کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی‌دوایی دایکی شەهیدێکی حیزبی دێموکرات لە ناوچەی هۆملی سەردەشت

15:17 - 30 گەلاوێژ 2721

دایکی شەهیدێکی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە ناوی" ئامان ئەحمەدی" خەڵکی گوندی "زووران" و دانیشتووی گوندی مارەغانی ناوچەی هۆملی سەردەشت ماڵاوایی لە ژیان کرد. بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ڕۆژی چوارشەممە ٢٧ی گەلاوێژی ١٤٠٠ی هەتاوی، دایە "ئامان ئەحمەدی" دایکی شەهیدی فەرماندە "سەعدوون مارەغانی" لە گوندی "مارەغان"ـی سەر بە ناوچەی هۆملی شاری سەردەشت بەهۆی نەخۆشییەوە بۆ هەمیشە ماڵاوای لە ئاوات و ئامانجەکانی کوڕە شەهیدەکەی کرد و دڵە پڕ لە هیواکەی لە لێدان کەوت. دایە ئامان وێڕای کۆچکردوو مام "سەلیم"ـی هاوسەری، کەسانێکی حیزب‌دۆست و پێشمەرگەخۆشەویست بوون و ماڵەکەیان لە گوندی مارەغان هەمیشە وەک بنکەی پێشمەرگەکان وابوو و لە ڕێنوێنی‌کردنی کادر و پێشمەرگەدا هیچکات خۆیان نەبواردووە و هەمیشە لەو ناوچەیەدا جێی متمانەی کادر و پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات بوونە. شەهید "سەعدوون فاتمیان" ناسراو بە "سەعدوون مارەغانی" کوڕی دایە ئامان، لە ڕیزی تێکۆشەرانی دێموکراتدا، یەکێک لە ئازاترین و دڵسۆزترین پێشمەرگە و کادرەکان بوو، ئازایەتی و دڵسۆزی سەعدوون ئەوی لەنێو کادر و پێشمەرگەکان بەتایبەتی خۆشەویست کردبوو و فیداکاری و دڵسۆزی ناوبراو وای کردبوو کە پلە نیزامییەکانی لە جێگری پەل و سەرپەل و جێگری لک و فەرماندەی لک ببڕێ و ئەرکەکانی سەرکەوتوو ببێ. شەهید سەعدوون لە ساڵی ١٣٧٣ی هەتاویدا، لە کاتی بەڕێوەبردنی ئەرکی حیزبی لە ناوچەی ئالانی سەردەشت بەهۆی کەوتنە نێو مەیدانی مینی دوژمن بەسەختی بریندار بوو و بەهۆی سەختی برینەکانییەوە پەیوەست بە کاروانی شەهیدانی کوردستانەوە بوو. لەلایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵەی دایە ئامان و هەموو کەسوکاری دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.