کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە چەندین شاری ئێران کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی بەڕێوە چوو

22:33 - 7 جۆزەردان 2717

کوردستان میدیا: پاش بەتاڵان بردنی مڵک و سامانی خەڵک لەلایەن دامەزراوەکانی توسعە و آرمان و کاسپین، لە چەندین شاری ئێران کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی بەڕێوەچوو و تێیدا ناڕازییان هێرشیان کردە سەر بنکەی فەرمیی ئەم دامەزراوانە.

بەپێی دوایین هەواڵەکان؛ ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٦ی جۆزەردان، خەڵکی ناڕازی لە شاری ئەهواز لە بەردەم لقی گوڵستانی دامەزراوەی ماڵیی توسعە اهواز کۆبوونەوە و وێڕای ناڕەزایەتی دەربڕین بەرانبەر بە هەڵلووشینی پارە و سامانەکەیان، داوایان کرد کە پارەکەیان بۆ بگەڕێتەوە.

هەروەها خەڵکی ناڕازی لە لوڕستان و لە شارەکانی کوهدەشت و دۆڕوو، لەبەردەم لقەکانی دامەزراوەی ماڵیی آرمان ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٣ی جۆزەردان کۆبوونەوە و درووشمگەلی وەک: مافەکانمان بدەنەوە و پارەکەمان بدەنەوەیان دەگووتەوە.

هەروەها لە شاری دۆلفان و خوڕەمئاوای لوڕستان بەهۆی بەردەوامیی ئەم قەیرانە، کۆمەڵێکی بەرچاو لە خەڵکی ناڕازی وێڕای ئاگردانی لاستیک، لەبەردەم دامەزراوەی ئاماژەبۆکراودا کۆبوونەوە.

تەنانەت ئێعترازە خەڵکییەکان دادستانی ئەلیگودەرزی ناچار کرد کە بڕیاری گرتنی سەرۆکی لقی دامەزراوەی آرمان لەم شارە دەربکات.

لە چەند ڕۆژی ڕابردووشدا لە شارەکانی گۆرگان و ئەهواز و ساری و زابۆل و زاهێدان، ناڕەزایەتی لەم چەشنە بەڕێوە چووە.