کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

Pkk.ir بە نیازی چارەسەریی كێشەكان نییه

17:22 - 7 جۆزەردان 2715

رەنگە هەندێ كەس پێیان سەیر بێ كە بۆچی وەها ناوێكم بۆ نووسینی ئەم بابەتە دیاری كردووە. رەنگە هەندێ كەسیش پێیان وابێ كە جۆرێك دەمارگرژیی زاڵە بەسەر نووسەری ئەم بابەتەدا و بە شێوەیەك لە شێوەكان بچێتە خانەی حیزبیگەرییەوە. بەڵام لە راستیدا دوو هۆكاری سەرەكیم هەن بۆ ناودێریكردنی ئەم بابەتە.

10951.jpg
فاتیح ساڵحی

یەكەم:
كۆمەڵێ بەڵگە و فاكتم لەبەر دەستدایە و هەروەها بۆ خۆشم لە نێوان ساڵەكانی ١٣٧٧ تا ١٣٧٩ی هەتاوی، بینەری هەندێ راستیی بووم لە پێوەندیی ئەوەیكە كۆماری ئیسلامیی ئێران راستەوخۆ پاڵپشتی لە پارتی كرێكارانی كوردستانی توركیە كردووە. بە تایبەت ئەو كاتەی كە عەبدوڵڵا رەمەزانزادە پارێزگاری پارێزگای سنە بوو. لەو كاتەدا بە راشكاوانە باسی پاڵپشتی كردن لە پێ.كا.كا لە ئارادا بوو. بەڵگەش بۆ سەلماندنی ئەم بابەتە دەركردنی مۆڵەت و ئیزنی خۆپیشاندان دژی دەوڵەتی توركیە لە كاتی دەستبەسەركردنی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان لە كنیا و هاوكاری هەمە لایەنەی كۆماری ئیسلامی لە باری لۆجستیكیی و كردنەوەی نووسینگەی نوێنەرایەتی پێ.كا.كا لە ورمێ و تاران بوو.

لەو كاتەدا جگە لەوەیكە سەركردەكانی پێ.كا.كا لە دەروازەی ئێرانەوە هاتووچۆی ئۆرووپایان دەكرد بەڵكوو بەناو هەڤاڵانی پێ.كا.كا بە ئازادانە لە شارەكانی كوردستان دەگەڕان و بانگەشەیان بۆ سیاسەت و دروشمە بریقەدارەكانی پێ.كا.كا دەكرد. هەڵبەت هێشتا لەو سەردەمەدا ناوێك لە پژاك لە ئارادا نەبوو. بەهەر شێوە ئەوە قۆناخێ بوو كە هەموو كەسێ بە ئاشكرا دەیزانی كە پێوەندییەكی گەرم‌وگوڕ لە نێوان پارتی كرێكارنی كوردستانی توركیە و كۆماری ئیسلامیی ئێران لە ئارادایە. هەڵبەت دەبێ لێرەشدا باسی ئەوە بكەین كە ئەم پێوەندییە لە ناوەڕۆكی خۆیدا هیچ كێشەیەكی نییە و دەتوانین بڵێن بە شێوەیەك لە شێوەكان پاساوهەڵگرە.

بەڵام كاتێ ئەم پێوەندییە بە شوێنێك دەگات كە خەسار بە خەبات و جووڵانەوەی پارچەیەكی كوردستان جگە لە جوگرافیای سیاسی پارتی كرێكارانی كوردستانی توركیە واتە خودی باكووری كوردستان دەگەیەنێ، ئەو كات دەتوانین رەخنە بگرین لە بنەماكانی ئەو پێوەندییە. یەكەم جار كاتێ رەخنە هاتەوە سەر پێوەندییەكانی نێوان پێ.كا.كا و كۆماری ئیسلامیی ئێران كە پاش رووداوەكانی رەشەمەی ١٣٧٧ی هەتاوی و كوشتن و بریندار كردن و زیندان و ئەشكەنجە كردنی بە دەیان كەس لە خەڵكی كوردستانی ئێران، بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجالان بكەرانی ئەو رووداوەی بە داردەستی ئیسراییل و ئامریكا شوبهاند و لە كۆماری ئیسلامی داوای لێبوردنی كرد. دوابەدوای ئەو رووداوە پێوەندییەكانی پێ.كا.كا و كۆماری ئیسلامی هەوراز و نشێوی زۆری بە خۆیەوە بینیوە بەڵام هیچ كات ئەم پێوەندییانە نەگەیشتنە ئاستێ كە بپسێن یان ئەوەندەش گەرموگوڕ بن كە لەلای بیروڕای گشتیی زۆر زەق بن.

