کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

درۆی بەگەڵەگایی هەر لە تۆ جوانە

15:51 - 16 خەزەڵوەر 2721

مانگا‌بەکەڵ دەستەواژەیەکی ئاژەڵدارانە‌یە و وەک زۆر وشە و دەستەواژەی دیکە لە زمانی ئاژەڵدارانەوە هاتووەتە نێو زمان و ئەدەبییات و ئاخاوتنی ئەم سەردەمەش. "مانگا بەکەڵ" بەو مانگایە دەگوترێ کە لەکاتی خۆیدا وادەی جووت‌بوونی لەگەڵ "گا"دا دێ و ئەم جووت‌بوونەش وەک هەر جووت‌بوونێکی گیانلەبەرانی دیکە وەچەی لێ ‌دەکەوێتەوە. کاتێک مانگا "وەکەڵ" دێ، یان کاتی جووت‌بوونی دێ، دەڵێن بەکەڵە و لەو کاتەدا کۆمەڵێک گا و جوانەگای بەردەست بە تەمای جووتبوون دوای دەکەون. دوای ئەوەی ژیانی ئاژەڵداری بەرەو ژیانی شارستانی و پیشەکردنی ئەم سەردەمە گۆڕا، یان تەنیا لەنێو کۆمەڵێکی تایبەتی کاسبکار و چالاکانی ئاژەڵداریدا بەرتەسک مایەوە، دەستەواژەی "مانگا بەکەڵ"یش وەک زۆر دەستەواژەی دیکە بوو به ئیدیۆم و نیشانەی گەیاندن و گێڕانەوە و پێشاندانی زۆر دۆخی دیکە. ئەو کەسانەی لە ناوچەی موکریان لە چیایان بەهاران بەدوای ڕووەکی کوارگ"دا دەگەڕێن، ئەوکاتەی چەند کوارگێک لە دەوری کوارگێکی گەورەدا دەدوزنەوە، دەڵێن "مانگا بەکەڵ"مان دۆزییەوە. زۆرجاریش کاتێک شتێک یان ڕووداوێکی شاراوە ئاشکرا دەبێ، دەڵێن: "مانگا بەدزیەوە کەڵ دەگرێ و بەئاشکرا دەزێ." زۆر جار لە ژیانی ڕۆژانەدا کاتێک باس لە درۆکردنی کەسێک دەکرێ، بۆ سەلماندنی ئەوەی درۆکە سووک و ئاسان ئاشکرا نابێ، دەڵێن "درۆ مانگا بەکەڵ نییە." واتە درۆ زۆر بە داپۆشراوی و هەستیارییەوە دەکرێ و زحمەتە ئاشکرا بێ. "کەڵەگایی"یش واژەیکی دروست‌کراوە و لە ناوی دوو ئاژەڵی بە‌هێزی ماڵی‌کراوی "کەڵ" و "گا" و پاشگرێک پێک‌هاتووە. لە ئاخاوتن و نووسینیشدا زیاتر بە مانای سەپاندنی شتی ناحەق و زۆرەملیانە دەکار دەکرێ. وشەی لێکدراوی "گەڵەگایی" خۆی دە‌نێو ئیدۆمێکی پێوەندیدار بە "درۆ‌کردن"یش کردووە و زۆر جار ئەگەر درۆیەکی ئاشکرا و وێنەچوو دەکرێ، دەگوترێ "ئەمە درۆ نییە، گەڵەگاییە". هەتا ئێرووکانە دوو ئیدۆمی پێوەندیدار بە درۆکردنمان لە وشەدانی ئاژەڵدارانەوە بۆ تۆی خوێنەر ساغ کردەوە، بەڵام نابێ به‌هیچ جۆرێک ئەمەمان لەبیر بچێ کە "موبەلیغانی موحتەڕەم" دەفەرموون درۆ دوژمنی خوایە. بڕواننە ئەم چەند دێڕەی خوارەوە و بزانن کۆماری ئیسلامی چۆن بەگژ ئیدیۆمی "مانگا بەکەڵ" نەبوونی "درۆ"دا هاتووەتەوە: دێڕی یەکەم: هەواڵدەریی "ڕۆیتەرز" لە زمان ئێرانەوە بڵاوی‌کردەوە هەوڵی ئەمریکا بۆ وەستاندنی کەشتییەکی نەوت‌هەڵگری ئێران بە ناکامی مایەوە. دێڕی دووهەم: ڕۆژنامەی "هائارتێس" لە زمان ئێرانەوە