کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوردپرێس؛ ناوەندێک بۆ سیخوڕی کردن لە کوردستان

15:26 - 21 خەزەڵوەر 2717

کوردستان میدیا: ڕێژیمی ئێران لە هەموو کەرەستە و دەرفەتێک بۆ زەربە لێدان لە بزووتنەوەی کورد کەڵک وەردەگرێت.

هەواڵدەریی کوردپرێس لە خەرمانانی ساڵی ١٣٨٩ی هەتاوی، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە شاری سنە دەستی بەکار کردووە و لەژێر ناوی هەواڵدەرییەک کە لەسەر هەواڵ و ڕووداوەکانی چوار پارچەی کوردستان بەتایبەت ڕۆژهەڵات چالاکی دەکات، وەکوو ناوەندێکی سیخوڕی بە چاوەدێریی ئیتلاعاتی سپای پاسداران درێژە بە کارەکانی دەدات.

ئەم هەواڵدەرییە کە لە فەزا مەجازییەکان، هەواڵ و ڕاپۆرتەکانی خۆی بڵاو دەکاتەوە، ئیددعای ئەوە دەکات کە سەربەخۆییە و سەر بە هیچ لایەن و گرووپێک نییە، لە حاڵێکدا بەپێچەوانەی ئیددعاکەی سەر بە ئیتلاعاتی سپای پاسدارانە و بە چاوەدێریی ئەو بنکەیە لە کوردستان درێژە بە چالاکییەکانی خۆی دەدات.

سەرەتای دامەزرانی بۆ ئەوەی ئەم ناوەندە سیخوڕییە بە هەواڵدەرییەکی سەربەخۆ پیشان بدەن، لەژێر ناوی دامەزراوەی فەرهەنگیی یەک ڕەهەندی پەیام (مؤسسە فرهنگی تک منظورە پیام) دەستبەکار بوو.

دامەرزێنەرانی ئەم ناوەندە سیخوڕییە حاجی محەممەد هادیفەڕ و نووریانــن کە هەر دوو ناوبراو لە فەرماندە پلە بەرزەکانی سپای پاسدارانن و لە بەشی ئیتلاعاتییەکەیدا کار دەکەن.

محمەممەد هادیفەڕ بە ڕەچەڵەک خەڵکی هەمەدانە، کە هەر لە سەرەتای شەڕی داسەپاو بە سەر کوردستان لە ساڵی ١٣٥٩ی هەتاوی، لە ناوچەی موکریان و بەتایبەت پیرانشار وەکوو فەرماندەیەکی سوێندخواردووی سپا لە سەرکوت و شەڕی داسەپاو بە سەر خەڵکی بێتاوانی کوردستان بەشدارییەکی بەرچاوی هەبووە، ناوبراو بە هۆی ئەوەیکە ماوەیەکی زۆر لە کوردستان ژیاوە بە باشی بە سۆرانی قسە دەکات و هەنووکە چەند ساڵێکە لە شاری سنە نیشتەجێیە و لە ساڵی ١٣٨٩ی هەتاوییەوە بە هاوکاریی ئیتلاعاتی سپای پاسداران و کەسێک بە ناوی نووریان کە وەکوو خۆی لە فەرماندە پلە بەرزەکانی سپای پاسداران بووە، ئەم هەواڵدەرییانە دامەرزاندووە.

ئەم ناوەندە سیخوڕییە چالاکانی فەرهەنگیی کوردی فریوخواردوویان لەژێر چاوەدێریی ئیتلاعات لە چەندین تیمی تایبەت لە سەر بەشەکانی کوردستان و دەوڵەتە داگیرکەرەکانی کوردستان وەکوو: هەرێمی کوردستان و حکوومەتی بەغداد، باکووری کوردستان و حکوومەتی تورکیە، ڕۆژئاوا و حکوومەتی بەشارئەسەد، ڕۆژهەڵات و ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، دابەش کردووە.

