کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوڕۆنا و گەمارۆ ئابوورییەکان جووت‌شەشن

15:56 - 1 سەرماوەز 2720

لە کۆنەوە باسی جیاوازیی بەرچاوی باشوور و باکووری شاری تاران کراوە. ئەمەیانم زۆر جار لە زۆربڵێ حەساوەکانی ژێر سێبەری داری باخچۆڵەکانی باکووری ئەم شارە بیستووە. ئەوان دەڵێن تەنانەت پلەی گەرمی و ساردیی باکوور و باشووری تاران لە قرچەقرچی گەرمای هاویندا ٥ هەتا شەش پلەیە. لێتان تێک‌نەچێ، ئەوەی فێنک و خۆشە، باکوورە و باشووری ئەم شارەش خەڵکی برسیی لە ماڵ‌وحاڵ دابڕاوی شار و گوندەکانی سەرانسەری ئێران ڕوویان تێ‌کردووە و بە ڕۆژ و بە شەو بۆ پەیداکردنی پارووە نانێک و ئاخنینی سکیان بە هەرچییەک بێت، وەک مێروو تێکەوەداوێن. ئەمە زیاتر لە چل ساڵی ڕەبەقە، هەموو ساڵان چەند جاریش لەلایەن باکوورنیشنانەوە بۆ تەکبیر لێدان و دروشمی قەبەی پشتگیری کردن لە "نظام مقدس" هان دەدرێن و هەر بەم مەبەستە بەشێکی بەرچاویشیان لە شەڕی کوردانی "ضد انقلاب" و شەڕی داسەپاوی ئێران و عێراق‌دا خۆیان شەهید کردووە. (دیارە منی چۆلەکەی بچووک هەموو ئەمانەم لە سرت‌وخورتی بن دارانی باکوور نشینانی خواپێداوەوە بیستووە و هیچی سازکراوی خۆم نییە.) باکووری تاران بەو هەوای سازگار و دارستانی چڕوپڕەوە کە لەم دواییانەدا بە دەستی سەرمایەگوزارانی موحتەڕەمی وەک ئاغایان موحسینی ڕەزایی و عەلی شەمخانی و کەسوکاری سەرۆک‌کۆمار و وزیر و مەزیرەکان لەژێر چاودێریی "بیت معظم ڕهبری"،  باڵەخانەی بەرزی لێ سازکراون و زۆربەی وەفاداران و نەخشە داڕێژانی پاراستنی "نظام" و جەنگی لوبنان و سووریە و عێراق و یەمەن و ئەندامانی ڕێکخراوە ئینقلابی و ئیسلامییەکانی وەک "ئەلقاعیدە" و "تالیبان" و "بوکوحەرام" و تەنانەت "داعش"یش  لە سەر حیساب و تیچووی بەیتی موحتەڕەمی ڕەهبەری و دەرئامەدی کەڵانی نیزامی موقدەسی جەمهووریی ئیسلامی کە بە پشت‌بەستن بە باشوور نشینانی (همیشە در صحنە) دەست دەکەوێ، لەم گەڕەکانە نیشتەجێن. بۆ سمینی ئەمەی سەرەوە، لەم ڕۆژانەی دواییدا هەواڵی چەند مانگ لەمەوبەری کوشتنی سەرکردەی ژمارە ٢ی ئەلقاعیدە و کچە بێوەژنەکەی کە بووکی بن لادن بوو، لە لای باکووری پایتەخت بیسترا. وەک میدیاکان دەڵێن، دوو دەستکیسی سەر بە ئیسرائیل لە سەر ماتۆرسکلیتەوە تەقەیان لێ‌کردوون و وەک لایەنگرانی کوژراوان دەڵێن، پیاوەکە بە بەهەشتی بەرین و هۆبەوهەواری حۆرییان شاد بووە، بەڵام ژنەکە ڕەنگە لە دونیای دیکەش کوڕەکەی بن لادن پێ ڕازی نەبێ، بۆیە هەروا بیلاتەکلف و سەرگەردانە. جودا لەمانە ماڵی باڵیۆز و ماڵیۆز و سەر قوونسوور و مەرقوونسوور و تەنانەت نوێنەری کۆمپانیاکانی وڵاتانی خۆرهەڵات و خۆرئاواش کە دەوڵەتەکانیان لە میدیاکانەوە خراپەی نیزامی موقەدەس دەڵێن و نوێنەرەکانیان لە باکووری تاران بە چەقەنە لێدانی سەرانی "نظام مقدس" هەڵ‌دەپەڕن. هەروەها "سەرۆکی نەخۆشخانەی مەسیحی دانشەوەری" و "ئەندامی ئەنجومەنی باڵای شۆڕشی فەرهەنگی" و " ئەندامی بەردەوامی هەڵبژێردراوی فەرهەنگستانی زانستە پزیشکییەکانی ئێران" و" ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتیی نیزام پزشکیی تاران" و " ئەندامی باڵای نیزام پزیشکیی ئێران " و "ئەندامی