کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سێناتۆری کۆماریخواز: لەوانەیە ئەمریکا لە رووی ناچارییەوە هێرش بکاتە سەر ئێران

18:12 - 7 بانەمەڕ 2712

کوردستان میدیا: سێناتۆرێکی ئەمریکا گوتی، ئەگەری ئەوە هەیە لەمەڕ پێش‌گیری لە به‌رنامه‌ی ناوکیی ئێران هێرشی یەک لایەنە لەلایەن ئەمریکاوە بکرێتە سەر ئه‌و وڵاته.


بەپێی راپۆرتی هەواڵدەریی فەڕانسە، مارکۆ رۆبیۆ، سێناتۆری ئەیالەتی فلۆریدا، رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٦ی بانەمەڕ لە ئاخاوتنێکدا گوتی: لەو کاتەوە هەتا ئێستا کە ئەمریکا رێبەریی جیهانی لە ئەستۆیە، هەوڵمان داوە لە رێگەی هاوکارییەوە بە ئامانجەکانمان بگەین، بەڵام دەبێ ئەوەشمان لەبەر چاو بێت کە ئەمریکا لە رابردوودا بە شێوەی یەک لایەنانە کاری کردووە و لە داهاتووشدا ئەگەر پێویست بێ، یەک لایەنە دەجووڵێینەوە.
ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا گوتی، لێپرسراوانی ئەمریکایی پێویستە لەگەڵ رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و گرووپە نێودەوڵەتییەکان بەرەوڕووی رێژیمی ئیسلامیی ئێران ببنەوە.
رۆبیۆ راشیگەیاند: ئێمە دەبێ هاوپەیمانەکانمان لە جیهان بۆ ئەو راستییە ئامادە بکەین کەلە ئەگەری شکست هێنانی رێگا جۆراوجۆرەکانی پێش‌گیری لە ده‌سپێڕاگه‌یشتنی ‌رێژیمی ئێران بە چەکی ناوکی، پێویستیمان بە رێگاچارەی نیزامی هەیە.
ئەو سیناتۆرە کۆماریخوازە پەڕژاوەتە سەر ئەوەش، نابێ ئەمریکا خۆی لەو قەیرانانەی کە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی گرتۆتەوە لاواز بکات، بەڵکوو دەبێ بە رۆڵی سەرەکیی خۆی چارەسەری قەیرانەکانی جیهان بکات.
ئەم ئاخاوتنانەی رۆبیۆ لە کاتێکدا هاتۆتە ئاراوە کە رۆژنامەی ئەمریکایی یوو ئێس ئەی توودەی (USA Today) لە راپۆرتێکدا نووسیویەتی، کۆمەڵێک لە کارناسان لەو بڕوایە دان، سەرەڕای تەحریمەکان، هیچ ئاڵوگۆڕێک لە هەڵوێستەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران لەهەمبەر بەرنامە ناوکییەکەیدا پێک نەهاتووە.
رۆژئاوا لەو بڕوایە دایە کە بەرنامەی ناوکیی رێژیمی ئیسلامیی ئێران رەهەندی نیزامیی هەیە و دەیهەوێ بە گوشار و تەحریمی بەربڵاو، رێژیمی ئێران ناچار بە وڵامدانەوە بکات.
رێژیمی ئسلامیی ئێرانیش هەمیشە لەسەر ئاشتیخوازانە بوونی بەرنامە ناوکییەکەی پێداگریی کردۆتەوە.