کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دیداری نوێنەری حیزبی دێموکرات و ئەندام پارلمانێکی نوروێژی

15:47 - 31 جۆزەردان 2714

کوردستان میدیا: نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە نوروێژ لە پارلمانی ئەو وڵاتە لەگەڵ کریستیان نۆرهەیم کۆبووەوە.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، عەزیم ئەلیاسی بەرپرسی پێوەندییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی نوروێژ، رۆژی پێنجشەممە رێکەوتی ٢٩ی جۆزەردانی ١٣٩٣ی هەتاوی، لەگەڵ کریستیان نۆرهەیم ئەندام پارلمانی نوروێژ سەربە پارتی پێشکەوتنخواز دیداری پێکهێنا.

بارودۆخی ئێران بەگشتی و کوردستان بە تایبەتی، ئاڵۆزییەکانی ئەم دواییانەی عێراق و مەترسییەکان، هێنانە بەرباسی پرسی کورد لە پارلمانی نوروێژ، پێکهێنانی دیدارێک لەگەڵ کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ و پارلمانی نوروێژ، خۆپیشاندانی ١١ی ژوولای لە ستۆکهۆڵم و پێوەندییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و پارتی پێشکەوتنخوازی نوروێژ، کۆمەڵە بابەتێک بوون لەو دیدارەدا باسیان لەسەر کرا.

زیاتربوونی رێژەی ئیعدام و پێشلکارییەکانی مافی مرۆڤ دەرحەق بە نەتەوەکانی ئێران پاش هاتنە سەرکاری رۆحانی و زێدەتربوونی گوشار و زەبر و زەنگەکان بەشێکی دیکەی باسەکانی پێکهێنابوو.

کریستیان نۆرهەیم بەڵێنیی ئەوی دا کەلە پارلمانی نوروێژ لە کۆبوونەوەیەکی تایبەتدا لەگەڵ حکوومەتی وڵاتەکەی، پرسی کورد بورووژێنێت و دیدارێک بۆ کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ لەگەڵ کۆمیتەی کاروباری دەرەوە و بەرگریی پارلمان رێک بخات.