کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەگەری ڕەدی شیاویی ڕۆحانی لەئارادایە

15:54 - 27 بەفرانبار 2716

کوردستان میدیا: ئەندامێکی شۆرای نیگابانی ڕێژیم باسی لە ئەگەری ڕەدکردنەوەی شیاویی سەرکۆماری ئیستای ڕێژیم بۆ خولی داهاتووی سەرکۆماری کرد.

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ١٤ی ژانویە، نیجاتوڵڵا ئیبراهیمیان ئەندامی شۆرای نیگابانی ڕێژیم باسی لەوە کرد کە؛ هیچ جیاوازییەک لە نێوان سەرکۆمار و خەڵکی دیکەدا بوونی نییە و ڕەنگە شیاویی سەرکۆماریش ڕەد بکرێتەوە.

ناوبراو بە ماڵپەڕی تابناکی وتووە: بۆ تاوتوێ کردنی شیاویی سەرکۆمارەکان هەموو شتێک هەر لە سەرەتاوە دەست پێدەکاتەوە و شۆرای نیگابان لەسەر بنەمای زانیارییەکانی نێو پەروەندەکەی بڕیار بۆ شیاوبوون یان نەشیاویی ئەو کەسە دەدات.

پێویست بە وەبیرهێنانەوەیە کە شۆرای نیگابانی ڕێژیم کە ئەندامەکانی بریتیین لە هێزە توندڕەوەکانی نیزیک لە خامنەیی، پێشتریش شیاویی هاشمیی ڕەفسەنجانیی ڕەد کردبوویەوە.

دوو حەوتوو پێش ئێستاش عەباسعەلی کەدخۆدایی وتەبێژی ئەم شۆرا وتبووی: ئەم شۆرا بەردەوام سەرقاڵی تاوتوێ کردنی شیاویی سەرکۆمارەکانە و هیچ گەرەنتییەک بوونی نییە کە ڕۆحانی بۆ جاریکی دیکە شیاوی سەرکۆماری بێت.

هەروەها مۆحەممەد باقر نەوبەختیش لە وەڵامی ڕەدی شیاویی ڕوحانیدا بە هەواڵدەرییەکانی گووتبوو؛ باس کردن لەم پرسە بێ‌بنەما و نالۆژیکییە.

لە نێو ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیدا هەر کەسێک کە بەپێی ڕێوشوێنە دیاریکراوەکانی وەلی فەقیهـ نەجووڵێتەوە و نەتوانێ ڕەزایەتی ناوبراو وەدەست بێنێت، لە بازنەی دەسەڵات دوور دەخرێتەوە، جا ئەم دوورخرانەوە هەندێکجار بەشێوەی حەزفی فیزیکی دەبێت و هەندێک جاریش تەنیا بە لابردنی مۆرەیەک کۆتایی پێدێت.