تا رووداوەكەی بەدەستەودانی شاخی جاسووسان و رادەستكردنی بەشێك لە خاكی كوردستان بە جاش و پاسدارەكانی كۆماری ئیسلامی و هەروەها سەرهەڵدانی داعش و رووداوەكانی سووریە و هێرشی داعش بۆ سەر هەرێمی كوردستان و هاوپەیمانیی بێ ئەملا و ئەولای پارتی كرێكارانی كوردستانی توركیە و كۆماری ئیسلامیی ئێران و درێژەكێشانی ئەم رەوتە تا هێرش و پەلاماری هێزەكانی پێ.كا.كا بۆ سەر كادر و پێشمەرگەكانی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران لە چەن رۆژی رابردوودا. بەهەر شێوە ئەگەر كەسێك چووكەترین شەمی سیاسی هەبێت زۆر بە ئاسانی دەتوانێ ئاڵقەكانی زنجیری ئەم پێوەندییە بە جوانی بۆ خۆی دەستنیشان بكات.

دووهەم:
چەواشەكاری و بەڵاڕێدابردنی راستییەكان یەكێك لە ئامرازە سەرەكی و بەهێزەكانی دیكتاتۆرەكان و یەك لەوان كۆماری ئیسلامیی ئێرانە. وادیارە لەم بەشەشدا پارتی كرێكارانی كوردستان بە هەموو شێوەیەك كۆماری ئیسلامیی ئێرانی كردووە بەسەرباشقەی خۆی و بە نموونەهەڵگرتن لە كار و كردەوەكانی كۆماری ئیسلامی، دەستی داوەتە چەواشە كردن و بەڵاڕێدا بردنی بیروڕای گشتی كۆمەڵگای وشیاری كوردستان لە پێوەندیی لەگەڵ كێشە و ئاریشەكانی ئەم دوواییانەی ئەم رێكخراوە كۆمۆنیسیتی، سووسیالیسیتی، ناسیۆنالیسیتی، ئێنترناسیۆنالیسیتی، ماركسیست ئیسلامیستیی و ئاپۆییستی و كۆمەڵێ ئیسمی دیكە كە دەرخەری نەبوونی ستراتژییەكی روونی ئەم رێكخراوەن بۆ بەردەوامی لە كار و چالاكییە سیاسیەكانی خۆیدا.

بەڵام ئەوەیكە روون و ئاشكرایە پارتی كرێكارانی كوردستان بە هۆی نەبوونی ستراتژییەكی یەكە بۆ گەیشتن بە ئامانجەكانی و چەن دەنگبوونی رێبەرایەتی لە نێو ئەم رێكخراوەدا تووشی قەیرانێكی هەمە لایەنە بووە كە ناچار بووە بە هەموو شێوەیەك پاڵ بدات بە یەكێك لە هێزە هەرێمییەكانی ناوچەكە و بەداخەوە لە نێو ئەو هێزانەدا، ئەم رێكخراوە كۆماری ئیسلامیی ئێرانی هەڵبژاردووە و دەتوانین بە ئاشكرا بڵێین، پارتی كرێكاران جگە لەوەیكە بووەتە شاڕێیەكی تڕانزیتی بۆ گواستنەوەی چەكوچۆڵ و مادەهۆشبەرەكان بە دڵنیاییشەوە و بەداخەوە بووەتە كرێكاری ئامانج و بەرنامەكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران و بەدوور لە هەر چەشنە دەمارگرژییەك بووەتە داردەستی كۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ جێبەجێ كردنی بەرنامە و پلانەكانی ئەم رێژیمە لە بەشێك لە جوگرافیای رۆژهەڵاتی ناڤییندا. ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ قەیران لە رێبەریی و نەبوونی ستراتژییەكی یەكە بۆ گەیشتن بە ئامانجە ناڕوونەكانی ئەم رێكخراوە. بۆیە باسی ئامانجی ناڕوون دەكەم چونكوو ئێستاشی لەگەڵدا بێ روون نییە كە پارتی كرێكارانی كوردستانی توركیە چی دەوێ و لە داهاتووی هاوكێشەكانی رۆژهەڵاتی ناڤیین و بە تایبەت جوگرافیای كوردستاندا بە تەمای چییه.