ئەم ناوەندە بە چەندین زمانی: کوردی، فارسی، عەرەبی و ئینگلیزی هەواڵ بڵاو دەکاتەوە و لە زۆربەی هەواڵەکاندا سیمای ڕێژیمی ئێران بە سیمایەکی دۆست و دڵسۆزی کورد پیشان دەدرێت، تەنانەت لە هەرێمی کوردستان بەناو هەواڵنێریان هەیە، کە زیاتر وەکوو سیخوڕێک چالاکی دەکەن.

فەلسەفەی دامەزرانی ئەم ناوەندە دژایەتی کردنی ڕەوتی ڕزیگاریخوازی نەتەوەی کورد لە کوردستان بەگشتی و ڕۆژهەڵات بەتایبەتییە، بۆیە ئەگەر چاو لە هەواڵە بڵاوکراوەکانیان بکرێت دەردەکەوێت کە زۆربەی هەواڵەکان بە شێوەیەکی نەرێنی باس لە ڕووداوەکانی کوردستان دەکەن و بۆ ئەو لایەنە سیاسییانەی کورد تەرخان کراوە کە پێوەندی و نزیکایەتییان لەگەڵ ڕێژیمی ئێران هەیە و هیچ ئاوڕێک لە حیزبە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات نادرێتەوە و ئەگەریش هەواڵێکیان لە سەر بکرێت بە حاڵەتی دژایەتی کردن و نفرەتەوە بڵاو دەبێتەوە.

ئەم ناوەندە یەکەم بنکە نییە کە لە لایەن ڕێژیمەوە بە مەبەستی چەواشە کردنی بزووتنەوەی نەتەوەی کورد و ڕەوتی فەرهەنگیی نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵات دامەزراوە، پێشتر ناوەندی بڵاوکەرەوەی سەلاحەدین ئەیووبی لە بەهاری ١٣٦٤ی هەتاوی، بەو مەبەستە دامەزرا. ئەگەرچی ناوەندی سەلاحەدین بە سەرپەرەستی پاسدار ئەسفەندیار ڕەحیم مەشایی و بۆ کونتڕۆڵ کردنی چالاکییە فەرهەنگییەکانی کوردستان دامەزرا، بەڵام بە هەوڵ و تێکۆشانی چەند نووسەر و شاعێرێکی دەروەستی کورد، خەونەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی لەو ناوەندە شڵەژا و بەپێچەوانە بوو بە ناوەندێک کە خزمەتی فەرهەنگ و ئەدەبیاتی کوردی بکات.

ئەو کەسانەی کە لە کوردپرێس پاش تێپەڕاندن لە بێژنگی حەراسەت و ئیتلاعاتی سپای پاسداران دادەمەزرێن، ئەگەرچی دەیانەوێت سیما و ڕۆڵی ئەو کەسە بلیمەتانەی پێشوو بە خۆیان ببەخشن، بەڵام بەناو چالاک و دڵسۆزی کولتووری نەتەوەی کورد لە ژێر سێبەری ڕێژێمێک دژ بە نەتەوەی خۆیان ڕاوەستاون و ڕێگای هەڵدێریان هەڵبژاردووە و لەو ڕاستییە تێنەگەیشتوون کە هیچ کامەیان نە لە ئاستی کەسانێکی وەکوو مامۆستا هێمن و ئەحمەدی قازین و نە خاوەنی ئەو پێگە و جێگە کۆمەڵایەتییەن کە سیاسەتەکانی ڕێژیم نەتوانێت کونتڕۆڵیان بکات.

ڕەنگە کارمەندە کوردە فریوخواردووەکانی کوردپرێس وەکوو: (ی. س، ح. س، ئـ . غ، س.
ش و......) چەشنی کەو سەریان لە ژێر بەفر کردووە و پێیان وابێت کەس نایانبینێت و نازانن چی دەکەن، بەڵام مێژووی کورد ناوی هەموو خائینان بە گەل و نیشتمان تۆمار دەکات و خۆشخزمەتی و فرۆشتنی پێنووسەکانیان بە دوژمنانی کورد قەت لە بیر ناکرێت.