کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شاندێکی کومیتەی حیزب لە ئاڵمان بەشداریی لە گۆنگرەی ئورووپای پارتی سوسیالیستی کوردستان کرد

14:46 - 1 بەفرانبار 2715

کوردستان میدیا: لەسەر داوای پارتی سوسیالیستی کوردستان، کومیتەی ئاڵمانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەشداریی لە کۆنگرەی ئەو حیزبەدا کرد.

ڕۆژی یەکشەممە ٢٩ی سەرماوەزی ساڵی ١٣٩٤ی هەتاوی، پارتی سوسیالیستی کوردستان لە شاری برێمنی ئاڵمان کۆنگرەی ئورووپای خۆی بەست و شاندێکی کومیتەی ئاڵمانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، کە لە لایەن ئەو پارتەوە بانگهێشت کرابوو، بەسەرپەرستیی شەهریار نەقشبەندی بەرپرسی گشتیی کومیتە بەشداریی لە کۆنگرەی ئەو حیزبەدا کرد و بەو بۆنەوە وتارێکی پێشکەش کرد.

نەقشبەندی وێڕای گەیاندنی پەیامی کومیتەی حیزب بە بەشدارانی کۆنگرەکە، خەبات و تێکۆشانی پارتی سوسیالیست لە باکووری کوردستان و پێوەندیی ئەو پارتە لەگەڵ باقی پارتە خەباتکارەکانی هەرچوار پارچەی کوردستان و بەتایبەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی بەرز نرخاند.

بەرپرسی کومیتەی ئاڵمانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە درێژەی قسەکانی‏دا تیشکی خستە سەر پەروەردەی لاوان لە بوارەجۆراوجۆرەکان و درێژەدان بە خەباتی دێموکراسی‏خوازانەی ئەو پارتە و لەو بارەوە گوتی: ئەوە شتێکی حاشاهەڵنەگرە کە کۆڵەکەی مانەوە و سەرکەوتنی هەر حیزب و ڕێکخراوێک بە چۆنیەتی پەروەردەی لاوان لەو حیزبەدا پێوەندی هەیە، هەربۆیە پارتی سوسیالیستی کوردستان، پێویستە هەوڵی زیاتر بدات و بۆ ئەوەش کە بتوانێ لە ئامانجەکەی‏دا سەرکەوتنی زیاتر بەدەست بینێ، ئەوا پەرە بە خەباتی دێموکراسی‏خوازانەی خۆی بدات.

شایانی باسە بە بۆنەی کۆنگرەی ئورووپای پارتی سوسیالیستی کوردستانەوە، تاجە گوڵێک لە لایەن کومیتەی ئاڵمانی حیزبی دێموکراتەوە پیشکەش بە بەڕێوەبەرانی کۆنگرەکە کرا و بەشدار بووان بە چەپڵە ڕێزان، ڕێزیان لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران گرت.