کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

داواکارییەکان بۆ خستنەوە ڕووی دۆسیەی ئێعدامەکانی ساڵی ١٣٦٧

17:35 - 22 خەرمانان 2717

کوردستان میدیا: داواکاریی چوار ڕێکخراوی نادەوڵەتی لە سەر ئێعدامەکانی ٦٧ لە ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان.

چوار ڕێکخراوی نادەوڵەتی ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشیان پێشکەشی دوکتور زەید ڕەعد ئەلحوسێن، کۆمیسری بەرزی مافی مرۆڤ لە ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان کرد و لەو ڕاگەیەندراوە داوایان کرد؛ کۆمیسیۆنێکی لێکۆڵینەوە بۆ ئێعدامەکانی ١٣٦٧ لە ئێران پێک بهێنرێت.

لەو ڕاگەیەندراوەدا کە لە لایەن حیزبی ڕادیکاڵ، ئەنجومەنی نێونەتەوەیی ئەدمۆن ایس سنتر، ئەنجومەنی نێونەتەوەیی مافی ژنان و ئەنجومەنی نێونەتەوەیی گەشەپێدانی پەروەردە واژۆ کراوە تێیدا هاتووە: ڕێگا نەدەن بکەرانی ئەو تراژدییە بە ئازادانە بگەڕێن و کۆمیتەیەک بۆ دۆسیەی ئێعدامەکانی ٦٧ پێک بهێنرێت، هەتا بکەرانی ئەو تراژدییە بە سزای جەنایەتەکانیان بگەن.

لەو ڕاگەیەندراوەدا ئاماژە بەوە کراوە، کە لە سەرەتای مانگەکانی ژۆییە و ئۆکتۆبری ساڵی ١٩٨٨ هەزاران کەس لە زیندانییانی سیاسیی لە چەند حەوتووی دوای دەرکردنی فەرمانی خومەینی لە سێدارە دران.

پێشتریش ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی، لە ڕێکەوتی ١٤ی خەرمانانی ١٣٩٦ی هەتاوی، داوای لە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران کرد، لە تێکدانی گۆڕە بەکۆمەڵەکان لە ئەهواز دەست ڕابگرن، بە وتەی ئەو ڕێکخراوەیە دەیان کەس لە قوربانیانی ساڵی ٦٧ لەو شوێنەدا بە خاک ئەسپێردراون.

شەپۆلی ئەو کۆمەڵکوژییە کە لە کوردستانی ئێران سەری هەڵدا، پاش ماوەیەک تەواوی ئێرانی گرتەوە.

لەو کۆمەڵکوژیەدا بە سەدان کەس لە خەڵکی سڤیل و بێ‌تاوانی شار و گوندەکانی کوردستان کوژران و لە بارەی ئەو کۆمەڵکوژیانەدا لە کوردستان خاڵخاڵی بکوژی بەناوبانگی ڕێژیم وتبووی: ئەگەر بێ‌تاوان بن ئەوە دەڕۆنە بەهەشت و ئەگەر تاوانباریش بن دەڕۆنە جەهەنەم.