کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی‌دوایی دایە "ئامینە خدری" هاوسەری تێکۆشەری کۆچکردووی دێموکرات "میرزا محەممەد کەریمی"

15:08 - 2 خەزەڵوەر 2721

دایە "ئامینە خدری" هاوسەری تێکۆشەری کۆچکردووی دێموکرات "میرزا محەممەد کەریمی" و دایکی کاک "کەماڵ کەریمی" ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان، بەهۆی نەخۆشییەوە لە شاری سلێمانی ماڵاوایی لە ژیان کرد. بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ڕۆژی شەممە ١ی خەزەڵوەری ١٤٠٠ی هەتاوی، دایە "ئامینە خدری"، هاوسەری تێکۆشەری کۆچکردووی گەلەکەمان و حیزبی دێموکرات نەمر "میرزا محەممەد کەریمی" و هەروەها دایکی هاوڕی "کەماڵ کەریمی" ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان، بەهۆێ نەخۆشییەوە لە تەمەنی ٨٧ ساڵیدا لە شاری سلێمانی ماڵاوایی لە ژیان کرد و بۆ هەمیشە دڵە پڕ لە هیواکەی لە لێدان کەوت. دایە ئامینە بۆ ماوەی ٧٠ساڵ، لە سەرەتای ژیانی هاوبەشی لەگەڵ "میرزا محەممەد کەریمی" و بەهۆی تێکۆشانی بەردەوامی بنەماڵەکەی لە ڕیزی تێکۆشەرانی حیزبی دێموکراتدا کە دەورێکی بەرچاویان لە ڕێکخستنی تێکۆشانی حیزبی دێموکرات لە شاری بانەدا هەبوو، خەمی نیشتمانی لەکۆڵ ناو و لە سەردەمی دەسەلاتداریی شادا یان چاوەڕوانی هێرشی ساواک بوو بۆسەر ماڵەکەیان یان هیوادار بە کرانەوەی دەرگای بەندیخانە بو هاتنەوەی زیندانیانی بنەماڵەکەی بوو. دواتر و پاش هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامیش نەحەساوە و هەر ئەم خەمەی ماڵ بە ماڵ و گوند بە گوند و وڵاتە و وڵات بە دۆعای شەو و ڕۆژی بۆ سەرکەوتنی پێشمەرگەکان لەگەڵ خۆی هێنا و تا دوایین ساتەکانی ژیانی دڵە پڕ لە هیواکەی بۆ ئازادی نیشتمان لێدەدا. لەلایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە، وێڕای دەربڕینی خەم و پەژارەی خۆمان بۆ کۆچی‌دوایی دایە " ئامینە خدری" سەرخۆشی لە بنەماڵەی بەرێزیان وسەرجەم خەڵکی بانە و خزم و کەسوکاریان بە تایبەتی هاوڕێی بەرێز کاک "کەماڵ کەریمی" دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.