کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەسبەسەرکرانی هاووڵاتییەکی کورد بە مەبەستی تێپەڕاندنی حوکمەکەی لە سەقز

15:16 - 2 خەزەڵوەر 2721

هاووڵاتییەکی خەڵکی سەقز کە کۆتایی هاوینی ئەمساڵ لەلایەن دەزگای قەزایی ڕێژیمەوە سزای بەندکرانی بەسەردا سەپابوو، دەسبەسەر کرا. ڕۆژی شەممە ١ی خەزەڵوەری ١٤٠٠ی هەتاوی، "عەتا ڕەحمان‌زاده" ناسراو بە شەماڵ سەقـزی، خەڵکی شاری سەقز بە مەبەستی تێپەڕاندنی سزای ١١ مانگ بەندکرانەکەی، خۆی بە بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە ناساند و دەسبەسەر کرا. ئەم چالاکە کوردە ڕۆژی پێنجشەممە ٢ی ڕێبەندانی ٩٩ی هەتاوی، دوای ئەوەی بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە دەنگوڕەنگی ڕێژیمی ئێران لە گۆڕەپانی هەڵۆی شاری سەقز بە جلی کوردییەوە دەرکەوتبوو، دەسبەسەر و دواتر بە دانانی بارمتە تا کاتی بەڕێوەچوونی دادگا ئازاد کرابوو. عەتا ڕەحمان‌زاده دواجار لەلایەن لقی یەکەمی دادگای ئینقلابی سەقز بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی حکومەت" سزای ١١ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپا و ئەم سزایە لەلایەن دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای سنە وەک خۆی پشتڕاست کرایەوە. ئەم چالاکە کوردە بە تۆمەتی "پۆشینی جلی کوردی" لە ڕۆژی ٢ی ڕێبەندان ساڵڕۆژی دامەزراندنی کۆماری کوردستان و بڵاوکردنەوەی نوقڵ و شیرینی ئەم سزایەی بەسەردا سەپاوە. جێگای ئاماژەیە کە، دوای بێڕێزی پێشکەشکاری کەناڵی دوی دەنگوڕەنگی ڕێژیمی ئێران بە جلی کوردی، ژمارەیەک لە چالاکانی مەدەنی بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیاندراوێک داوایان لە خەڵک کردبوو بۆ ئیدانەکردنی بێڕێزیی بێژەرێکی کاناڵی دووی تەلەفزیۆنی کۆماری ئیسلامی ئێران بە جلوبەرگی کوردی، ڕۆژی ٢ی ڕێبەندان بە جلی کوردییەوە لە شوێنە گشتییەکان ئامادە بن.