کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سێمینارێک بۆ ئیدانەکردنی دیپۆرت کردنەوەی چالاکوانانی کورد لە وڵاتی فینلاند بەڕێوە چوو

16:43 - 19 جۆزەردان 2717

کوردستان میدیا: سێمینارێک لە لایەن چالاکوانانی کورد بۆ ئیدانەی دیپۆرت کردنەوەی چالاکوانانی کورد لە وڵاتی فینلاند بەڕێوە چوو.

ڕۆژی سێشەممە، ڕێکەوتی ١١ی جۆزەردانی ١٣٩٦ی هەتاوی لە لایەن ژمارەیەک لە چالاکوانی کورد، سیمینارێک بۆ ئیدانەی بە زۆر ناردنەوەی چالاکوانانی کورد لەو وڵاتە بەڕێوە چوو.

لەو سێمینارەدا سەرەتا لە لایەن عومەر ئەلیاسی بەخێرهاتنی بەشدار بووان کرا و پاشان سیمینارەکە بە خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێ کرد.

ئەلیاسی لەو سێمینارەدا تیشکی خستە سەر سیاسەتی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی دژ بە چالاکوانانی کورد لە دەرەوەی وڵات و لەم بارەیەوە گوتی: لەپاش ڕاپەرینی گەلانی ئێران و هاتنە سەر حوکمی کۆماری ئیسلامی، کە لە هەڵبژاردنی ساڵی ١٣٥٨دا تاکە بژاردە سیستمی کۆماری ئیسلامی بوو، حکومەتی ئەوکات بانگهێشتی ٩٨ لە سەدی بە دەستهێنانی دەنگی خەڵکی ئێرانیان دەکرد و شایەتحاڵەکان و بەڵگەکان نیشان دەدەن کە زۆربەی گەلانی ئێران بایکۆتی هەڵبژاردنەکانیان کردووە و بە تایبەت گەلی کورد.

لەو سێمینارەدا باس لەوە کرا لە هەمان ساڵ لە لایەن خومەینییەوە حوکمی جیهاد بەرامبەر گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕاگەیەندرا.

ئەلیاسی باسی لەوە کرد چوونەوەی ئەو کەسانەی کەیسی سیاسییان هەیە و مەترسیەکان بۆ سەر کوردانی چالاکوان کە داوای ئیقامەی سیاسی دەکەن، دەبێتە هۆی نەمانی ئیعتباری وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی فەنلاند لای چالاکوانانی کورد.

هەر لەو سێمینارەدا باس لەوە کرا کە بەکرێگیراوانی کۆماری ئیسلامی لە فەنلاند دژی چالاکوانانی کورد کار دەکەن و لەو پێوەندییەدا باس لە بە زۆر ناردنەوەی دوو لاوی چالاکوانی کورد لە فەنلاند بۆ ئێران و مەترسی ئەشکەنجەدان و لە سێدارەدانیان لە لایەن ئەو ڕێژیمەوە کرا.

لە بەشی دووهەمی سێمینارەکە بورهان ئەحمەدی ئەندامی شۆرای شاری تورکۆ، باسێکی لە سەر کەیسی دوو چالاکوانی کورد کرد.
ئەحمەدی باسی لەوە کرد، وەرگێڕەکان کە قسەکانی پەناخوازان وەردەگەرن دەبێت شارەزاییەکی تەواویان لە سەر وەرگێڕان و یاسای فەنلاند و ئێران هەبێت.

ئەحمەدی هەروەها تیشکی خستە سەر کۆدەنگیی کوردانی تورکۆ و بە گرینگی زانی کە هەموو تێکرا ئیدانەی بە زۆرناردنەوی چالاکوانانی کورد بکەن بۆ وڵاتی ئێران، هەروەها دەبێت هەر کوردێک لە شوێنی خۆیەوە هەنگاوی خێرا هەڵێنێتەوە.

ئەو سێمینارە لە لایەن دوو گرووپی مووزیکەوە پاڵپشتی لێکرا و له لایەن شاعیر ڕەئوف گوڵبەدەن و عەبدوڵڵا حاجی بە هۆنراوە کۆماری ئیسلامییان شەرمەزار کرد.