کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شەڕی ویزا لەنێوان ئامریکا و تورکیەدا

20:20 - 17 رەزبەر 2717

کوردستان میدیا: پاش دەسبەسەرکردنی یەکێک لە کارگێڕانی کۆنسولگەری ئامریکا لە ئێستانبۆل، بالوێزخانەی ئامریکا لە تورکیە دانی ویزا لەم وڵاتەی ڕاگرت.

بەپێی هەواڵی هەواڵدەرییەکان؛ لەبەرامبەر ئەم کردەوەی ئامریکا تورکیەش دژکردەوەی نیشان دا و گرژی دیپلۆماتیک لە نێوان ئەم دوو ولاتەدا درووست بوو و بەم پێیەش سەفەری بازرگانی و گەشتیاری لە نێوان دوو ولاتدا تووشی کێشە بووە.

باڵوێزخانەی ئامریکا لە تورکیە لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کردووە هۆکاری ئەم بڕیارەی ئامریکا پیبەندکردنی تورکیە بۆ دابین کردنی ئەمنیەتی باڵوێزخانەکەیانە.

هۆکاری دەسبەسەرکردنی فەرمانبەرەکەی ئامریکا لەلایەن تورکیەوە بۆ پێوەندی ئەم کەسە لەگەڵ بزووتنەوەی گووڵن و سیخوڕی کردنی ئەم هاووڵاتییە ئامریکاییە گەڕێندراوەتەوە؛ تۆمەتێک کە واشەنگتۆن بەتەواوی ڕەدی کردۆتەوە.

ڕێکەوتی ١٥ی ژوئیەی ساڵی ڕابردوو کودتایەکی ناسەرکەوتوو لە تورکیە بەدژی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان هاتە ئاراوە کە بەهۆیەوە زیاتر لە 249 کەس کوژران و زیاتر لە ٢ هەزار کەسیش بریندار بوون.

دەوڵەتی تورکیە فەتحوڵا گووڵن کە دانیشتووی وڵاتی ئامریکایە، بە بڕیاردەر و ڕێکخەری ئەم کودتا ناو برد و دواتریش پاکانە حیساب لەگەڵ زۆرێک لە پێرسۆنێلی ئەرتەشی تورکیە کرا.

هەروەها زیاتر لە ١٠٠ هەزار کەس لە کارمەندانی دەوڵەت دەرکران و زیاتر لە ٥٠ هەزار کەسیان دەسبەسەر کران.

بەشێک لە چاودێرانی کاروباری تورکیە دەڵین پاش ئەم کودتا دەوڵەتی تورکیە دەستی ئاوەڵا بوو بۆ ئەوەیکە دژبەرانی خۆی بەتایبەت لە نێو گەلی کورددا لەنێو ببات.