کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی‌داویی دایکێکی نیشتمانپەروەر له‌ وڵاتی فینلەند

14:41 - 25 رەزبەر 2721

دایکێکی نیشتمانپەروەری کورد بە ناوی مەنیج فەقری لە وڵاتی فینلەند ماڵاوایی لە ژیان کرد. بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، دایە "مەنیج فەقری" ھاوژینی کۆچکردوو سەید محەممەد نیزامی و دایکی شەھید سیامەک نیزامی کادری بەوەج و پێگەیشتوی حیزبی دێموکراتی کوردستان و شەهید سیاوەش نیزامی، ڕۆژی پێنج‌شەممە ڕێکەوتی ١٤ی ئۆکتۆبر لە شاری تورکوی وڵاتی فینلەند ماڵئاوایی لە ژیان کرد. بنەماڵەی خوالێخۆشبوو لە ماوه‌ی ٧٠ ساڵی رابردوودا لە قۆناخە جۆراوجۆرەکانی ژیانی سیاسی و کۆمەیەڵاتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەورێکی کاریگەر و بەرچاویان هەبووە؛ نەمران "مامە سەید پیرەی نیزامی" بەرپرسی شارەوانیی کۆماری کوردستان بوو و "سەید فەتاحی نیزامی" یەکێک لە فەرماندە بەوەجەکانی جووڵانەوەی ساڵەکانی ٤٦- ٤٧ بوو و هەروەها "سەید محەممەد نیزامی" تێکۆشەری ڕێگای ئازادی و سەربەستی لە بەهاری ١٣٥٧ دا لە خۆپێشاندانی سێ‌ڕۆژانەی نەمر کاک "عەزیز یۆسفی" زیندانی کرا و حوکمی ئێعدامی بەسەردا سەپا کە دوای سەرکەوتنی شۆرشی گەلانی ئێران لە زیندان هاتەدەر و لە یەکەم دەسەڵاتی گەلیدا وەک ئەندامی شۆرای شاری مەهاباد هەڵبژێردرا. "سیاوەش نیزامی" کورەگەورەی دایە مەنیج لە ناڕەزایەتی و ڕێپوانەکانی دژی ڕێژێمی دیکتاتۆری پەهلەوی دا لەکاتی بەڕێوەبردنی چالاکیی دژی نیزامی پاشایەتی بە ڕووداوێکی ناخۆش و دڵتەزێن تێکەڵ بە کاروانی شەهیدانی ڕیگای ئازادی بوو. هەروەها کورێکی دیکەی دایە مەنیج بە ناوی "سیامەک نیزامی" کادری پێگەیشتوو و بەوەجی حیزبی دێموکراتی کوردستان له‌گەڵ پۆلێک کادر و پێشمەرگەی فیداکار لە شەرێکی قارەمانانە و نابەرامبەر لەگەڵ داگیرکەرانی کوردستان لە ناوچەی بەربنەی پیرانشار، هاورێ لەگەڵ شەش کادر و پێشمەرگەی حیزب تێکەڵ بە کاروانی شەهیدانی حیزب و گەل بوو. "سیامەند نیزامی" جوانەمەرگ دوایین کوڕی دایە مەنیج حەوت ساڵ لەمەوبەر لە هەڕەتی لاوەتیدا لە رووداوێکی دڵتەزێن دا لە وڵاتی فینلەند ماڵئاوایی لە ژیان کرد. "نیشتمان نیزامی" کچی دایە مەنیج و ئەو بنەماڵە نیشتمانپەروەرە پێنج ساڵ لەوە پێش لە وڵاتی فینلەند بەھۆی نەخۆشی شێرپەنجە ماڵئاوایی لە ژیان کرد. شایانی باسە کە "سەید محەممەد نیزامی" هاوژینی دایە مەنیج، دوای شەهیدبوونی کوڕەکەی و پێنج کادر و پێشمەرگەی دیکەی دێموکرات، لەژێر گوشار و زەبر و زەنگی رژێمی ئیسلامی ئێران ناچار کرا شاری مەهاباد بەجێ‌بهێڵێ و تێکەڵ بە ڕیزی خەباتکاران و شۆڕشگێڕانی دێموکرات بێ و تا دواساتەکانی ژیانی لەنێو کۆڕی هاورێیانی لە حیزبی دێموکرات و قەڵای دێموکراتدا ژیانی بردە سەر و هەر لەویش کۆچی‌دوایی کرد و لە گۆرستانی شەهیدانی دێموکرات ئارامی گرت. لەلایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە وێڕای سەرەخۆشی لە بنەماڵە سەربەرزەکانی فەقری و نیزامی لە شاری مەهاباد، خۆمان بە شەریک و هاوبەسی خەمیان دەزانین.