پلەبەرزی ناوەندی لێکۆڵینەوەی ئازارەباریکە و نەخۆشییەکانی سیپەلاک" و" سەرۆکی شۆرای نێوەندیی ئەنجومەنی ئیسلامیی پزیشکانی ئێران " و "نوێنەری گرووپی زانستیی پزیشکیی نەریتی و فەرهەنگستانی زانستی پزیشكی" و "بەڕێوەبەر و خاوەن ئیمتیازی گۆڤاری نەخۆشییەکانی بۆگەن‌کردوو و گەرەمەسێری" و "نوێنەری ئەکادیمیای زانستەکانی پزیشكی لە دەستەی دەستپاکانی فەرهەنگستانەکان" و "ئەندامی ئەنجومەنی ئیسلامیی دەرچووانی زانکۆکانی ئورووپا، ئەمریکا و ئوقیانووسیە" و" ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری زانکۆ ئەهلییەکانی سەر بە ئەنجومەنی وەرزشیی خانمانی وڵاتانی ئیسلامی" و "ئەندامی دەستەی دەستپاکانی زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی شەهید بەهشتی" و  ڕاوێژکاری ڕێبەری کۆماری ئیسلامی لە کاروباری نێودەوڵەتی" و "ئەندامی کۆڕی دەستنیشان‌کردنی بەرژەوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی" و "ئەندامی ئەنجومەنی نرخێنەری زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی شەهید بەهەشتی" و "سەرۆکی گروپی ئیسلامیی هاوچەرخی دامەزراوەی دایرەتولموعاریفی ئیسلامی" و "سەرۆکی ئەنجومەنی پشتگیری‌کردنی نەخۆشانی بۆگەن‌کردووی ئێران "و "سەرۆکی کۆمیتەی فەرهەنگ و شارستانییەتی ئیسلام و ئێران لە ئەنجومەنی باڵای شۆڕشی ئیسلامی" و "ئەندامی دەستەی نووسەرانی وەرزنامەی پسسپۆڕانەی شیعەناسی" و "ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری زانکۆی ئازادی ئیسلامی" و "ئەندامی دەستەی چاودێری‌کردن بە سەر جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ئەتۆمی"یش دانیشتووی باکووری تارانن، نا ببوورن تارانە. (ببوورن لە کۆکردنەوەی فەرمانی ئەم ڕستە دوورودرێژ و پڕ لە فاریزەیەدا کیشەم بۆ دروست بوو، لە نێوان "تارانە" و "تارانن"دا وەک کوۆی فرمانی "ـە" و "نن" ماومەتەوە. بەڵام ئاخری بەم ئەنجامە گەیشتم ڕستەکە بە فرمانی تاک کۆتایی پێ‌بهێنم و بڵێم "تارانە" واتە ئەوکەسەی ئەندام سەرۆکی ئەم هەموو دەزگا و لێژنە و کۆڕوکۆمەڵانەیە، یەک کەسە و ناوی "دکتور عەلی ئەکبەری ویلایەتی"یـە. ) لە نێو ئەم هەموو هەراوهوریا و بگرەوبەردەی باکووری تاران، پسپۆڕیکی لایەنگری "نظام مقدس" کە ماوەیەکە تێکەڵی ڕێنوێنیەکانی میرزا عەلی ئەکبەر ویلایەتی بووە، لەبن دارێکدا وڕێنەی دەکرد و دەیگوت: "کۆرۆنا بۆ "نظام مقدس" جووت شەشە و دانیشتووانی باشوور لەبەر مردن بە هۆی کۆرنا و گرانیی دەواودەرمان و پێداویستیی دیکە، سێ ڕۆژەکەی پار ئەودەمانە واتە گەڵاڕێزانی ساڵی ١٣٩٨یان لەبیر چووەتەووە. ئەوکات بە تاوانی سەرهەڵدانەکان دە ئەوەندی دیکەشیان لێ کوژرابا، ئێستا لەبەر کۆرۆنا و گەمارۆ ئابوورییەکان پەلیان نەدەبزاوت و ئێستاش "نظام مقدس" بۆ کار قایمی خەریکە بە بیانووی تەشەنەسەندنی کۆرۆنا هاتووچۆی خەڵک سنووردار دەکا و بە بێدەنگی "حکومت‌نظامی"ی شەوانەشی ڕاگەیاندووە." ئەمەی خوارەوەوش هەر قسەی پسپۆڕەکەی سەر بە "نظام مقدس"ـه: سڵاو لە وڵاتی "چین" بۆ کۆرۆناکەی و دروود بۆ ئەمریکا بۆ گەمارۆکانی. کۆرۆنا شەشێک و گەمارۆ ئابوورییەکانیش شەشێکی دیکە کە دەکەنە جووت‌شەش و بەمجۆرە شەش‌دەرمان لێ‌گرتون."