کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

"ساتێک لەگەڵ پارێزەرانی نیشتمان"

23:42 - 15 سەرماوەز 2721

"ساتێک لەگەڵ پارێزەرانی نیشتمان" (بەبۆنەی تۆمارکردنی سەربردەی ١٠٠ پێشمەرگەی نیشتمانەوە)   بەرنامەی "ساتێک لەگەڵ پارێزەرانی نیشتمان" سەدەمین بەشی لە تەلەڤزیۆنی کوردکاناڵ و ڕادیۆی دەنگی کوردستان بڵاو  کرایەوە. سەت دیدار لەگەڵ سەت تێکۆشەری نێو ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان، باس لە بەشێکی کورت لە ژیان و سەربردەی ئەو ڕۆڵە دەروەست و خۆنەویستانەی گەلی کورد بوو کە زۆربەیان بەشی زۆری تەمەنیان و بە تایبەت لاوەتیی خۆیان بەختی ئازادی و ڕزگاریی گەلەکەیان کردووە. لەم کورتە نووسینەدا و وەستان لەسەر ژیانی ئەو ئازیزانە، دمهەوێ باس لەو بیروباوەڕە پتەوە بکەم کە ئەوان بە هێز و ئیرادەی شۆڕشگێرانەیان وازیان لە هەموو خۆشییەکانی ژیان هێناوە و گیان‌ لەسەر دەست و چەک لە شان شانیان داوەتە بەر ئەرکێک کە کەم کەس پێی دەکرێ و لە دەستی دێ و خۆی لەبەر دەگرێ. بێگومان سروشتی ئینسان جۆرێکە کە هەوڵ دەدا ژیانێکی خۆش و ئاسوودە و دوور لە شەڕ و نەهامەتی تێپەڕ بکا و دەکرێ بڵێم بەدوای خۆشترین ژیاندا دەگەڕێ، ئەوەش مافی هەر مرۆڤێکە کە لەسەر ئەم زەوییە دەژی. بۆیە نەک تەنیا لاوەکان بەڵکوو بەساڵاچوانیش هەردەم هیوای ژیانێکی ئارام و جەستەیەکی تەندروست و ساڵ و مانگ و بگرە ڕۆژێک ژیانی زیاتر دەکەن، بەڵام ئەوەی لەو بەرنامەیەدا دیتمان، هیواکان پێچەوانە بوون، ئەوە نەک بەو مانەیەی کە ئەو پێشمەرگانە لارییان لەو ژیانە ئارامە بێ، بەڵکوو هیوای ئەوان هزر و هێزیکە کە ئەو شۆڕشگێرانەی هان داوە ژیانی خۆیان فیدا بکەن و گیانیان بەخت بکەن بۆ ئەوەی هیوای ئەو  ئینسانانە بەدی بێنن کە ئارەزووی ژیانێکی ئارام دەکەن و  لە ژێردەستی و لەژێر نیری زۆرداریدا دەچەوسێنەوە و حاکمان ژیانێکی شیاوی ئینسانییان پێ ڕەوا نابینن. گەلی کورد لەگەڵ ئەوەی کە گەلێکی ئاشتیخوازە، بەڵام بەداخەوە سەدان ساڵە نیشتمانی داگیر کراوە، دەکوژرێ و قەڵاچۆ دەکری، لەسەر خاکی خۆی خوێنی دەڕژی و ڕاو دەنرێ و پەڕیوەی هەندەران دەبێ، هیچ مافێکی ئینسانیی پێ ڕەوا نابینرێ و هەر کە داوای ماف لە داگیرکەری نیشتمانەکەشی دەکا، سەری بە داردا دەکرێ و حاشا لە بوون و زمان و خاک و کولتووری دەکری. هەموو ئەمانە بوونە هۆی ئەوەی کە گیانبازانی ئەو میللەتە ئازایانە بێنە مەیدان و بڵین ئەم خاکە خاکی کوردە و زوڵم و زۆری داگیرکەر قبووڵ ناکەین. ئەو ژن و پیاوانەی کە بەشداری ئەو