کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گیان لەدەستدان و برینداربوونی ٦ کۆڵبەر لە بەرزاییەکانی داڵانی نۆدشە

14:21 - 2 خەزەڵوەر 2721

لە ئاکامی وەرگەڕانی ماشێنێکی هەڵگری کۆڵبەران لە بەرزاییەکانی داڵانی ٦ کۆڵبەر بوونەتە قوربانی. ئێوارەی ڕۆژی شەممە ١ی خەزەڵوەری ١٤٠٠ی هەتاوی، ماشێنێکی جۆری پراید لە بەرزاییەکانی داڵانی لە نێوان شارەکانی نۆدشە و مەریوان وەرگەڕا و لەئاکامدا ٣ کۆڵبەر بە ناوەکانی حامی عەبدوڵاهی، جەبار ئەسەدی و بەختیار ئەیوازە خەڵکی گوندەکانی "قەڵاشێخان" و "تووە سووران" گیانیان لەدەستدا و سێ کۆڵبەری دیکەش بریندار بوون. لەو رووداوەدا سێ کۆڵبەرەکەی دیکە بە سەختی بریندار بوون کە باری تەندروستی یەکێک لەوان ناجێگیرە و بۆ چارەسەری برینەکانیان لە نەخۆشخانەی قودسی پاوە لەژێر چاوەدێری پزیشکیدان. جێی ئاماژەیە کە ساڵانە بە سەدان کۆڵبەر کە بە ناچاری و بۆ دابینکردنی بژێوی ژیان ڕوو دەکەنە کۆڵبەری، لە سنوورەکانی کوردستان بەهۆی ڕاوەدونان و تەقەی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم، تووشی ڕووداوی نەخوازراو دەبن و گیانیان لەدەست دەدەن.