کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بریتیش پێترۆلیۆم لە ترسی ترامپ نەهاتە ئێران

14:31 - 16 بەفرانبار 2716

کوردستان میدیا: کۆمپانیای بریتیش پێترۆلیۆم کە مێژووی سەدەیەک هاوکاریی نەوتی لەگەڵ ئێرانی هەیە، پاش هاتنەسەرکاری دۆناڵد ترامپ دەستی لە بەشداریی لە پەرەپێدانی پرۆژە نەوتییەکانی ڕێژیمی ئێران ڕاگرتووە.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی فاینێشناڵ تایمز، کۆمپانیای بی‌پی بەڵگەنامەی داخوازیی بەشداری لە تەندەرە نەوتییەکانیشی بۆ وەزارەتی نەوتی ئێران بەڕێ نەکردووە.

ئەم ڕۆژنامە ناسراوەی بریتانیا نووسیویە: سەرکەوتنی ترامپ لە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماریی ئاریکادا، بووەتە هۆی دوودڵیی بریتیش بێترۆلیۆم سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی چالاکییەکانی لە ئێران.

فاینێشناڵ تایمز لە درێژەدا نووسیویە: پاش ڕێککەوتنی ناوکی، هەندێ لە گەمارۆ ئابوورییەکان لەسەر ئێران هەڵگیران و زۆرێک لە کۆمپانیا بیانییەکان ئامادەیی خۆیان بۆ وەگەڕخستنی سەرمایە و بەشداریی ئابووری لەم وڵاتە ڕاگەیاند. لەو نێوانەدا، وەگەڕخستنی سەرمایە لە پیشەی نەوتی ئێراندا سەرنجی کۆمپانیا زەبەلاحەکانی وزەی بۆلای خۆی ڕاکێشا؛ بەڵام بە سەرنجدان بە مێژووی دوورودرێژی هاوکارییەکانی ئێران و بریتیش پێترۆلیۆم (بی‌پی)، ئەم کۆمپانیا گەورەیەی بریتانیا لە وەگەڕخستنی سەرمایە لە پرۆژە نەوتییەکانی ئێراندا خۆی بوارد.

ئەو ڕاپۆرتە باس لەوەش دەکات کە؛ کۆمپانیاکانی دیکەی ئامریکاش وەکوو ئەکسۆن مۆبیل و شۆرۆوێنیش، لە ئێستادا بەرنامەیەکیان بۆ بەشداری لە پرۆژەکانی ئێراندا نییە.

لەهەمانکاتدا، وێبسایتی بیزینێس ئینسایدێر لە ڕاپۆرتێکدا لەژێر ناوی چ ڕووداوگەلێک لە ساڵی ٢٠١٧دا ڕوودەدەن؟ لە بەشی پێوەندیدار بە ئێراندا، ئاماژەی بە ڕێککەوتنی ناوکی کردووە و نووسیویە: ترامپ بەرجام نادڕێنێت، بەڵام لەبریی ئەوە، بۆ شکست دانی حکومەتی ئێران، کەشێکی ژەهراویی لە پێوەندی لەگەڵ وەگەڕخستنی سەرمایە لە ئێران دەخولقێنێت و لە هێزی نەرم بۆ پەشیمان کردنەوەی کۆمپانیاکان و هاوپەیمانانی ئامریکا لە وەگەڕخستنی سەرمایە لە ئێران کەڵک وەردەگرێت.