بەرنامەیە بوون، هەموو لەو ڕۆڵە ئازایانەی گەلی کورد بوون کە حوکمی بێگانەیان قبووڵ نەکرد. ئەوان تەمەنیان جیاواز بوو، تەمەنی خەباتیان وەک یەک نەبوو و سەربردە و بەسەرهاتەکانیشیان هەر یەکەی بۆخۆی کتێبێک و مێژوویەک و داستانێک بوو. بەشێک لەوان ئەوانە بوون کە لە هەڕەتی لاوەتیدا چەک لە شان و خاوەن باوەڕ هاتوونەتە مەیدانێکەوە کە لە یەکەم ڕۆژەوە لەگەڵ گڕ و ئاگری شەڕ ئاوێتەی یەک بوون. ئەوان هەموو ئەو کەسانە بوون کە موو چەرموو لە شاشەی تەلەڤزیۆنی کوردکاناڵ دەرکەوتن، بە لاوی هاتن و بە پیریش هەر بەردەوامن. ئەوان لە زانستگە و ئاکادیمای شەڕ پێ‌نەگەیشتوون و ئەلف و بێی شەریان نەخوێندووە، بەڵکوو ئەوان لە کوورەی خەباتێکدا قاڵ بوون و ڕاهاتن و پێگەیشتن کە ڕووبارێک خوێن و فرمێسکی بۆ دراوە. ئەوان لەو مەیدانەدا بوونە سەرکردە و فەرماندە و لە بەرانبەر یەکێک لە درندەترین هێزی داگیرکەری سەدەی بیست و یەکدا وەک قەڵا وێستان و نەبەزین و نەنەوین. دوای ئەو تەمەنە و دوای ئەو هەموو سەختی و نەهامەتییەی ژیانیان، کە باسیان لە سەربردە و بەسەرهاتی خۆیان دەکرد بە هەمان ئیمانی ڕۆژی یەکەمی پێشمەرگایەتییەوە هێز و ئیرادەیان لێ دەباری. ئەوان نەک لە فیداکردنی تەمەنی گەنجییان لە ڕێی نیشتماندا پەشیمان نەبوون، بەڵکوو بەوپەڕی لەخۆبوردووییەوە دەیانگوت ئەوەندە تەمەنەی کە ماویشە پێشکەشی بارەگای ئازادیی گەل وڵاتەکەمانی دەکەین. کە دەهاتنە سەر شەڕ و بەرەنگاربوونەوەی لەشکری دژمن، دەچوونەوە ئەو ساتەوەختەی کە لەمەیداندا بەگژ هێزی داگیرکەردا دەچوونەوە و تووشی شەڕی دەستەویەخە و سەنگەر بە سەنگەر و کۆڵان بە کۆڵان دەبوون. ئەوان تەنیا بە کلاشینکۆفێک لە قووڵایی خاکی نیشتمانی پیرۆزدا، لە باشووری کوردستان هەتا باکوور، لە ئیلام و کرماشانەوە هەتا خۆی و سڵماس و ورمێ لەبەرانبەر سپایەکی دەوڵەتیکی پۆشتەوپەرداخدا ڕاوەستاون. دژمن لە هەموو لایەکەوە و بەهەموو چەکوچۆڵ و تێکنۆلۆژی سەردەم بەگژ هێزی پێشمەرگەدا دەهاتن بەڵام بە شاهیدی دۆست و دژمن و خەڵکی کوردستان ئەوەی لەشەڕدا برا برای خۆی نەدەناسییەوە و مەیدانی چۆڵ دەکرد، هێزی ڕێژیم و داگیرکەری کوردستان بوو. دەمهەوێ بڵێم لەو مەیدانەدا چەک و هێز ئاکام و کۆتایی شەڕی یەکلایی نەدەکردەوە، بەڵکوو ئیمان و بیروباوەڕ و ئیرادەی پێشمەرگە بوو کە لەشکری زۆر و بۆری دژمنی بەچۆکدا دێنا و ئاڵای سەرکەوتنی دەستی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لەسەر هەر سەنگەرێک و هەر لووتکە شاخێک دەشەکایەوە. ئەم جەنگاوەرانە