کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەشکەنجەکردنی موژگان کاووسی لە بەندیخانەی کەرەج

14:18 - 28 رەزبەر 2721

موژگان کاووسی ژنە بەندکراوی سیاسیی کورد، بە ڕووتکردنەوەی جەستەی بە بیانووی لێکۆڵینەوە لە بەندیخانە ئەشکەنجە دراوە. موژگان کاووسی، چالاکی مەدنی و سیاسیی کورد لە پێوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ بنەماڵەی ڕایگەیاندووە چەندین جار لە بەندیخانەکانی نۆشەهر، تاران و کەرەج و کەچووئی ناچاریان کردووە بە تەواوەتی خۆی ڕووت بکاتەوە و ناوی لێکۆڵینەوەی جەستەییان لەسەر ئەم ئەشکەنجەیە داناوە. ئەم نووسەر و لێکۆڵەرە یارسانییە هەموو جارێک جەختی لە هێزەکانی دەسەڵات کردووە کە ناوبراو بەندکراویی سیاسییە و بۆیان نییە بەو شێوەیە ئازاری بدەن و بییانەوێت ئیرادەی تێک بشکێنن. ئەو بە ڕوونی پێیانی وتوە ئەم کارە بە ئاشکرا دەستدرێژی ڕۆحی و جەستەییە و بێڕێزی بە کەرامەتی مرۆڤە. ئەم چالاکە مەدەنییە بە بنەماڵەی ڕاگەیاندووە کە سێ ڕۆژی تەواو لە ۱۴ بۆ ۱۷ی ڕەزبەر لە گرتنگەی ژنانی کەرەج "لە نالەبارترین بارودۆخ بۆ هەر مرۆڤێک" لەژێر چاودێری‌دا بووە. شایانی باسە کە کاووسی سێ مانگە پارێزەری نییە چونکە پارێزەری ناوبراو بە ناوی "مستەفا نیلی" خۆی لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر کراوە.