لە راستیدا ئەگەر پارتی كرێكارانی كوردستان بە تەمایە كە باڵ بكێشێ بەسەر هەموو جوگرافیای كوردستاندا و وەك بەرنامە و پێڕەوەكەی ـ هەڵبەت ئەوییش زۆر گونگ و نامفهوومە ـ هەستێ بە یەكسانسازیی كۆمەڵگای كوردستان، بە تەئكید دەبێ بڵێین لەم پلانەیدا شكست دەخوات و هاوكێشە سیاسیەكان و پێشكەوتنەكانی دونیای ئەمڕۆ بە ئێمەی سەلماندووە كە داهاتووی جیهان شوێنێكی بەرتەسك و تەنگە بۆ سیستمە دیكتاتۆرییەكان. بۆیە بەداخەوە هێشتا پارتی كرێكارانی كوردستان لەم پێوەندییەشدا كۆماری ئیسلامیی ئێرانی كردووە بە سەرباشقەی خۆی و بە هەموو شێوەیەك لە هەوڵی ئەوەدایە كە پێكهاتە و سیاسەتەكانی ئەو رێژیمە دژەگەلییە لە ڕێكخراوە ناڕوونە و ترسهێنەرەكەی خۆیدا پەیڕەو بكات.

ئاكامی ئەم دوو هۆكارە:
هەر بە پێی ئەم دوو هۆیە وێناچێ كە پارتی كرێكارانی كوردستانی توركیە لە بیری چارەسەری كێشەكانی لەگەڵ حیزبی دێموكراتدا بێ و وادیارە بە دنەدانی ئێران و پاڵپشتیی كاربەدەستانی سەربازیی ئێران تا ئەو شوێنەی كە بۆی دەكرێ كۆسپ ساز بكات لە رێگەی دانووستاندا بە مەبەستی گەیشتن بە ئاشتی و وازهێنان لەو سنوورەی كە بەهیچ شێوەیەك پارتی كرێكارانی كوردستانی توركیە مافی ئەوەی نییە كە لە پاوانی خۆیدا رای بگرێ و ئیزن نەدات هیچ هێزێكی دیكە لەو سنوورانەوە جموجۆڵ بكات.

رەنگیشە بە خەیاڵی خۆی ئەوەندە زەختەكەی زۆر بكات كە هێزەكانی حیزبی دێموكرات و خودی حیزبی دێموكرات ناچار بە پاشەكشە بكات. بەڵام خافڵە لەوەیكە ئاراستەبەندی و ریزبەندی هێزەكان لە رۆژهەڵاتی ناڤیین و بە تایبەتی كوردستان گۆڕانی بنەڕەتی بەسەر هاتووە و ئەگەر پێ.كا.كا خۆی لەگەڵ ئەم گۆڕانكارییانەدا ئابدەیت و بەڕۆژ نەكاتەوە مەحكوومە بە لاواز بوون و تەریك كەوتنەوە.

بەڵگەش بۆ سەلماندی ئەم بابەتە بەڕێكردنی دووكەسە بۆ وتووێژ لەگەڵ حیزبدا بە چاوەدێریی حكووومەتی هەرێمی كوردستان كە هیچكامیان رۆڵ و دەورێكیان نییە لە بازنەی سیاسەتدانان و بڕیاردان لەم رێكخراوەدا، چونكوو یەكیان فوسیلێكی مەعلوومولحاڵی پەككەوتووە كە كەس حسێبی لەسەر ناكات و لە هیچ كۆڕ و كۆبوونەوەیك حسێبی بۆ ناكرێت و ئەوی دیكەشیان تەنیا گوتەبێژی هەندێ راسپاردەی دەسەڵات بەدەستانی سەرەوەیە، هەر بۆیە پێ.كا.كا ئەم دەرفەتەی زۆر ناسیاسیانە لەدەست دا و بە كردەوە سەلماندنی كە لەژێر ئامۆژگاری و هەڕەشەكانی كۆماری ئیسلامیی ئێراندا ئامادە نییە ئەم كێشەیە لە رێگەی ئاشتیخوازانەوە چارسەر بكرێت و دەیهەوێ لە ئەهرۆمی هێز و چەك لەم پێوەندییەدا كەڵك وەربگرێ، بێ ئاگا لەوەیكە حكوومەتە یەك لەدوای یەكەكانی پاشایەتی پەهلەویی و حكوومەتی دڕندەی ئاخووندی بە درێژایی حەفتا ساڵ نەیانتوانی بە چەك و چۆڵ و زەبر و زەنگ و تیرۆر، پاشەكشە بە جووڵانەوەی رەوای رۆژهەڵاتی كوردستان بكەن، ئێستا پێ.كا.كا بە بێ هیچ پشتیوانییەكی مەعنەویی لەلایەن خەڵكی كوردستانی ئێرانەوە چۆن دەیهەوێ پاشەكشە بە هێزێك بكات كە یەكەم هێزی مودێڕنی كوردی لە هەر چوارپارچەی كوردستان بووە.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە