزکردنی هێزی سەربازیدا دەبینێت، بەتایبەت کە لە نێوخۆی وڵاتدا خۆی بە خاوەنی کەمترین شەرعییەت و متمانەی خەڵک دەزانێت و ئەوەشی بەڕوونی بۆ سەلماوە. بڕیاربەدەستانی ڕێژیم هەروەها دوو بەرابەرکردنی بودجەی سەربازیی هێزە چەکدارەکانیان بۆ دوو فاکتەر دەگەڕێننەوە: شەڕ و هەڕشەکان لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و هەروەها کێبرکێی چەکوچۆڵ لەنێو وڵاتانی دژبەر و دراوسێدا، بەڵام هەر لەو پێوەندییەدا چەند خاڵی سەرەکی جێگای ئاماژە پێکردنە:

یەکەم، گرژی و شەڕ و ئاڵۆزییەکانی ناوچە کە ڕێژیم بە هۆکاری پێویستیی بەهێزکردنی توانای هێرشبەریی خۆی لە بواری مووشەکی و ئەتۆمییشەوە دایدەنێت، پێش هەموو شتێک بۆ خودی کۆماری ئیسلامی و سیاسەتەکانی ئەو ڕێژیمە دەگەڕێتەوە کە ئارامی و سەقامگیریی لە ناوچەکە هەڵگرتوە.

دووهەم، ئەگەر وڵاتانی دژبەر و دراوسێی وەک ئیسڕائیل، تورکیە، عەڕەبستان و ئیمارات بۆ نموونە بەدوای پڕچەککردنی خۆیانن، لەوەشدا بەشێکی هەر بۆ سیاسەتی دوژمنکارانەی کۆماری ئیسلامی لەهەمبەر خۆیان دەگەڕێتەوە. بەڵام خۆ ئەوان نەهاتوون قووتی ژیانی خەڵکی وڵاتەکەیان بدەن بە مووشەک و لە دروستکردنی بۆمبی ئەتومدا خەرجی بکەن. ئەو وڵاتانە پێچەوانەی ئێران نوقمی هەژاری، گرانی، ئاوسانی ئابووری و قەیرانە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان نین و حکوومەتەکانیان نەهاتوون وەکوو ئێران ٨٠ هیندەی بودجەی ژینگە و ئاوەدانیی وڵاتەکەیان بۆ پەرەپێدانی هێزی سەربازی و هێرشبەریی ڕێژیمەکەیان تەرخان بکەن.

سێهەم، هیچ کام لەو وڵاتانە نەهاتوون لە گیرفان و بژیوی خەڵک و بودجەی دەرمان، لەشساغی، پەروەردە، ئاوەدانی و پەرەسەندنی وڵاتی خۆیان لێ بدەن بۆ ئەوەی چەند سوپا و میلیشیای دەیان هەزار کەسی لە وڵاتانی دیکەدا بژێنن و بۆ شەڕی نیابەتی بە چەک و تێکنۆلۆژیی مۆدێڕنی شەڕ کۆک و پۆشتە و تەیاریان بکەن.

چوارەم، ئەو وڵاتانەی ساڵانە بودجەی سەربازیی خۆیان زیاد دەکەن وەک ئێران نین  لەلایەک ئیمتیازی دەرهێنان و فرۆشتنی نەوت و سامانە سروشتییەکانی دیکەی وڵاتەکەیان دابێتە هێزە چەکدارەکانیان و، لەلایەیەکی دیکەش لە بودجەی وڵاتدا -کە پوڵ و سامانی خەڵکە- سەدان میلیۆن دۆلار بۆ دابینکردنی کەرەستەی سەرکوت و کوشتن و داپڵۆسینی خەڵکی ناڕازیی وڵات تەرخان بکەن؛ هەروەک چۆن ڕێژیم لە جووڵانەوەی ژینادا بۆ سەرکوتی ناڕەزایەتییەکانی ژن، ژیان، ئازادی کردی. 

دواجار ئەوە کە ئەمنییەت و مانەوەی ڕێژیمەکان بە پۆشتەبوونی هێزە چەکدارەکانی دابین نابێت، بەڵکوو ئەوە سیاسەتەکانی ئەم ڕێژیمە لە نێوخۆی وڵات و لە هاوکێشە ناوچەیی و جیهانییەکان‌دایە چەندی‌وچۆنیی ئەو ئەمنییەتە دیاری دەکا. ئەوەندەش کە بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران دەگەڕێتەوە، ئەم ڕێژیمە نە متمانە و شەرعییەتی خەڵکی لە نێوخۆی وڵاتدا هەیە و لەو سۆنگەیەوە گەورەترین هەڕەشە ڕووخانی لەسەرە، و نە سیاسەتی شەڕەنگێزی، قەیرانخوڵقێنی و ناسەقامگیرکردنی ناوچە دەتوانێ پاراستن و ئەمنییەتی بەدیاری بۆ بێنن.