کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەمریکا زمانی کوردیی لە سیستمی پەروەردەی خۆیدا بەڕەسمی ناسی

13:47 - 11 خەزەڵوەر 2721

لە حاڵێکدا کۆماری ئیسلامیی ئێران حاشا لە زمانی نەتەوە نافارسەکان لە وڵاتدا دەکا، ئەمریکا زمانی کوردیی لە سیستمی پەروەردەی خۆیدا بەڕەسمی ناسی. ئەمریکا زمانی کوردیی وەک زمانێکی فێرکاری بەڕەسمی ناسی. ئەم بڕیارە لە ویلایەتی "تێنێسی" بە ڕەسمی ناسراوە و لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی ئەم وڵاتەوە دانی پێدانراوە. پێشتریش لە ساڵی ٢٠١٩ شارەوانیی شاری "نشویل" بەهۆی زۆریی هاووڵاتیانی کورد-ئەمریکایی ئیزنی خوێندن بە زمانی کوردیی لە چەند قوتابخانە و خوێندنگەیەکی ئەو وڵاتە دابوو. لە ئێستا زمانی کوردی وەک یەکێک لە ١١ زمانە ڕەسمییەکانی پێ‌خوێندن و فێرکاری لە وڵاتی ئەمریکا بەڕەسمی ناسراوە. ئەوە لە حاڵێک‌دایە کە لە کۆماری ئیسلامیی ئێراندا کە زیاتر لە ١٠ میلیۆن کەس لە خەڵکی ئەم وڵاتە کوردن، بەڵام لە خوێندن بە زمانی خۆیان بێبەش کراون و تەنانەت بە شێوەی جۆراوجۆر ڕێگری لە هەوڵی کەسانێک دەکرێ کە دەیانەوێ لەسەر ئەرکی خۆیان پەرە بە فێربوونی نووسین بە زمانی کوردی لە کۆمەڵگەدا بکەن. زارا محەممەدی، مامۆستای وانەبێژی زمانی کوردی لە ئەنجومەنی نۆژین یەک لەو چالاکانەیە کە بە تاوانی کردنەوەی فێرگەی زمانی کوردی سزای ١٠ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرا.