کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەشداریی كۆمیتەی حیزبی دێمۆكرات لەبلژیك لە خۆپیشاندانی كوردەكانی سووریە

18:22 - 21 بانەمەڕ 2713

كوردستان میدیا: بەشێك لەئەندامانی كۆمیتەی حیزبی دێمۆكرات لەبلژیك بەشدارییان لە خۆپیشاندانی كوردەكانی كوردستانی سووریە لەبەردەم كۆمیسیۆنی مافی مرۆڤی یەكیەتیی ئورووپادا كرد.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی كوردستان میدیا، بە مەبەستی ناڕەزایەتی دەربڕین لەهەمبەر كوشتنی هاووڵاتیانی كورد لەكوردستانی سووریە و خەڵكی بێتاوان و هەروەها مەحكووم كردنی لێدوان و هەڵسوكەوتەكانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریە لەپێوەندیی پەراوێزخستنی كوردەكان و دان نەنان بە‌ماف و ئازادییەكانی گەلی كورد لەو پارچەی كوردستان، ٤هێزی سیاسیی كوردی سووریە لەبلژیك، خۆپیشاندانێكیان وەرێ‌خست.

خۆپێشاندانەكە لەبەردەم بنكەی سەرەكیی كۆمیسیۆنی مافی مرۆڤی یەكیەتیی ئورووپا لە شاری برۆكسێل پێك هات و ئەندامانی كۆمیتەی حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران لە بلژیك بەشدارییەكی بەرچاویان تێیدا هەبوو.
لەو خۆپێشاندانەدا پەیامی كۆمیتەی حیزبی دێمۆكرات لەلایەن هیوا میهەنخا، ئەندامی بەڕێوەبەری كۆمیتە و بەرپرسی پەیوەندییە كوردستانی و ئێرانییەكانی كۆمیتەوە پێشكەش كرا.

لە پەیامی كۆمیتەی حیزبی دێمۆكراتدا، كوشتنی خەڵكی مەدەنی لەسووریە بە توندی مەحكووم كرابوو و داوا لە دام و دەزگەكانی یەكیەتیی ئورووپا كرابوو كە بەرامبەر بەو سەركووت و دڕندەیی رێژیمی بەشار ئەسەد چی دیكە بێدەنگ نەبن.

4700.jpg