کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە ھەناوی ھەست‌بزوێنی شمشاڵەکەی مامە قالەوە

15:52 - 1 سەرماوەز 2720

لە ھەناوی ھەست‌بزوێنی شمشاڵەکەی مامە قالەوە

(پێشکێش بە یادی ٩٥ ساڵەی لەدایک‌بوونی ئیمپڕاتوری شمشاڵ)

زۆر جاران پەنجەی سەر ئامێرەکانی مۆسیقا و ئاوازژەنین سنوورەکان دەبەزێنن، خودان پەنجە و قورگە بەھرەمەندەکان خۆشەویست دەبن و ژەنینی ئاواز ھەستی مرۆڤەکان تەژی لە خۆشی و ھەندێک جاریش دڵی مرۆڤەکان دەگوشێ. ژەنینی ھەر ئاوازێک لەم کەون و گەردوونەدا چیرۆکێکی ڕاستەقینەی لە پشتە، لە بواری ئازایەتی و جەنگاوەری‌دا ، لە ئەوین و خۆشەویستی‌دا، وەسفی سروشت و جوانی مرۆڤ‌دا، زۆر جارانیش دەربەدەری دەبێتە ھۆی نۆتە گەلێکی گەلێک جوان... ھتد. ئەوەی لێرەدا بۆتە ھەوێنی نووسینی ئەم دێڕانە دەست و پەنجەی ڕەنگینی مرۆڤێک کە تاکۆتایی ھەناسەی ژیانی توڕی بە بلوێردا کرد و ئاوازی بۆ نیشتیمان ژەنی، لە ڕێی لەرەی پەنجەکانی و پشووە درێژەکانی گەروویەوە شاکاری خوڵقاند و ئەو مرۆڤە خۆشەوستەی لێ دەرچوو کە ھەر لە بینینی شمشاڵەوە مرۆڤ دەکەوێتەوە بیری دڵی شەیدای نیشتیمان خۆشەویستیی مامە قالە مەڕە . قادر عەبدوڵڵازادە ناسراو بە قالە مەڕە کە زۆرتر "مامە قالە"یان پێ‌دەگوت، لە یەکەم ڕۆژی مانگی سەرماوەزدا، لەگەڵ شنەبایەکی وەرزی سەرماوەزدا بۆ یەکەمجار ئاوازەی گریانێکی بە ڕووی ژیانەوە ژەنی، لە سەرماوەزی ساڵی ١٩٢٥دا مرۆڤێک بە مرۆڤەکانی گوندی کولیجەی سەر بە بۆکانەوە زیاد بوو، ساوایەک کە پاشان بوو بە وێردی سەر زاروزمانان و ھێدی ھێدی سنوورە دەست‌کردەکانی کوردستانی چوار دەستەبراشی تێ‌پەڕاند. لە قۆنداغە بوونەوە بۆ ھەڵڕوسکان و دارە داری بن دیواران، کەوتنە سەرپێ و ئارامی و ھێدی بوونی لە ھەڵسوکەوت‌دا بوو بە نازناوێکی گەلێک خۆش کە تاکوو دواھەناسەشی ئەو نازناوەی پێ بڕا . لە باڵاکردنی‌دا  پەنجەکانی بوونە ھاوڕێی شمشاڵ و تاکو کاتی کۆچی دوایشی شمشاڵەکەیان لە ئامێز گرت و بۆ تەنیا ساتێکیش پەنجە و شمشاڵەکە بەبێ یەکتر نەژیان. شوانی دەبێتە پیشەی ژیانی و سروشتی جوانی کوردستان و تەنیا بوون بەدیار پەزەکانیەوە عەوداڵی شمشاڵ لێدانی دەکا و چیرۆک و سەربردە و گێڕانەوەکان لەڕێی پەنجەکانیەوە دێنە ژوانی ئاوازی ڕەسەنی کوردییەوە. لە ماڵباتەکەی خۆی‌دا سنوورە و سنووری شاران دەبڕێ، لە ڕێگای ڕادیۆ کە ناوەندی ڕاگەیاندنی ئەو سەردەم بوو، لە سنە، کرماشان، ورمێ، تاران و مەھاباد ناوبانگ دەردەکا و ئەفسانەی شمشاڵ ژەنینی کوردستانی ڕۆژھەڵات ھێندەی تر دەبێتە وێردی سەر زاروزمانان . کەش و ھەوای ئەو سەردەم بۆ بڵاو بوونەوەی ناوبانگی مامە قالە ھەموارتر دەبێ کاتێک لەگەڵ چریکەی دەنگی ھونەرمەندی گەورەی کورد حەسەن زیرەک ئاشنا دەبێ. نەبینیی باوک و پاشان لە تەمەنی منداڵی‌دا کە دایکی کۆچی دوایی دەکا ھێندەتر لە ژیاندا بەشمەینەت دەبێ و ژیانی بێ‌سەرپەرستی بڕستی لێ دەبڕێ . لە کاتێک‌دا پەیوەندی بەکۆماری کوردستانەوە دەکا و لەگەڵ مامۆستا ھێمن و مامۆستا ھەژار بناغەی دۆستایەتی دادەمەزرێنێ، دوای لە سێدارەدانی پێشەوا قازی مەحەممەد و جوانەمەرگ‌ بوونی کۆماری کوردستان، مامە قالەش بە ناچاری بەرەو دیوی کوردستانی گەرمێن پەڕیوە دەبێ و ژیانی دەربەدەری لەو کاتەوە دەست پێ‌دەکا. ھاوڕێیەتی لەگەڵ مەلا ئاوارە و مەلا مەحموودی زەنگەنە و سولەیمانی موعینی دەبێتە زیاتر جۆش دانی ھەستی کوردایەتی مامە قالە. تا سەرەتای دەست‌پێکردنی شۆڕشی گەلانی ئێران بە نهێنی پەیوەندی بە شۆڕش و حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە ھەبوو . سەرەتای دەست بەکار بوونی ڕادیۆ دەنگی کوردستانی ئێران، شمشاڵی مامە قالە ماڕشی بوونەوەی ئەو ڕادیۆیە بووە ، ھاوەڵێکی بەردەوام، دانەبڕاو، لە سەردەمی خەباتی چەکداری و پێشمەرگانەی ئەو سەردەم‌ و هەتا ئێستاش‌دا. لە تۆنی دەنگی شمشاڵی مامە قالە مەڕەدا دەتزانی کە ئەو ڕۆژانە ھەواڵی سەرکەوتنی پێشمەرگە دەبیستی، یاخود ڕژانی خوێنی سووری چەند شەھیدێک، نیشتیمان ھێندەی تر ڕەنگین دەکا؟ پەنجە و بلوێر و قوڕگێک تا ژیا و فووی بە شمشاڵ‌دا کرد بۆ کورد ژیا و، فەرھەنگە ئاوازی ڕەسەنی کوردی ژەنی. یادی هەرمان...