کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سمینی فرت و فێڵی زێنەبی کرمانێ

03:33 - 18 پووشپەڕ 2720

لە زمان یەکێک لە ئەدەیبان یان ئەدەب‌دۆستانی شاری مەهاباد گێڕاویانەتەوە، لە ئاخرین ساڵانی دەسەڵاتداریی رێژێمی پاشایەتییدا بەشێک لەو کەسانەی خوێندنی قوتابخانەیان تەواو دەکرد، لە جیاتی سەربازی، بۆ ماوەی دوو ساڵ لە گوندان دەکران بە مامۆستا و “سپای دانیش”ـیان پێ‌ دەگوترا. مامۆستای ئەو کاتیش لە زۆربەی گوندەکان خوێندەواری تاقانە بوون و کەم هەڵ دەکەوت جگە لە مەلای ئاوەدانی؛ کەسێکی دیکە بتوانێ شتێک بخوێنێتەوە. ڕۆژێک لە گوندێکی سەر بە کرماشان پیاوێکی بەتەمەن بە ناوی “یارمحەممەد” کەرێکی لێ ون دەبێ و دەچێتە لای سپای دانیش و داوای لێ دەکا، بۆ دۆزینەوەی کەرەکەی فاڵی حافزی بۆ بگرێتەوە. ئەویش دوای بیرکردنەوەیەکی زۆر، دێڕە شێعری “ما عکس رخ یار در پیالە دیدەایم”ـی حافزی شیرازیی بۆ دەستکاری دەکا و دەڵێ: “حافز فەرموویەتی “ما عکس خر یارمحمد در پیالە دیدەایم”.” یارمحەممەد دەڕوا و داوی ماوەیەک بە کۆڵێک ماست و پەنیر و مریشکەوە دێتەوە لای مامۆستای قوتابخانە و لەبەر ئەوەی لە گوندێک بە ناوی “پیاڵە” کەرەکەی دۆزیوەتەوە، زۆر سپاسی مامۆستا دەکا. * * * سەرچاوەکانی هەواڵ لە لوبنانەوە لە زمان “زێنەب موغنییە” کچی یەکێک لە سەرکردەکانی پێشووی حیزبوڵڵای لوبنانەوە بڵاویان کردەوە: “زێنەب سولەیمانی” کچە گەورەی قاسم سولەیمانی کە بە هۆی هێرشی فڕۆکەی ئەمریکایی کوژرا، شووی به کوڕی فەرماندەیەکی حیزبوڵڵا کردوە. ئەم ژن و ژن‌خوازییە پەیمانی نێوان شۆڕشی ئیسلامیی ئێران و حیزبوڵڵای لوبنانی پتەوتر کردوە. خزمایەتی و ژن و ژن‌خوازی، ڕۆحی هۆز و عەشیرەکان لە یەکتر نزیک دەکاتەوە و دیارە ئەم جارە ئەوان هاسان‌تر دەتوانن داوای پارە و مووچەی مانگانەی ئەندامەکانیان لە کۆماری ئیسلامی بکەن. پێش ئەم ڕووداوانەش “حەسەن نەسروڵڵا” بە ئاشکرا گوتبووی هەتا کۆماری ئیسلامی پارەی هەبێ، ئێمەش دەمانبێ و کۆماری ئیسلامی سەرچاوەی پارە و داهاتی ئێمەیە و مووچەی ئەندامانیشمان ئەوان دابینی دەکەن. بە هۆی ئەوەی باوکی زێنەبی سولەیمانی لەکاتی هەناردەکردنی شۆڕشدا پارێزەرانی مەزارگەی “زێنەب”ـی دەناردە سووریە و ئێستاش زێنەبی کچی “عێماد موغنییە”، هەواڵی شایی و هەڵپەڕكێی زێنەبی قاسم‌ـمان پێ دەڵێ، خەریکە “زێنەب” دەبێتە سەروای بابەتەکەمان.  