کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییەکی خەڵکی بانە لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە

14:28 - 27 رەزبەر 2721

شەریف خەبات هاووڵاتییەکی خەڵکی بانە، حەوتووی ڕابردوو لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەر و چارەنووسی نادیاره. بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی سێشەممە ٢٠ی ڕەزبەری ١٤٠٠ (١٢ی ئۆکتۆبری ٢٠٢١)، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی بانە هاووڵاتییەکیان بە ناوی شەریف خەبات تەمەن ٣٧ ساڵ دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستووەتەوە. بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، شەریف خەبات کە دانیشتووی گوندی "شۆی" شاری بانەیە، بەبێ پیشاندانی بەڵگەی قەزایی دەسبەسەر کراوە و سەرباری بەدواداچوونی بنەماڵەکەی شوێنی ڕاگیران و چارەنووسی نادیارە. هەتا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکارەکانی دەسبەسەرکران و هەروەها ئەو تۆمەتانەی کە لەلایەن ناوەندە ئیتلاعاتییەکانەوە خرابوونەوە پاڵ ناوبراو لە بەردەستدا نیە. جێگای ئاماژەیە کە شەریف خەبات خێزاندار و باوکی دوو منداڵە و ساڵی ڕابردووش بۆ ماوەی ٢٧ ڕۆژ لەلایەن ناوەندە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو. ناوبراو دوای ئازادی کاتی لەلایەن لقی یەکەمی دادگای ئینقلابی سەقز بە تۆمەتی ئەندامەتی لە حیزبێکی کوردی دژبەری کۆماری ئیسلامی سزای ٨ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپابوو.