کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەسبەسەرکردنی ژنێک لەگەڵ منداڵە چوار ساڵانەکەی لە سنووری مێهران

14:01 - 28 رەزبەر 2721

ژنێکی لاوی خەڵکی ئیلام لەگەڵ منداڵە چوارساڵانەکی لەکاتی گەڕانەوە لە هەرێمی کوردستان لە سنووری مێهران سەر بە پارێزگای ئیلام لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر کرا. بەپێی هەواڵی ڕیکخراوی مافی مرۆڤی "هەنگاو"، دوای تێپەڕینی نزیک بە یەک مانگ لە دەسبەسەرکرانی ژنێک بە ناوی "میترا تەقی‌پوور" تەمەن ٤٠ ساڵ و منداڵە ٤ ساڵانەکەی بە ناوی "مێهرسام ڕەسووڵی" لە سنووری مێهران، چارەنووسیان نادیارە. میترا تەقی‌پوور بڕوانامەی ماستەری زمان و وێژەی فارسی هەیە و دانیشتووی شاری ئیسفەهانە کە ڕۆژی هەینی ٢ی ڕەزبەری ١٤٠٠ی هەتاوی، لەکاتی گەڕانەوە لە هەرێمی کوردستان لە سنووری مێهران سەر بە پارێزگای ئیلام لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر کراوە. یەکێک لە نزیکانی ئەم ژنە ڕایگەیاند کە میترا و منداڵەکەی بۆ ماوەی ٨ ڕۆژ لە ئیدارەی ئیتلاعاتی ئیلام لێپرسینەوەیان لێکراوە و شەوانە ڕەوانەی بەندیخانەی ئیلام کراون. ئیدارەی ئیتلاعاتی ئیلام لە ڕێگای پێوەندییەکی تەلەفۆنی بنەماڵەی تەقی‌پووری لە دەسبەسەرکرانی کچەکەیان ئاگادار کردووەتەوە، بەڵام کاتێک بنەماڵەکەی سەردانی ئیلامیان کردووە پێیانیان ڕاگەیاندووە کە میترا تەقی‌پوور و منداڵەکەی ٨ ڕۆژ لێرە بوون و دواتر ڕادەستی ئیتلاعاتی سپای ئیسفەهان کراون. میترا تەقی‌پوور و منداڵە چوار ساڵانەکەی دوای ئەوەی ڕۆژی دووشەممە ١٢ی ڕەزبەر، ڕادەستی ئیتلاعاتی سپای ئیسفەهان کراون، چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانیان نادیارە و ئەمەش بووەتە هۆی نیگەرانی بنەماڵەی. بنەماڵەی میترا و هاوژینەکەی لەو ماوەیەدا چەندین جار داوایان کردووە کە منداڵە چوارساڵەکەی میترا ڕادەستی ئەوان بکرێتەوە، بەڵام هەتا ئێستا هیچ ناوەندێک لەوبارەوە وڵامیانی نەداوەتەوە. تا ئێستا لە هۆکاری دەسبەسەرکردنی ناوبراو هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نییە.