کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەشداریی شاندێکی حیزبی دێموکرات - بلژیک لە سمینارێک سەبارەت بە دۆخی خەباتی کورد لە کوردستانی سووریە

20:15 - 28 رەشەمه 2713

کوردستان میدیا: بە بەشداریی شاندێکی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە بلژیک، سمینارێک سەبارەت بە هەڵسەنگاندنی دۆخی کورد لە کوردستانی سووریە و چارەنووسی خەباتی کورد لەم بەشەی کوردستان و دوایین گۆرانکارییەکان بەڕێوەچوو.


بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، سمینارەکە رۆژی یەکشەممە، ٢٦ی رەشەمەی ١٣٩٢ی هەتاوی، بە راگرتنی یەک خولەک بێدەنگی بۆ رێزگرن لە گیانی پاکی شەهیدانی هەڵەبجە دەستی پێکرد.
ئەم سمینارە کە لەلایەن پارتی دێموکراتی کورد لە سووریە رێکخرابوو، لە شاری ئانتورپێنی بلژیک بەڕێوەچوو.
لە سمینارەکەدا چەندین کەسایەتیی سیاسی لەسەر دوایین گۆڕانکارییەکانی شۆڕشی ئازادیخوازانە لە سووریە و بەتایبەت دۆخی کورد لە کوردستانی سووریە و چارەنووسی خەباتی کورد لەم بەشەی کوردستان قسەیان کرد.
لە سەر داوای بەڕێوەبەرانی سمینار، داوا کرا کە روانگە و هەڵسەنگاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەبارەت بە دۆخی کورد لە کوردستانی سووریە باس بکرێت.
لەم پێوەندیییەدا، \'\'هیوا میهەن خا\'\' بەرپرسی پێوەندییە کوردستانی و ئێرانییەکانی کۆمیتەی حیزبی دێموکرات لە بلژیک، دوایین هەڵسەنگاندن و لێکدانەوە سیاسییەکانی حیزبی دێموکرات سەبارەت بە دۆخی خەباتی کورد لە کوردستانی سووریە شی کردەوە.