کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مردنی منداڵان له سەرما له ژێر خێوەتەکان له کرماشان بەردەوامه

15:25 - 7 رێبەندان 2717

کوردستان میدیا: به هۆی سەرما له ناوچە بوومەلەرزەلێدراوەکانی کرماشان، چەندین کەس هەتا ئێستە گیانیان لەدەست داوە.

به هۆی کەمتەرخەمییەکانی ڕێژیمی ئێران له ناوچە بوومەلەرزەلێدراوەکانی کرماشان، چەندین کەس به هۆی نەبوونی کانێکس و پێداویستی گەرمایی و نەخۆشخانه، له سەرما گیانیان لەدەست داوە، له چەند ڕۆژی ڕابردوویشدا منداڵێکی تەمەن ٢ ساڵ به ناوی سارینا له سەرما گیانی لەدەست دا.

هەروەها ڕۆژی ڕابردوویش ڕێکەوتی ٦ی بەفرانباری ١٣٩٦ی هەتاوی، منداڵێکی ٤ مانگه به نێوی محەممەد سەیفووری گیانی لەدەست داوە و هەواڵی گیان لەدەستدانی کچێکی تەمەن ١٧ ساڵ به ناوی نوشین محەممەدیـش به هۆی سەرما بڵاو بووەتەوە.

هەتا ئێستە ئامارێکی ڕوون له گیان لەدەستدانی بوومەلەرزەلێدراوەکان له لایەن ڕێژیمەوە بڵاو نەبووەتەوە و تەنانەت زۆر هەواڵدەریی ڕێژیم رەتی کردۆتەوە، که به هۆی سەرما کەسێک گیانی لەدەست دابێت، بەڵام قاسم جاسمی نوێنەری کرماشان ڕاگەیاندووە، که گیان لەدەستدانی ئەو چەند کەسە به هۆی سەرماوە بووە، هەروەها چەند ڕۆژ پێش، یەکێکی دیکه له نوێنەرانی کرماشان به ناوی شەهاب نادری هەواڵی مردنی چەندین کەسی بە هۆی سەرماوە پشتڕاست کردۆتەوە.

بارودۆخی بوومەلەرزەلێدراوەکانی کرماشان، له وەرزی سەرما به هۆی نەبوونی پێداویستییە سەرەکییەکانی ژیان و بەرگەنەگرتنی خێوەتەکان له بەرامبەر سەرماوە نالکەبارە و گیانی لێقەوماوان بەتایبەت منداڵان له مەترسی دایە و زیاتر له دوو مانگە ڕێژیم کانێکسی به ڕادەی پێویست لەو ناوچانه دابەش نەکردووە، تەنانەت له گوندەکان خەڵک خێوەتیان وەرنەگرتووە و خۆیان سەرپەنایان دروست کردووە.