کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاڵمان نیگەرانی خۆی لە دەستێوەردانەکانی تاران لە ناوچە دەربڕی

14:33 - 5 خەزەڵوەر 2717

کوردستان میدیا: وەزارەتی دەرەوەی ئاڵمان باسی لە چالاکییەکانی کۆماری ئیسلامی لەمەڕ ناسەقامگیر کردنی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناڤین کرد و لەمبارەوە نیگەرانی خۆی دەربڕی.

پاش ئاشکراکردنی ستراتێژی نوێی ئامریکا بەرمابەر بە ڕێژیمی تاران لەمەڕ بەرنامەی ناوکی کۆماری ئیسلامی و کوورت‌کردنەوەی دەستی ئەم ڕێژیمە لە ناوچە، ئالمانیش هاتە سەر هێڵ و بەفەرمی نیگەرانی خۆی لە دەستێوەردانەکانی ڕێژیم لە ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست لەمەڕ نائارام کردنی ئەم ناوچە دەربڕی.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا چەندین ئۆرگانی دەوڵەتی لە ئاڵمان نیگەرانی خۆیان لەپێوەندی لەگەڵ بەرنامەی مووشەکی بالێستیکی سپای پاسداران و چالاکییە تێکدەرانەکانی تاران لە ناوچە دەربڕی، وەزارەتی دەرەوەی ئەم وڵاتە بە فەرمی ڕایگەیاند: بێرلین ئەو چاوەڕوانییەی لە تاران هەیە کە بە ئەنجامدانی وتووێژێ شوێندانەر کۆتایی بە چالاکییەکانی لەپیوەندی لەگەڵ ناسەقامگیرکردنی ناوچە بهێنێت.

لەمبارەوە دانڵد ترامپ پێشتر ڕایگەیاندبوو: یەکێک لە هۆکارەکانی پیشێل‌کردنی ڕۆحی بەرجام لەلایەن ئێرانەوە گەشەدان بە بەرنامەی موشەکە بالێستیکەکانە؛ پرسیک کە لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە بە تەواوەتی ڕەد کراوەتەوە.

هەر لەم ڕاستایەشدا رێکس تەیلێرسۆن، وەزیری دەرەوەی ئامریکا لە دواسەفەری خۆی بۆ ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و لە دیدار لەگەڵ گەورە لێپرسراوانی عەرەبستان، عێراق، پاکستان و هێند بە ڕوونی باسی لە ستراتێژی نوێی وڵاتەکەی بەرامبەر بە ئیران کرد و ڕایگەیاند کە چیدیکە نابێ میلیشیاکانی سەر بە تاران لە وڵاتگەلێکی وەک عێراق بمێننەوە.