وێرای ورە و ئیرادە و ئازایەتی، جارجاریش بۆ لەدەستدانی هاوڕێ شەهیدەکانیان فرمێسک لە چاوەکانیاندا قەتیس دەما و بە حەسرەت و شانازییەوە یادیان دەکردنەوە و باسیان لە ساتەوەختی شەهیدبوونیان دەکرد. کە باسیش دەهاتە سەر پشتیوانیی خەڵکی کوردستان لە هێزی پێشمەرگە، بەوپەڕی سەخاوەتەوە باسیان لەو شەڕانە دەکرد کە خەڵک چۆن بۆتە یارمەتیدەریان. چۆن چەک لە شان وێڕای پێشمەرگە لە سەنگەری پێشەوەی شەڕدا بوون. ئەوەی لێرەدا گەلێک گرینگ بوو، ئەوە بوو کە لە یارمەتیدانی پێشمەرگەدا ژنان و کچانیش شانبەشانی پیاوان لە هێندێک شەڕگە و جەبهەدا زیاتر لە پیاوان پاڵپشتی هیزی پێشمەرگە بوون و ئاواتەخواز بوون ڕۆژێک لە کوردستانی ئازاددا پاداشی ئەو هەموو خزمەتەی خەڵک بدەنەوە. ڕاستە پێشمەرگە لە بەرانبەر پشتیوانیی خەڵکدا ئامادە بووە لە پێناوی ئەواندا گیانی خۆی بەخت بکا، بەڵام ئەوان ئەمەگناسانە هیوایان ئەوەیە کە ڕۆژیک بتوانن خزمەتی زیاتر بە گەلەکەیان بکەن. لەگەڵ ئەوەی کە لەشەڕدا زۆر لە یاساکان پێشێل دەکرین و لەشەڕدا کەس گوڵ نابەشێتەوە، بەڵام ئەوەی جێی سەرەنجە ئەوەیە کە پێشمەرگە لەگەڵ ئەوەی کە دژ بە هێزێکی داگیرکەر جەنگاوە و لەشکری دژمن هاتووە خاک و نیشتمانی داگیر کردووە، بەڵام ئەوەندەی لە توانایدا بووبێ یاساکانی شەڕی لەبەرچاو بووە و باشترین بەڵگەش ئەو هەزاران دیلەی هێزی داگیرکەرە کە چۆن و بە چ شیوەیەکی ئینسانی هەڵسوکەوتیان لەگەڵ کردوون و لە مەیدانی شەڕدا نەیان‌کوشتوون و گیانیان پاراستوون. ئەوە لە کاتێکدا کە لایەنی بەرانبەر دەستی لە هیچ جینایەتێک نەپاراستووە و ئەگەر پێشمەرگە بەدیلگیراوەکانی لە مەیدانی شەڕدا نەکوشتبی ئەوا حەتمەن لە بەندیخانەکاندا بە دڕندانەتری شێوە ئەشکەنجەیان داون و سەرەنجام لە سێدارەیان داون. بەشێک لە میوانەکان ئەوانە بوون کە بە چاوی پڕ لە فرمێسک بەڵام بە ئیرادەیەکی پتەو و پۆڵایینەوە باسیان لە شەهیدبوونی کەسوکاریان و وێرانیی ماڵەکانیان و گرتن و لێدان و زیندانی و ئەشکەنجەی بنەماڵەکانیان لەلایەن کاربەدەستانی دەوڵەتەوە دەکرد. ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بێ لەبەرچاوگرتنی هیچ مافێکی ئینسانی، لە هەموو ڕێگەکانی سەرکوت کەلکی وەرگرتووە و ئەوەی لە توانایدا بووە بۆ بەچۆکداهێنانی ڕۆڵە بوێرەکانی ئەم گەلە، درێغی نەکردووە. چ ئیرادەیەکی بەهێزە کاتێک برا  لە دوای برا شەهیدەکەی یان لە دوای باوکی  دێتە مەیدان و ناهێڵێ چەکی دەستی برا و باوکە شەهیدەکەی بکەوێتە سەر زەوی و ئیزن نادا سەنگەری براکەی