کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی هەڵمەتی هاوبەشی ڕێکخراوی ژینگەپارێزانی پیرانشار و کێلەشینی سەوزی زاگرۆس(ژینکۆ)

15:34 - 10 خەزەڵوەر 2721

ڕۆژی هەینی، ۷ی خەزەڵوەری ١٤٠٠ی هەتاوی لەژێر درووشمی "داهاتوو و گۆڕانی بنچینەیی له ڕوانگە و هزری کۆمەڵگە لەمەڕ ژینگە، به مەبەستی یەکڕیزی و گفتوگۆ لەسەر دۆخی هەنووکەی ژینگە و لێکدانەوەی ڕێکارەکان"، هەڵمەتێکی هاوبەشی ڕێکخراوی ژینگەپارێزانی پیرانشار و کێلەشینی سەوزی زاگرۆس(ژینکۆ) لە لێڕەواری خدراوێ بەڕێوە چوو. هەڵمەتەکە بە ڕاگەیاندنی ساتێک بێدەنگی بۆ بەرزڕاگرتنی یادی هەرمانی شەهیدانی ژینگەی کوردستان دەستی پێکرد و دواتر پەیامی بەخێرهاتنی میوانانی شنۆ لەلایەن ژینگەپارێزانی پیرانشار خوێنرایەوە. پاشان ڕێکخراوەی کێلەشینی سەوزی زاگرۆس لە پەیامێکدا، ئەو میواندارییەی بەرز نرخاند و بە دەرفەتی زانی پەیامێک ئاراستە بکات. دواتر کات درا به باسێک لەژێر ناوی "خەسارناسیی ڕەوت و هەندێک ئاکاری ژینگەپارێزی". هەروەها ئەدەبدۆستاتی هۆبەی شاعیرانی پیرانشاریش پەیامیان له چوارچێوە و ڕوانگەی ئەدەبی بە ڕەهەندی ژینگەپارێزییەوە پێشکەش کرد. لە بەشی کۆتایی کۆبوونەوە، پەیامی هاوبەشی هەر دوو ڕێکخراوە خوێنرایەوە که هەڵگری پەیامی قەیرانەکانی ئێستا و خەسارە ژینگەیی‌یەکان و هەندێک ڕێکار بوو‌. لە بەشێک لەو پەیامەدا باس لەسەر ڕەهەندێکی دیکەی جێی تێڕامان کرا کە ڕاگوێزڕاگوێزی ئاوەکان جیا لە تێکدانی ژینگە، کاریگەریی نەرێنیی کۆمەڵایەتی لێ دەکەوێتەوە و ئەگەری شەڕ و کێشەی نێوان شارەکان و هەروەها کۆچی ناچاری خەڵکی ناوەڕاستی ئێران بۆ باکووری ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستانی بەتایبەتی لێ دەکەوێتەوە کە مەترسیی هەرەگەورە لەسەر گۆڕینی دێمۆگڕافیای ئەو ناوچانە بەدی دەکرێت.