ئێمەش دوور لە چاوی وردبینی “زێنەبێ قەڵاتان” لەسەر زێنەبی سولەیمانی دەمێنینەوە و لەوێ لە جیات فاڵی حافز، فاڵی ئەم شێعرە کوردییەی خوارەوەتان بۆ دەگرینەوە: “ئەبرۆت هیـــــلالی یەک‌شـەوە سەریان پەیوەســــتە پێــــــکــەوە برژانگ تیری کەی‌خوسرەوە” ١- لە دێڕی یەکەمدا ئەبرۆ بە “هیلال” شوبهێنراوە. دیارە لەم سەردەمەدا ئەبرۆی هیلالی باوی نەماوە و خانمان برۆکانیان پێچەوانەی هیلال درێژ دەکەنەوە. (لە نێو خۆمان دەرنەچێ، زۆریش لێیان جوانە) ئەوەی لەم سەردەمەدا لەسەر بابەتی هیلال پێداگرە، دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە. سووچێکی هیلالەکەی ئەوان لە مەشهەد و قومەوە دەست پێ‌دەکا و سووچەکەی دیکەی لە لوبنان لەبن پیلی ئیسڕائیل تەواو دەبێ. ٢- “سەریان پەیوەستە پێکەوە” پێمان دەڵێ دوو سەری ئەم هیلالە پێکەوە پەیوەستن. وڵامی ئەمەیان لە کۆی ئەم بابەتەدا بدۆزنەوە. ٣- “برژانگ تیری کەی‌خوسرەوە” لێرەدا مەبەستەکە ئامانجی خۆی بە تەواوی دەپێکێ و تیری کەی‌خوسرەو کە پادشای دادپەروەری نێو پەڕاوە مێژووییەکانە و فارسەکان ئەوانەی ڕەگەزپەرستن، زۆر جار نانی یەکیەتی و یەکگرتوویی خۆیان لەسەر سفرەی ئەویش دەخۆن، تیرەکەی لەژێر هیلالی ئاماژە بۆ کراودا دەهاوێژێ.   ئەنجامی سیاسی: زێنەبی سولەیمانی کچە گەورەی قاسمی سولەیمانی هیچ بڕوا ناکا جێگرەکەی باوکی بتوانێ ئەم هیلالە بپارێزێ، بۆیە بە ناچاری یان بۆ خۆشیی دڵی خۆی دەلینگی لێ هەڵ‌ماڵیوە.   ئەنجامی جوگرافیایی: ژیانی مەعنەویی هاوسەر و کچی فەرماندەی سپای قودس و سەرکردەی حیزبوڵڵای لوبنان بوون، لە مەودای نێوان دوو جەمسەری هیلالەکەدا بە بەردەوامی لە هاتوچۆدایە، هەر نەبێ فڕۆکەکانی کۆمپانی فڕۆکەوانیی “ماهان” مسۆگەری دەکەن.   ئەنجامی مێژوویی: ئەوانەی خۆیان بە میراتگری کەی‌خوسرەو دەزانن، هەوڵ دەدەن بە برژانگی زێنەبێ تۆڵەی هێرشی ١٤٠٠ ساڵ لەمەو بەر بکەنەوە، بەڵام ئاخۆ خوارزا چی بەسەر خاڵۆیان دەهێنن؟ ئەنجامی خۆش: ئەمەیان زێنەب و زاوازێڕینە عەرەبەکە باشتر دەیزانن.   ئەنجامی دەشتەکییانە: زێنــەبێ وەی زێنــــەبێ لەو زێنـــەبەی کــــــرمانێ دەرێ بابانت شێوێ ناوت کەوتە لوبنانێ ئەنجامی دوای زڕە باوێشک و چاو هەڵگڵۆفین: رووداوی فاڵ‌گرتنەوەی دۆزینەوەی کەرەکەی یارمحەممەدیش لە کۆتاییەکانی دەسەڵاتداریی حکوومەتی پاشایەتییدا ڕووی دا.   ***