کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خامنەیی: لە ئامانجەکانمان نیزیک بووینەتەوە

16:26 - 2 سەرماوەز 2717

کوردستان میدیا: رێبەری ڕێژیم بەڵێنی داوە کە لە داهاتوویەکی نزیکدا هەموو ئامانجەکانی شۆڕش بەدی دێن.

عەلی خامنەیی، رۆژی چوارشەممە لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ بەشێک لە هێزەکانی بەسیج، بەڵێنی ئەوەی پێ داون کە بەزوویی و لە داهاتوویەکی نزیکدا هەموو ئامانج و ئاواتەکانی شۆڕشی ئیسلامی لە بوارەکانی ئابووری، کۆمەڵایەتی، زانستی، سیاسی و فەرهەنگی، بە دی دێن.

کۆماری ئیسلامی ئێران هەناردەکردنی شۆڕش بۆ دەرەوەی سنوورەکان، وەکوو سەرەکیترین ئامانجی خۆی دیاری کردووە و لەو پێوەندیەدا بە سەدان رێکخستنی لە وڵاتانی دیکەدا هەیە و چەندسەد میلیارد بوودجەی بۆ تەرخان کردووە.

دروست کردنی هیلالی شیعە لە ناوچەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و دەست پێڕاگەیشتن بە چەکی ناوکی دوو ئامانجی سەرەکی کۆماری ئیسلامین کە لەساڵانی ڕابردوودا هەوڵی بۆ داوە.

ئەو بەڵێنانە لە حاڵێکدان کە زۆربەی چاودێرانی سیاسی و زۆرێک لە بەرپرسانی خۆدی کۆماری ئیسلامیش پێیان وایە کە بەهۆی دوورکەوتنەوەی چینی باڵادەست لە کۆمەڵگا، زێدەبوونی هەژاری، گەندەڵی ئۆرگانیکی لە بوارەکانی ئابووری و ئیداری و هەڵکشانی نەخۆشیە کۆمەڵایەتییەکان، کۆماری ئیسلامی لە ئامانجەکانی شۆڕشی ٥٧ دوور کەوتووەتەوە.

هەروەها ئەم بەڵێنییانەی خامنەیی لە کاتێکدان کە لە بنەڕەتدا تەواویەتی کۆماری ئیسلامی لە زەینی تاکەکانی کۆمەلگەی ئێران و بەتایبەت لە نێو زۆرینەی نەتەوەکانی ئێران لەوانەش کورد، عەرەب و بەلوچەکان هیچ جێگە و پێگەیەکیان نەماوە.