کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندی نووسەرانی کوردستان: سڕینەوەی زمانی کوردی لە ئەندێشەی پاوانخوازەوە سەرچاوە دەگرێت

15:16 - 31 گەلاوێژ 2721

ناوەندی نووسەرانی کوردستان لە بەیاننامەیەکدا سەبارەت بە سڕینەوەی زمانی کوردی لەسەر تابلۆکانی زانکۆی کوردستان لە سنە ڕەخنە لە بەرپرسانی حکوومەتیی دەگرن. ناوەندی نووسەرانی کوردستان لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: لە ڕۆژانی ڕابردوودا کۆمەڵەی خوێندکارانی سەر بە حکوومەت لەناو زانکۆی کوردستان لە سنە بە ناوی ''بەسیجی خوێندکاریی'' دەستیان کردووە بە سڕینەوەی نووسراوەی کوردیی سەر تابلۆکانی ئەو زانکۆیە و سڕینەوەی زمانی کوردی لەسەر تابلۆکانی ناو زانکۆی کوردستان بووەتە هۆی ناڕازیبوونی چالاکانی خوێندکاری و هەتا ئێستاش بەرپرسانی زانکۆی کوردستان لەم بارەیەوە هیچ ڕوونەکردنەوەیان نەداوە. ئەم هەوڵەی بەسیجی خوێندکاری بۆ دژایەتیکردنی زمانی کوردیی لە کاتێکدایە کە لقی زمان و ئەدەبی کوردیی بۆ یەکەم جار لە ئێران لە زانکۆی کوردستان ماوەی شەش ساڵە دەستی پێکردووە و هەر ساڵە و زیاتر لە ٤٠ خوێندکار وەردەگرێت و لەو کاتەوە تابلۆی سەر کۆلیژی زمان و ئەدەبی کوردیی بە هەردوو زمانی فارسی و کوردییە. چالاکانی خوێندکاری و فەرهەنگی لە بەرانبەر ئەم کردەوەیەی خوێندکارانی بەسیجیدا ناڕەزایەتییان دەربڕیوە و بە هەڵوێستێکی دوژمنانە لە بەرانبەر زمان و فەرهەنگی کوردیدا لەقەڵەمیان داوە. ناوەندی نووسەرانی کوردستان وێڕای ئیدانەکردنی ئەو کردەوە دژەفەرهەنگییە، دەنگی خۆی دەخاتە پاڵ دەنگی کۆمەڵگەی فەرهەنگی و خوێندکارانی بەهەڵوێستی زانستگەی کوردستان و ڕایدەگەیەنین، ئەو کردەوەیە دەچێتە خانەی سڕینەوەی زمان و ئەدەبی نەتەوەکەمانەوە و هەرچەشنە ئاسمیلاسیۆنێکی زمانی و فەرهەنگی ئیدانە دەکەین و پێمانوایە ئەو هەوڵانە ترسنۆکانەیە و لە ئەندێشەی دەسەڵاتی سەپێنەر و پاوانخوازەوە سەرچاوە دەگرێت کە لە هەمبەر گەشەی زمانی کوردیدا ترسیان لێ نیشتووە.