ڕایگەیاند، " ئێران نەیهێشتووە ئەمریکا کەشتییەکی نەوت‌هەڵگری ئێرانی بدزێ". دێڕی سێهەم: هەواڵدەریی "سپۆتنیک"ی ڕووسیە لە زمان ئێرانەوە بڵاوی ‌کردەوە بڕیاره "هەوالدەریی مێهر" فیلمی ئەستاندنەوەی ئەوە کەشتییە نەوت‌هەڵگرە بڵاو بکاتەوە کە هێزی دەریایی ئەمریکا خەریکی دزینی بوو. دێڕی چوارم: "بی‌بی‌سی" لە زمان میدیاکانی ئێرانەوە بڵاوی کردەوە، ئەم میدیایانە لە هەواڵێکی وەک یەکدا باسی بەرەنگاربوونەوەی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و هێزەکانی ئەمریکایان کردووە. دێڕی پێنجەم: ڕۆژنامەی "شەرقولئەوسەت"ی چاپی لەندەن لە زمان ئیرانیانەوە بڵاوی کردەوە، ئێرانییەکان هەوڵی ئەمریکایان تووشی شکست کرد. دێڕی شەشەم: "ئەلعەرەبیە" لە زمان بەرپرسانی ئێرانی بڵاوی کردەوە، ئامریکا بەتەما بوو دەست بەسەر نەوتی ئەواندا بگرێ. دێڕی حەوتەم: ڕۆژنامەی "ئیندیپێندێت" بڵاوی کردەوە ئەم هەواڵە تەنیا لە زمان دەزگاکانی سەر بە ئێرانەوە بڵاو کراوەتەوە. دێڕی هەشتم: بەرپرسانی ئەمریکایی سەبارەت بە دەست‌بەسەرداگرتنەوەی کەشتییەکی نەوت‌هەڵگری ئێرانی ڕایانگەیاند: ئەوان ئاگاداری ئەم ڕووداوە نین و تەنیا هەواڵەکەیان لە دەزگاکانی ڕاگەیاندنەوە بیستووە. دێڕی نۆیەم: "ئار‌. تی" بڵاوی کردەوە حکومەتی ڤێتنام دەڵێ بۆ وەرگرتەوەی کەشتییەکەیان کە لە ئێران دەستی بەسەردا گیراوە، لە گفتوگۆدان. ئەم هەواڵە دەڵێ کەشتییە نەوت‌هەڵگرە ڤێتنامیەکە ٢٦ مەلەوانی لەسەرە و لەلایەن ئێرانەوە دەستی بەسەردا گیراوە. دێڕی دەیەم و شادێڕی دێڕان: کەشتییەکی نەوت‌هەڵگری ڤێتنامیی پڕ لە نەوتی ئێران کە چین بەهۆی گەمارۆکانی سەر ئێران وەری نەگرتبوو، لە کاتی گەڕانەوەدا لەلایەن هێزی سوپای پاسدارانەوە پێشوارزیی لێکرا. ئێستا ڤێنتام هەوڵ دەدا کەشتی و ٢٦ مەلەوانەکەی خۆی لەدەست درۆیان ئازاد بکا. دەرەنجامی پێچەوانە: کۆماری ئیسلامی ئاشکرای کرد، دەکرێ درۆ لە مانگا بەکەڵیش زیاتر کەڵۆتی بەدواوە بێت. دەرئەنجامی پتەو: ئیدیومی" ئەمە درۆ نییە کەڵەگاییە"، بە تەواوی خۆی سەپاند. درئەنجامی هەمەلایەنە: هەموو ئەم بەزم و ڕەزمە بۆ ئەمە بوو لە ڕێوڕەسمی ڕۆژی ١٣ی گەڵارێزان (آبان) کە هەموو ساڵێک لەلایەن بەرپرسانی تێگەیشتووی "نظام مقدس جمهوری اسلامی"یەوە بەڕێوە دەچێ، باسی داڕمانی ئابووری و برسیەتی و قەرزداری و تێکشانی دانووستانی ئەتۆمی و شەقەزللـه‌ی بناگوێی پارێزگاری نوێی تەورێز و گەڵەگایی‌کردنی ئیسرائیل و ئەو شتانە نەکرێت. دەرئەنجامی سەیروسەمەرە: بەرپرسانی "با درایت" باس‌وخواسی دەست‌بەسەرداگرتنی بەشەگازی ئێران لە دەریای خەزەر لەلایەن ڕووسیەوەی بۆ ماوەیەک "پووش‌بەسەر" کرد.