یان باوکی چۆڵ بێ. چ دڵهەژینە کاتێک ژنێک باسی هاوسەرە شەهیدەکەی دەکا یان کەسێک باسی باوکی شەهیدی دەکا و چلۆن نەفرەت لە شەڕ و شەڕخوازان دەکەن و لە حەسرەتی دیداری ئازیزانیاندا ئاوات بۆ باوەشێکی گەرمی باوکانە یان ڕستەیەکی ئاشقانەی هاوسەرە شەهیدەکانیان دەخوازن. بەشێک لەوان ژیانیان پرە لە تراژیدیا بەلام دڵیان پڕە لە پەیڤی خۆشەویستیی نیشتمان. بەشێکی دیکەی بەرنامەی "ساتێک لەگەڵ پارێزەرانی نیشتمان" ئەو تێکۆشەرانەی خەباتی نێو شار و گوند و بەندیخانەکان بوون کە لە ڕۆژە سەختەکانی خەباتدا بەگژ زۆڵم و زۆرداریدا دەچوونەوە و سەنگەری بەندیخانەیان بە خوێنی جەستەیان ڕەنگاندووە. ئەو ڕۆڵە ئازا و نەبەزانەی گەلی کورد عەیامێکە لەو سەنگەرەشدا دژمنیان بە چۆکدا هێناوە و بۆ سەربەرزیی گەلەکەیان بەشێکیان سەربەرزانە چوونە سەر دار و سەربەرزانە مردن. بەشێکیشیان بە ئیرادەی لەشکان‌نەهاتوویان چۆکیان بە ترس و نائومێدی داداوە و تا ئەمڕۆش لە سەنگەری بەرگریی لە گەلی کورددا بوێرانە سینگی خۆیان کردۆتە قەڵغانی گەل و وەفاداری ڕێگەی پیرۆزیی شەهیدانی سوورخەڵاتی گەلی کوردی مافخوراو و زوڵم‌لێکراون. ئەو هەموو کارەسات و ڕووداوە تاڵانەی کە لە ژیانی ئەو شۆڕشگێڕانەدا تۆمار کراون، هەر کامەیان بۆ خۆیان ڕۆمانێکن و پێویستە نەسڵی داهاتوو  بیکەنە ئەزموون و وانەی نەبەزین و خۆراگری و هیوا و ئاواتەکانی ئەوان بیننە دی و نەهێڵن ئەو ڕێبازە بێ ڕێبوار بمێنیتەوە. بێگومان هەست و شعووری کوردایەتی و نیشتمانپەروەری لەنێو لاوانی کورددا ڕۆژبەڕۆژ زیاتر پەرە دەسێنێ و ئەو سەنگەرە هەر ئاوەدان و ئەو تێکۆشەرانەش بە ئەمانەتەوە ئەم ڕێگەیە بە ڕێبوارانی خوێنگەرم و تۆڵەستێنی نیشتمانی کورد دەسپێرن. *** بەرنامەی “ساتێک لەگەڵ پارێزەرانی نیشتمان” دوای دیدار لەگەڵ ١٠٠ تێکۆشەری دێموکرات کۆتایی هات. بۆ درێژەدان بە بەرنامەکە ساغ بووینەوە کە لەمەودوا بە شێوەیەکی دیکە بە ناوی “ئۆگرانی ئازادی” درێژە بە بەرنامەکەمان بدەین. مەبەست ئەوەیە بتوانین لەگەڵ خەڵکێکی زۆرتر چاوپێکەوتنمان هەبێ و ڕەنگدانەوە و کاریگەرییەکانی ئەو خەباتە و تێکۆشانی ئەو خەباتگێڕانە لەسەر هەستی ئەوان لە زمان ئەو کەسانەوە بیسین کە لە لاوە شاهیدی ئەو قارەمانەتییە بوون یان تەنیا بەشیوەی زارەکی و لە ڕادیۆ و مێدیاوە بیستوویانە، یان وەک نەسڵێکی دیکە هاتوون ئەم ڕێگەیە درێژە پێ بدەن. دیارە هەر لەم بەرنامەیەدا جێگە بۆ ئەو تێکۆشەرانەی دەورانی خەباتی چەکداری هەر ماوە کە تا ئێستا نەمانتوانیوە دیداریان لەگەڵ پێک‌بێنین.