کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کرێکارانی پۆڵای ورمێ مانیان گرت

17:23 - 2 بانەمەڕ 2718

کوردستان میدیا: لەدرێژەی مانگرتن و ناڕەزایەتی دەربڕینە جەماوەرییەکان لە کوردستاندا کرێکارانی پۆڵای ورمێش سفرەی بەتاڵیان ڕاخست.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی شەممە رێکەوتی ١ی بانەمەڕ کرێکارانی کۆمپانیای پۆڵا لە ورمێ بەمەبەستی دەربڕینی ناڕەزایەتی لەهەمبەر وەدواکەوتنی مووچەی یەک ساڵی ڕابردوویان لە بەردەم بینای پارێزگاری ورمێ کۆبوونەوە و بە ڕاخستنی سفرەی بەتاڵ ئێعترازی خۆیان لەهەمبەر دۆخی نەشیاوی ژیانیان دەربڕی.

بەپێی ئەم هەواڵە مانگرتووان هیچ درووشمێکیان نەداوە و هەوڵیان داوە کە بەشێوەی سەمبۆلیک تراژێدیای ژیانی خۆیان پیشان بدەن.

ڕاخستنی سفرەی بەتاڵ چالاکییەکی نوێی ناڕازییان لە کوردستانە کە دەیانهەوێ بەم چەشنە ئەوپەڕی دۆخی نەشیاوی ژیانی خۆیان نیشان بدەن.

تراژێدیای ژیان لە کوردستان و گوێنەدانی لێپرسراوانی رێژیم بەم دۆخە لە کاتێکدایە کە گەورەلێپرسراوانی ڕێژیم نەتەنیا ئامادە نین هەوڵێک بۆ چارەسەری کێشەکانیان بدەن بەڵکوو وەها نیشان دەدەن کە لە ئێران و کوردستاندا هیچ کێشەیەک بوونی نییە؛ بۆ وێنە جێگری فەرماندەی گشتیی سپای پاسدارانی رێژیم لە ئاخاوتنی نوێژی هەینی تاراندا لە چوارچێوەی سیاسەتی شاردنەوەی گرفتە مەعیشەتییەکانی خەڵکی ئێران پەلاماری وڵاتانی ئامریکا، عەرەبستان، ئیسرائیل، بریتانیا و فەڕانسەی دا و ڕوو لە خەڵکی ئامریکا وتوویەتی: ئێوەی ئامریکایی بە ٤٠ میلیۆن خەڵکی ژێر هێڵی هەژاری بەتەمای چین؟ ئێوە دەزانن کە خەڵکی ئێران زۆر لە ئێوە باشتر دەژین؟ لە ئێوە ڕازاوەتر جل دەپۆشن؟ لە ئێوە باشتر دەخۆن و دەخۆنەوە؟ و باشتر لە ئێوەش دەتوانن بچنە سەفەر؟