کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرەیەک دژ بە ئێران لە حاڵی دروستبوون دایە

18:02 - 16 خاکەلێوه 2718

کوردستان میدیا: ئامریکا و عەرەبستان بە مەبەستی بەرەنگاربوونەوە لە هەمبەر هەڕەشەکانی ڕێژیمی ئێران، هاوپەیمانەتییەک پێک دێنن.

وڵاتانی ئامریکا، ئیسرائیل و عەرەبستانی سعوودی، هەوڵەکانیان بۆ دروستکردنی هاوپەیمانەتییەکی جیهانی، بە مەبەستی بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەکانی ئێران و وەستاندنی دەستێوەردانە شەڕئەنگێزانەکانی لە وڵاتانی ناوچەدا، چڕتر کردۆتەوە.

کۆشکی سپی ڕۆژی چوارشەممە ١٥ی خاکەلێوەی ١٣٩٧ی هەتاوی، لە ڕاگەیەندراوێکدا باسی لە پەیوەندیی تەلەفۆنی نێوان دانڵد ترامپ و بنیامین نێتانیاهوو کردووە، هەروەها ترامپ پێشتریش چەندین پەیوەندیی لەگەڵ سەلمان بن عەبدولعەزیز، پاشای سعوودییە، ئەمیری قەتەر و محەممەد بن سەلمان، سەبارەت بە ڕۆڵی خراپی ڕێژیمی ئێران لە ناوچەکە هەبووە.

ناوبراو لەو پەیوەندییانەدا پشتگیری وڵاتەکەی بۆ پرۆسەی ئاشتی نێوان ئیسرائیل و فلستین ڕاگەیاندووە و جەختی لەوە کردۆتەوە، کە ئێران بە مەبەستی ناسەقامگیریی ناوچەکە هەموو هەوڵی خۆی خستووەتە گەڕ تا بە تەواوەتی سووریە بخاتە ژێر ڕکێفی خۆیەوە، بۆیە پێویستە بە جیددی لە هەموو شوێنێک بەرەنگاری ئەو ڕێژیمە ببینەوە.

پێشتر محەمەد بن سەلمان، جێنشینی پاشای عەرەبستانی سعوودی، لە دانیشتن و وتووێژەکانیدا هەڕەشەکانی ڕێژیمی ئێرانی بە جیددی زانیبوو و بە نیسبەت پرۆسەی ئاشتی نێوان ئیسرائیل و فلستین رایگەیاندبوو: ئێمە و ئیسرائیلییەکان لە ڕاستای ڕۆڵی خراپی ئەو ڕێژیمە هاوڕاین و لەو بارەوە نیگەرانین، کە ئەو ڕێژیمە ئاشتی و تەناهی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و بەرژەوەندی هاوبەشی هەموو وڵاتانی عەرەبی تێک دەدات.