کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بڕینی دارەکانی دەوروبەری چۆمی جەغەتوو لە ناوچەی هەوشار به پیلانی سپای پاسداران

13:49 - 11 خەزەڵوەر 2721

باندی بازرگانی کردن به دار لە کوردستان کە ڕاستەوخۆ سپای دژی‌گەلیی پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی لە پشتە، دەستی گەیاندۆتە دارەکانی لێوار و دەوروبەری چۆمی جەغەتوو لە ناوچەی هەوشار و تا ئێستا بە هەزاران دار بە درێژایی ئەم چۆمە بڕاونەتەوە. بە پێی ئەو هەواڵ و زانیاریانەی لەم پێوەندییەدا بە کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستان گەیشتوون، ماوەی نزیک بە یەک مانگە کۆمەڵە کەسێکی نەفس نزم کە سەر بە باندی بازرگانیی دار لە کوردستانن، بە پشتیوانیی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ئێران خەریکی بڕینەوەی دارەکانی لێوار و دەوروبەری چۆمی جەغەتوو لە ناوچەی هەوشارن و تا ئێستا بە هەزاران داریان بڕیوەتە. به پێی زانیارییەکان زۆربەی دارستانەکانی دورووبەری چۆمی جەغەتوو، بە درێژایی ئەم چۆمە شوێنی سەیرانگا و حەوانەوەی هاووڵاتیان و سەرچاوەی داهاتی بەشێک لە خەڵکی ناوچەکە و بەشێک لە سەرمایەی ژینگەی کوردستانە کە کەوتۆتە بەر ڕق و دوژمنکاریی باندی بازرگانیی دار لە کوردستان. دیاردەی بازرگانیی دار لە کوردستان ماوەی چەند ساڵێکی بە پشتیوانی و پیلانی سپای پاسداران خەریکی بڕینەوەی دار لە کوردستان و زەربەلێدان لە ژینگەی نیشتمانن. چۆمی جەغەتوو یەکێک لە درێژترین چۆمەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە بە درێژایی ٣٠٢ کیلۆمیتر لە بەرزاییەکانی ناوچەکانی خوڕخورە و چلچەمەی سەقز و هەروەها ئاوڕۆکانی ناوچەی هەوشارەوە سەرچاوە دەگرێ و بە تێپەڕین لە شارەکانی سایین قەڵلا و میاندواودا دەڕژێتە گۆلی ورمێ‌وە. لەم پێوەندییەدا کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان وێڕای ناردنی ئەم زانیاریانە بۆ کوردکاناڵ، داوا لە خەڵکی ناوچەی هەوشار بەتایبەت خەڵکی ئاواییەکانی دەوروبەری نزیک لە چۆمی جەغەتوودەکات کە وێڕای بەگژداچوونەوەی ئەم باندە داربڕی و ڕیسواکردنیان، ئیزن نەدەن کەسانی نەفس نزم و قازانج پەرەست سەروەت سامانی نیشتمانەکەیان بەتاڵان بەرن و ژینگەی کوردستان بشێوێنن.