کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پیلانی ڕێژیم بۆ ئاژاوەنانەوە لە کرماشان

16:00 - 25 گەلاوێژ 2721

سپای پاسدارانی ڕێژیم لە ڕێگای مۆرە بەکڕێگیراوەکانی، ئاژاوە لەنێوان دانیشتووانی گوندەکانی سەر بە شاری کرند لە پارێزگای کرماشان دروست دەکات. بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، سپای تێرۆریستی پاسداران لە چواچێوەی پیلانگێرییکدا، لە هەوڵی ئەوە دایە کە کێشەی ئاو و زەوی و زار لەنێوان چەند گوندێکی سەر بە شاری کرند لە پارێزگای کرماشان، بکاتە کێشەیەکی ئایینی و مەزهەبی. هەر لەو چوارچێوەیەدا ، سپای پاسداران هەوڵ دەدا کێشەی ئاو لەنێوان گوندی زەردە و گوندەکانی ڕێژاو، باوەجانی و داراب لە ڕێگای مۆرەکانی خۆیەوە، بەرەو ئاڕاستەی کێشەی مەزهەبی ببا، تاکوو لەو ڕێگایەوە خەڵکی ئەو ناوچەیە کە هەزاران ساڵە بەشێوەی برایانە و ئاشتییانە پێکەوە دەژین، بەدژی یەکتر بەکار بهێنێ.‌ جێی ئاماژەیە کە خەمخۆران وکەسایەتییەکانی سووننی و یارسان لە ناوچەی کرند لە هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکان و ئاشتەوایی و پووچەڵکردنەوەی پیلانەکەی سپای پاسدارانی ڕێژیمن.