کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نوێنەری ورمێ: ٥٠ گوندی دەوروبەری گۆلی ورمێ چۆڵ کراون

13:49 - 25 بەفرانبار 2712

کوردستان میدیا: نوێنەری شاری ورمێ لە مەجلیسی رێژیمی ئێران وێڕای ئاماژە بە وشک بوونی گۆلی ورمێ لە داهاتوویەکی نزیکدا رایگەیاندووە، ٥٠ گوندی دەوروبەری ئەو گۆلە بە تەواوەتی چۆڵ کراون.
ئەو نوێنەرە وتی: ئاستی ئاوی گۆلی ورمێ بە شێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە و لە داهاتوویەکی نزیکدا بە تەواوەتی وشک دەبێت.
نادر قازی‌پوور لە کاتێکدا باس لە وشک بوونی گۆلی ورمێی کردووە کە بەرپرسی ئەنجومەنی بەڕێوەبەریی ئاوی دەریاچەی ورمێ گوتوویەتی، ٣١ سانتی‌میتر ئاوی ئەو گۆلە زیادی کردووە.
لەم چەند ساڵەی دواییدا کارناسان نیگەرانیی خۆیان لە کەم بوونەوەی ئاستی ئاوی گۆلی ورمێ دەربڕیوە و هوشدارییان لەمەڕ وشک بوونی ئەو گۆلە داوە.
بەرزایی ئاوی گۆلی ورمێ لە ساڵەکانی ١٩٩٥ هەتا ٢٠١١ی زایینی ٧ میتر کەمی کردووە و بەپێی وێنە ئاسمانییەکان لەم چەند ساڵەدا ٣٧٣٤ کیلۆمیتری دووجا لە رووبەری ئەم گۆلە کەم بووەتەوە.
هەر لەو پێوەندییەدا رێکخراوی ژینگەپارێزیی ئێران رایگەیاندووە، لەسەدا ٦٥ی گۆلی ورمێ وشک بووە.
نوێنەری ورمێ وتیشی: ئەگەر کێشەی ئاوی گۆلی ورمێ بەو شێوە بەردەوام بێت، ئەم دەریاچەیە لە ناو دەچێت و دوایی دەبێ سەدان میلیارد دولار بۆ بووژانەوەی سەرف بکرێت.
گۆلی ورمێ یەکێک لە گەورەترین گۆلەکانی جیهانە کە خاوەن ١٠٢ دوورگە و تێکڕای ئەو دوورگانە لەلایەن رێکخراوی یۆنسکۆوە وەکوو کۆمگەی سروشتی تۆمار کراون.
٢٧ جۆر گواندار، ٢١٢ جۆر باڵندە، ٤١ جۆر خزۆکە، ٧ جۆر دووژیانە و ٢٦ جۆر ماسی لە نێو ئەو گۆلەدا دەژین.
کێشەی دەریاچەی ورمێ ناڕەزایەتیی خەڵکیی بەدواوە بووە و چەندین جار لە شارەکانی ورمێ و تەورێز بەهۆی کەمتەرخەمیی لێپرسراوان، کۆبوونەوەی نارەزایەتی بەڕێوەچووە.