کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کارەساتی ژینگەیی بەهۆی وشکبوونی گۆلی "ورمێ"ـوە

14:26 - 25 رەزبەر 2721

چەندین ساڵە کە گۆلی ورمێ تووشى کارەساتى کەم‌ئاوى بووەتەوە و دەسەڵاتى کۆمارى ئیسلامیش بەهۆی بێ‌پلانی بووەتە هۆى دروستبوونى کارەساتى مەترسیداری ژینگەیی لە ڕۆژهەڵاتى کوردستان. مێهران نەزەرى، بەڕێوەبەرى گشتى ئیدارەی ژینگە لە پارێزگاى ورمێ، لەبارەى دۆخى ئێستاى گۆلی "ورمێ"ـوە دەڵێ: کەمبوونەوەى ئاو و دابەزینى خێرای ئاستى ئاوى گۆلى ورمێ لە ساڵى ڕابردووەوە تا ئیستا بە شێوەیەکە کە ئەگەری ئەوە هەیە مەترسییەکی جیددی ژینگەیی بەڕێوە بێ و هەر ئەوەش بووەتە هۆى دروستبوونى وردەتۆزى "خوێ" لە ناوچەکەدا کە زیان بە ژینگەی مرۆڤایەتیش دەگەیەنێ. بەپێی توێژینەوەکان، بەرزى ئاستی ئاوى گۆلی ورمێ لە ئێستادا بە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو، نزیکەى ٦١ سانتی‌میتر کەمی کردووە و لە ڕووى پانتاییشەوە نزیکەى ١٤٢٣ کیلۆمیتری چوارگۆشە ئاوى گۆلاوەکە کەمى کردووە، ئەوەش بەو واتایەیە کە نزیکەى ٢ میلیارد میترى سێجا لە قەبارەى ئاوى گۆلی ورمێ کەمى کردووە، ناوبراو باسى کارەساتى دیکەشی کرد کە گۆلی ورمێ ڕووبەڕووى بووەتەوە و وتى: لەبەر کەمبوونەوەى ئاوى ورمێ، تاڵاو و دوورگەى بچووک دروست بوونە. شایانی باسە کە کۆمارى ئیسلامى تەنیا بە بەڵێنى بێ‌بنەما دەیهەوێت گۆلی ورمێ ببووژێنێتەوە، بەڵام لە ڕاستیدا لەبەر خراپى پلان و دزی و گەندەڵى و پیلانگێڕییەکانى ئەو ڕێژیمە، نەتوانراوە ئەو گۆلە ببووژێنرێتەوە.