کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی لانیکەم ١٩ کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی و ٦ حاڵەتی مانگرتن لە شارەکانی کوردستان و ئێران

12:38 - 18 بانەمەڕ 2724

لە درێژەی ناڕەزایەتی و مانگرتنی توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگە، ڕۆژی دووشەممە، ١٩ کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی و ٦ حاڵەتی مانگرتن لە شارەکانی کوردستان و ئێران بەڕێوە چوو و ناڕازییان خوازیاری مافە پێشێلکراوەکانیان بوون.

بەپێی ڕاپۆڕتی هەواڵدەریی هێرانا ڕۆژی دووشەممە ١٧ بانەمەڕ، ١٩ کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی و ٦ حاڵەتی مانگرتن لە شارەکانی ورمێ، کرماشان، سنە، بیجاڕ، مەریوان، ئیلام، شیراز، ڕەشت، ئەراک، ئێسفەهان، ئەردەبێڵ، ئەهواز، تەورێز، هەمەدان، زەنجان و بەندەرعەباس بەڕێوە چووە.

بەپێی ئەم ڕاپۆڕتە ڕۆژی ڕابردوو ژمارەیەک لە خانەنشینکراوانی شیرکەتی موخابەرات لە بەردەم ئیدارەکانی موخابەراتی شارەکانی وەکوو کرماشان، تاران، سنە، ورمێ، مەریوان، بیجاڕ، هەمەدان و زەنجان کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە بردووە و خوازیاری زیادکردنی مووچەی خانەنشینکراوان بەپێی هەڵاوسانەکان و بەرزبوونەوەی نرخەکانی بژێوی ژیان بوون.

هاوکات کۆمەڵیک لە شۆفیرانی دەروازەی سنووریی مێهران لە بەردەم پارێزگاریی ئیلام کۆبوونەوەیان بەڕێوە برد و سەبارەت بە کەموکوڕییەکانی کارەکەیان ناڕەزایەتییان دەربڕی.

لەلایەکی دیکەوە ژمارەیەک لە زێڕنگەرییەکان لە شارەکانی ورمێ، ئەردەبێڵ و هەمەدان و زەنجان و هەروەها کۆمەڵێک لە کامیوندارەکان لە شاری شیراز و کۆمەڵێک لە کرێکارانی شیرکەتی بیناسازی چابەهار مانیان گرت و داوای مافەکانی خۆیان کرد.

دۆخی خراپی ژیان و گرینگینەدانی ڕێژیم بە داواکاریی کرێکاران، خانەنشینکراوان و باقی توێژەکانی کۆمەڵگە وای کردووە کە هەموو ڕۆژێک لە شارەکانی کوردستان و ئێراندا، کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی بەڕێوە بچێت، بەڵام هەتا ئێستا بەرپرسانی ڕێژیم، هیچ وڵامێکیان نەبووە.