کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مێهدی فەرزی: کوردستان چەقی شەڕە ئاخر زەمانییەکانە

15:06 - 29 رەزبەر 2717

کوردستان میدیا: ڕاوێژکاری عەلی خامنەی لە کوردستان، ماوەیەک پێش ئێستا لەگەڵ مەلاکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات کۆ ببووە و گوتبوویکوردستان چەقی شەڕی ئاخر زەمانە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لە کۆبوونەوەیەکی نهێنی مێهدی فەرزی، ڕاوێژکاری باڵای عەلی خامنەیی لە کوردستان، لە کۆبونەوەیەکدا کە بۆ مەلا سونییەکانی کوردستانی رۆژهەڵات گرتبووی گوتوویەتی: کوردستان چەقی شەڕە ئاخر زەمانییەکانە.

بەپێی ئەم هەواڵە مێهدی فەرزی لە قسەکانیدا دەڵێت: ئێرانییەکان لە ساڵی ١٣٥٧ەوە وەک دژبەری ئیسرائیل هەموو شتێکیان لە دژی ئەو وڵاتە کردووە، بە پێی سەرچاوە ئایینییەکانیش، ئیسرائیل بە سەرچاوەی شەڕ دەزانرێ و جولەکە لە رەگەزی مەیمونە؛ هەمان سەرچاوە ئایینییە کورد بە رەگەزی جندۆکە دادەنێت کە وایە کاتێک کوردستان بە ئیسرائیلی دووهەم دادەندرێ، مەبەست ئەوەیە کە کورد وەک جولەکە سەرچاوەی نگریسی و خراپە لە جیهاندایە و لە تۆرەمەی ئینسان نین.

لە کاتی هێرشی حەشدی شەعبی بۆ سەر کەرکووک و ناوچە جێناکۆکەکان، ژمارەیەک لە ناوەند و دام و دەزگا سەرکوتکەرەکان کە بەشداریان لە گرتنی کەرکووک و شارەکانی دیکە کردبوو لە لایەن ئێرانەوە پشتیوانیان لە دەکرێت و ئەو دام‌و دەزگا سەرکوتکەرانە بە پارە‌و پشتیوانی ئێران دامەزراون و یارمەتی ئەو هێزانە لە لایەن ئێرانەوە دابین دەکرێت کە بریتین لە: سپای بەدر ، حیزبوڵای عێراق، ئەساعیبی ئەهلی حەق، کەتائیبی ئیمام عەلی، لیوای خۆراسان، لیوای عەلی ئەکبەر، لیوای ئەبوفەزل عەباس.

هەر لەو پەیوەندییەدا، ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستانیش لە بەیاننامەیەکدا، ڕایگەیاند: زانیارییە هەواڵگرییەکانمان پشتڕاستی دەکەنەوە کە ئەم هێزانە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی کراون تاکوو لەبری ئەو وڵاتە بەشداری ئۆپەراسیۆنەکانی دژ بە پێشمەرگە بکەن.