کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

"درەنگان"

15:51 - 16 سەرماوەز 2721

پێشی ڕووبار بگرن، دەبمە نەھەنگی سەرەڕۆ

تا ببەستن دەمی مانگ، بوومەتە دەنگی سەرەڕۆ

ئەو کچەی تورتە وتەی، کورتە نیگای تاریکی

باغچەیەک شێعرە لەلام ئەی کەلی شەنگی سەرەڕۆ

بوومە نەققاشیی چيا، وێنەیی کەوناراییم

بە قەرز داوەتە تابڵۆیێ بە ڕەنگی سەرەڕۆ

ھەڵکراوە لە تەلی ساز و بزەی شۆڕشدا

گڕی گۆرانییەکی کوردی بە چەنگی سەرەڕۆ

ھێند لە نێو سەنگەری سەوزا لەشی من ڕاکێشـرا

بوومەتە ساتێ لە خوێنێکی درەنگی سەرەڕۆ

دادەبارێ بە سەر ئەو دەشتی برینانەمدا

دەرفەتی ڕوونی ئەوینداری شەبەنگی سەرەڕۆ

ڕوو بە سێدارە لەمێژ ساڵە ئەتۆ حیلەت دێ

ئەی قەڵەم! سوێند بێ بە خۆت، بوویە تفەنگی سەرەڕۆ

لە منارەی ئەوی ئێوارەیە ھەر زایە‌ڵەیە

دەنگی خۆر، دەنگی بەیان، بوونەتە زەنگی سەرەڕۆ

‌کوا لە لێڵاوی ھەموو ڕستەیە من دادەکەوم

ھەر لە دەریایە دەژیم، بوومە نەھەنگی سەرەڕۆ